ژیان لە ترافیکەکاندا

thumbs_b_c_c16aaf0295a7d8604e6798ec13a4ee10

لە شەقامەکانی سلێمانیدا رێژەیەکی زۆری ژنان و منداڵان دەبینرێن کە سواڵدەکەن. هەندێکیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، هەندێکیان لەژێر فشاردا ئەم کارە دەکەن، هەندێکیشیان بۆ مەبەستی لەشفرۆشی و بازارگەرمیان لە ترافیکەکاندا دەوەستن. ئەوانەی سواڵکردنییان کردۆتە پیشە بێدەرامەت، کەمئەندام، ئاوارە یاخود پیرن، ئەوانەشی کردویانەتە خوو کەسانێکن ئارەزووی سواڵکردن دەکەن و ئەگەر زیاتر لەو پارەیەشیان پێبدرێت کە بە سواڵ دەستیان دەکەوێت هێشتا دەست لە سواڵکردن هەڵناگرن، ئەوانەی کە لەژێر فشاردا سواڵدەکەن یان منداڵ و نەوجەوانانن یاخود ژنانی پیرن.

پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان قەیران و سواڵکردندا هەیە

ئابوریناس ئەیوب حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت: ”دەکرێت دیاردەی سواڵکردن دابەشبکرێت بەسەر دوو دەستە سواڵکەردا؛ دەستەی یەکەم ئەوانەی کە وەک “پیشە” مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکەن و بەشێوەیەکی ئارەزوکراو سواڵدەکەن، ئەمانە پاڵنەری سەرەکییان باردوخۆی داراییان نییە. دەستەی دووەمیش پاڵنەری سەرەکی “باردودۆخی ئابووری و دارایی” دەبێتە هاندەری سواڵکردن، بە واتایەکی دیکە، بارودۆخی ئابووری بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ پاڵنەری سەرەکی پرۆسەکەیە و پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان قەیران و سواڵکردندا هەیە.”

لەبارەی ڕێژەی سواڵکەرەکانیشەوە دەڵێت ”کاتێک قەیرانی دارایی یاخود ئابووری ڕوودەدات، کۆی ئاماژە ئابوورییەکان پێچەوانە دەبنەوە؛ ڕێژەی بێکار زیاد دەکات و پاشان چەند دیاردەیەکی مەترسیدار دەردەکەون وەک لەشفرۆشی و دزی و خۆکوشتن و سواڵکردن، بەڵام گەر بارودۆخی ئابووری گونجاوبێت ڕێژەی سواڵکردن کەمدەبێتەوە.”

هەروەها لەبارەی زۆری ژنانی سواڵکەرەوە گوتی ”پێم وابێت لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە زیاتر دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرامبەر، لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەیەوە”

ئەم منداڵەی لە باوەشمدایە، نازانم کێ باوکییەتی!

لە شەقامەکانی سلێمانیدا هەندێک لە ژنە سواڵکەرەکانمان دواند، وەڵامی جۆراوجۆر و دژیەکمان دەستکەوت، تەنها وەڵامێک کە سەرجەمیان لەسەری کۆک بوون، گێچەڵی سێکسی و تانە و تەشەربوون کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە.

لە ترافیکێکدا ژنە سواڵکەرێک وتی: “من کار بۆ ئەو پیاوە دەکەم کە لەو کۆڵانەی ئەوبەرەوە لە ناو تاکسییەکەیدا دانیشتووە. سەیری مەکە با نەزانێت کە لە بارەی ئەوەوە قسەت بۆ دەکەم، من کەسم نییە و شوێن و جێگەم نییە، بە ڕۆژ لەسەر جادەم و بەشەو دەچمەوە ماڵی ئەو پیاوە، لە بەرمبەردا ئەو پارەیەی ڕۆژانە بە سواڵکردن دەستم دەکەوێت دەیدەم بەو”

بۆ دواندنی ئەو شۆفێری تاکسییەکی کە ژنە سواڵکەرەکە ئاماژەی پێکردبوو بەرەو لای ڕۆیشتم، ئەویش سەیری دەکردم، وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بزانێت کە من بۆ دەچمە لای، نزیکتر بومەوە و سەیارەکەی داگیرساد، نزیکتر بومەوە و ڕۆیشت.

لە ترافیکێکیتردا: ”پیاوێک بردمی و هاوسەرگیریمان کرد بە پێی شەرع، پاشان لە ماڵێک لە سیتەک داینام و هەفتەی جارێک یان دوو جار دەهاتە لام، سێ مانگ بەو شێوەیە ژیام. ڕۆژێک هێنامییەوە بۆ شار و لەسەر یەکێک لە شەقامەکان دایبەزاندم و ئیتر هەرگیز نەمبینییەوە”

ژنێکی دیکە وتی: چەندین جار لەگەڵ پیاوان ڕۆیشتووم و پاش سێکس پارەکەیشیان نەداومەتێ.

ژنێکی دیکە لە ترافیکێکی دیکەدا وتی: ئەم منداڵەی لە باوەشمدایە، نازانم کێ باوکییەتی ! “مەبەستی لەوە بوو باوکی یەکێک بووە لەو کوڕانەی کە جارێک لە جارەکان لەگەڵیدا ڕۆیشتووە”

 

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس سواڵدەکەن

پاڵنەری ئابووری، لە سەرەکیترین پاڵنەرەکانی سواڵکردنە و هەموو سواڵکەرەکان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا بۆچی سواڵدەکەن، دەڵێن: لەبەر بێ پارەیی.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس سواڵدەکەن زۆرترین ڕێژەی سواڵکەر لە شاری هەولێرە و سلێمانی بە پلەی دووەم دێت

لە ٪٨٠ سواڵکەرەکان ئاوارە و بیانین

ئاوارە سورییەکان ڕێژەی ٪٦٥ سواڵکەرەکان پێکدەهێنن

ئاوارە عیراقییە عەرەبەکان بە پلەی دووەم دێن

قەرەج و دۆم و بێناسنامەکان ڕێژەی ٪١٠ سواڵکەرەکان پێکدەهێنن

سواڵکەری ناوخۆ کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن ٪١٠ پێکدەهێنن

٪١٥ سواڵکەرەکان، سواڵکردن بۆ کاری لەشفرۆشی و فێڵ و دزیکردن بەکاردەهێنن

ئەوانەی ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی دور و درێژیان لە شارەکاندا هەیە، ئەگەری کەوتنە سەر جادە و سواڵکردنیان کەمترە بە بەراورد بەوەی لە شوێنی دیکەوە هاتوون

توێژەری کۆمەڵایەتی شاسوار سدیق گوتی: سواڵکردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە هەموو کۆمەڵگەکانی دونیادا بوونی هەیە تەنها لە ڕووی شێواز و قەبارەوە جیاوازن، یەکێک لە هۆکارە گرنگ و دیارەکانی سواڵکردن هۆکاری لاوازی باری ئابوورییە، بەڵام ئەمە یەکێکە لە فاکتەرەکان، چونکە جۆری تری سواڵکردن هەیە هۆکارەکەی کەم دەرامەتی نییە، بەڵک و هۆکارەکەی “لەسەر ڕاهاتنی” ئەو کارەیە.

هەروەها گوتی ئەوانەی ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی دور و درێژیان لە شارەکاندا هەیە، ئەگەری کەوتنە سەر جادە و سواڵکردنیان کەمترە بە بەراورد بەوەی لە شوێنی دیکەوە هاتوون و خاوەن بڕوانامە نین و پێگەی کۆمەڵایەتییان بەلاوە گرنگ نییە، هەروەها خێزان وەک یەکەمین یەکەی کۆمەڵایەتی کە تاک تێیدا پەروەردە دەبێت ڕۆڵی گرنگی هەیە لە پێدانی پرەنسیپەکانی هەر تاکێک و پەروەدەکردنیان سواڵکردن دیاردەیەک نییە بە بتوانرێت بە تەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.

لە بارەی چارەسەری ئەم دیاردەیەوە وتی: “بۆ کۆتایی هێنان بە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە بە پرۆژە ئەنجام بدرێت و یاسا پاڵپشت بێت، پێویستە شوێنی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت و هۆکارەکان دیاری بکرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەم کارەش بە هاوکاری توێژەی کۆمەڵایەتی و دەروونناس و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت.

بەشێکیان بە ویستی خۆیان ھاتوون و ڕێگە چارەی تریان نیە و دەستگیرۆیی نەکراون بۆ کارکردن، بەشێکی تریان بە زۆر هێنراون و بەکاریش دەهێنرێن

شیرین تاھیر نوسەر و ستافی گۆڤاری تەوار لەبارەی هەمان پرسەوە بۆ چاوی خەڵک وتی: ھۆکاری زۆربوونی ژنانی سواڵکەر بەڕادەیەک کە ڕۆژانە زۆربەمان دەیانبینین لەسەر جادەکان و ترافیکەکان، بەر جۆرێک لە کۆژانەکانیان دەکەوین، ئەمانە کە بەناوی فرۆشتنی گوڵ و بنێشت تاد، یان بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبینرێن کە سواڵ دەکەن. دەتوانین بڵێین ئەم دیاردەیە پاشماوەی ئەو ھەڵچون و داچونە ئابوریەیە کە لە ھەرێم و عێراق ڕویان داوە بە گشتی لە ماوەی ڕابردوودا کە تێکڕا ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ناوچەکە گیرۆدەی بووە، باردۆخە کە بە شێوەیەک ناجێگیر بووە کە جۆرەھا دەرھاویشتەو ئاڵو گۆڕی خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا ھێنا.

هەروەها وتی بەشێکیان بە ویستی خۆیان ھاتوون و ڕێگە چارەی تریان نیە و دەستگیرۆیی نەکراون بۆ کارکردن، بەشێکی تریان بە زۆر هێنراون و بەکاریش دەهێنرێن. لێرەدا گرفتەکە ھاوبەند دەبێتەوە بە شکاندن و لێدان لەکەرامەتی ئەوژنانە ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وا پیشان دەدرێت خۆیان ئەو کارەیان ھەڵبژاردبێت دیسانەوە ئەمانە قوربانین. ڕێگە چارەکان لەسەرەتادا دەبێت بەربگیرێت لە گێچەڵی سێکسی جەستەیی و دەروونی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم ژنانە دەبێتەوە.

لە بارەی چارەسەری ئەم دیاردەیەوە وتی: “ڕێگەچارەکان خۆی لە ھەڵمەتێکی ھاوبەشدا دەبینێتەوە کە بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی حکومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەرکە ھۆشیاری و مەدەنیەکەشی کە بەشێکی گرنگە لەم کارە دا دەکرێ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان.

هەروەها وتی: “بۆ نمونە تۆڕی ھاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان ھەیە دەتوانن کۆڕاییەک دروست بکەن لە سەر ئەم خاڵە، چارەسەری ئەم دۆخە بە ڕێگەیەکی شارستانیانە بکەن و ئەو ژنانە و کۆمەڵگەش ڕزگار بکەن لە پەرتەوازەیی و سلوکی ڕاست و ناڕاست جیابکرێتەوە. واتە جۆرێک لە ڕیفۆرم بەسەر ئەو ژاوەژاو و کەرەستە ژەنگاوی و دوگماییانەی سیاسەتی ئەم کۆمەڵگەیەدا بکرێ کە ئابوری کردۆتە پاساو بۆ ھەموو ئەو سەرکۆنەکردنانە ، دەبێت ئیحساسێک بۆ ئەو ژنانە دروست بکەین کە خەونی کارکردنیان ھەبێت کارکردنێک کە کەرامەتی مرۆڤانەیان نەڕوشێنێ.”

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment