پڕۆژەیەکی پزیشکی؛ منداڵبوونی پێشوەختەو خودەچ کەمدەکاتەوە

1171277

ماوەی چەند ساڵێکە ژنان بۆ منداڵبوون شێوازی نەشتەرگەری هەڵدەبژێرن، ئەوەش پزیشکانی ئەو بوارەی تووشی نیگەڕانی کردووە، هەر بۆیە پزیشکان هەوڵی گەڕاندنەوەی منداڵبوون بەشێوازی سروشتی دەدەن.

دووساڵ پێش ئێستا چەند پزیشكێک لەهەوڵی ئەوەدان ژنان بە شێوازی سروشتی منداڵیان ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەنگاوێکی گرنگیان ناوە.

ئەگەر سەیری داتاکان بکەین لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی ڕێژەی منداڵبون بە نەشتەرگەری لەچاو شێوازی سروشتی ئەوەندە زیادی کردبوو لە ڕێژەی ئاسایی تێپەڕی بوو، لە کاتێکدا لە (نەخۆشخانەی حکومی منداڵ بوون) منداڵبوونی سروشتی بێ ئازار پەیڕەو دەکرا لە ڕێگەی بەکارهێنانی ماسکێک بۆ ژنانی دووگیان.

هەر بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکهات، د. ڕۆژگار لەگەڵ د. شلێر فایەق پڕۆژەیەکیان پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی کرد، کارەکان بەجوانی بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینی و وەزارەت ئەوانی دەستکراوەکرد لە سلێمانی چی جێبەجێ دەکرێت لە هەولێرو دهۆکیش بەهەمان شێوە بێت.

د. ڕۆژگارعەبدوڵڵا سەلیم،.بەرپرسی چاودێری دایکان، بە(چاوی خەڵک) ی وت” کاتێک ژنێکی دوگیان داوای نەشتەرگەری دەکات دەبێت هۆکاری پزیشکی هەبێت بەڵام دەبینین زۆرێک لە دایکان بێ هۆکار داوا دەکەن کە بە نەشتەرگەری منداڵەکەیان ببێت، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە کەم بکەینەوە کۆمەڵێک هەنگاوی باشنراوە و لیژنەیەکی ڕاوێژکاری دانراوە تاوەکو ڕێگری بکەن و هەوڵی کەمکردنەوەی منداڵبون بە نەشتەرگەری بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ڕێنماییەکانەوە دەبێت.”

“ئەو هەنگاوانەی پزیشکەکان ئەنجامیاندا کاریگەری هەبوو،یەکە بەیەکەی ئەو ژنانەی دووگیانبوون و داوای نەشتەرگەریان دەکرد قسەیان لەگەڵدا دەکرا و باسی سوودو زیانی نەشتەرگەریان بۆ دەکرا، هەروەها هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەش چییە و چی بکەن باشترە.” ڕۆژگار وای وت.

دەشنێ محەمەد لەتەمەنی ٢٠ ساڵیدا منداڵی یەکەمی بە نەشتەرگەری دەبێت هەرچەندە پزیشکەکەی زۆرهەوڵی لەگەڵداوە بە سروشتی منداڵی بێت.

دەشنێ وتی” بۆیە ئەم ڕێگەیەم هەڵبژارد بەلامەوە ڕێگەیەکی ئاسانتر بوو، چونکە هیچ ئەزمونێکم نەبوو ترسێکی زۆرم لە پڕۆسەکە هەبوو، بۆ منداڵی دووەم ویستم بە سروشتی منداڵم بێت بەڵام پزیشکەکەم پێی وتم منداڵی یەکەمت بە نەشتەرگەری بووە بۆیە ناتوانی بۆ ئەمە بە سروشتی بتبێت.”

سەبارەت بە ڕۆڵی پزیشکەکە بۆ ئەوەی دەشنێ منداڵی یەکەمی بەشێوازی سروشتی ببێت، پێی وتووە ئەگەر دەتەوێت لە نەخۆشخانەی ناحکومی منداڵەکەت ببێت من لەگەڵتدا دەبم و خۆم ئاگام لێت دەبێت تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگەی نەشتەرگەری نەگرێتەبەر ،بەڵام دەشنێ بەو پێشنیارە ڕازی نابێت.

هەمیشە لەنەخۆشخانە حکومییەکاندا لیژنە هەیە بۆ بڕیاردان بۆ منداڵبوون بۆ شێوازی نەشتەرگەری بەڵام لە ناحکومییەکاندا داواکاری زیاترە، بەو هۆکارەش ئەو لیژنەیەی پێکهات نوێنەری  نەخۆشخانە ئەهلییەکانیشی تێدابوو.”

هەرلەم بارەیەوە د. ڕۆژگار باس لە کاریگەرییەکانی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت “هەر لە یەکەم هەنگاو کە هەستمان پێکرد منداڵبونی پێشوەختە و داخڵ بوونی خودەچ بوو کەم بۆوە، کاتێک باسی ڕێنماییەکانمان بۆ دەکردن. زۆرینەی ئەوانەی داوای نەشتەرگەریان دەکرد بەهۆی بەروارەوە بوو کە ڕۆژێکی تایبەتی خۆیان بوو یان بۆنەکیان هەڵدەبژارد، ئەم هەنگاوەمان وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبوو، هەندێک لە ژنە دوگیانەکان هەبوو پەشیمان دەبوونە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری.”

لەناو ژنانی دوگیاندا هەمیشە ترس و دڵەراوکێیەک هەیە لە خزمەتگوزاری نەخۆشخانە حکومییەکان وڕەفتاری ئەو ستافەی سەرپەرشتی پڕۆسەی منداڵبونی سروشتی دەکات لەوەی کە توندن لەگەڵ ژنان و هەست بە نا ئارامی دەکەن لەو کاتە هەستیارەدا.

هێڤی ئەنوەر، دەڵێت” من بۆیە منداڵبونم بەشێوەی نەشتەرگەری هەڵبژارد چونکە لیژنەی پزیشکی پێیان ڕاگەیاندم وا پێوست دەکات و حاڵەتێکی نائاسایم هەیە،  پێشتر بڕیارمدا بوو بە سروشتی منداڵم ببێت، چونکە دەمویست ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرم کە زیانی نەبێت.” .

بەهۆی بڵاوبەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بارودۆخی نەخۆشخانەکان پڕۆژەکە لەئێستادا ڕاوەستاوە،بەڵام بەردەوامی دەبێت چونکە بەهۆی ئەم باردۆخەوە هاوڵاتیان زیاتر ڕویان کردە نەخۆشخانە ئەهلییەکان .

 

 

 

 

Leave a comment