وونبونی ڕۆڵ و ئەرکی پزیشک و کارمەندانی ژن لە کەرتی تەندروستیدا

20200423-Nurse-Diary-Lead-OG

ماوەی چەند مانگێک دەبێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهان و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بۆیە کەرتی تەندروستی بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەرەتای بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەکە و تا ئێستا و پزیشکان و کارمەندەکان زۆر بەدڵسۆزانە خزمەت دەکەن و ژیانیان خستۆتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەرک و ڕۆڵی ژنان لە کەرتی تەندروستیدا ونە، لە کاتێکدا چەندین ژن وەک پزیشک و پەرستار و کارمەندی بەشەکان لە نەخۆشخانەکاندا خزمەت دەکەن.

مێژووی کورد  پڕە لە چیرۆکی ئەو ژنانەی کە شانبەشانی پیاوان لە زۆر کایەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، بازرگانیدا ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان هەبووە، ئایا ئەمە تەنیا مێژووە؟ لە کەرتی تەندروستی زۆرێک لە ژنان دەبینین کە جێ دەستیان دیارە و خزمەت بەکۆمەڵگە دەکەن، بەڵام لەسەردەمی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە دەگمەن ژنانی پزیشک و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی دەبینین لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان  زانیاری و ڕینمایی بڵاو بکەنەوە.

” زۆرێک لە پزیشک و کارمەندی ژنانی لێهاتومان هەیە، دەرکەوتن و خزمەت دەکەن”

دکتۆر یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت ”ڕەگەزی مێ  لە پسپۆڕی هەناوی کەمتر کاردەکەن، بۆیە ئێستا بە پێی بارودۆخەکە کە تایبەتە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر دەردەکەون، بەڵام  پزیشکی پسپۆڕی ژنان یاخود سۆنەر یان هەر بەشێکی تری تەندروستی زۆرێک لە پزیشک و کارمەندی ژنانی لێهاتومان هەیە، دەرکەوتن و خزمەت دەکەن.”

هەروەها وتی”بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت تەنیا پسپۆڕی هەناوی لەم حاڵەتەدا بەشدارە بۆ نمونە کارمەندانی تاقیگە و بەشەکانی تر بەهەمان شێوەی پزیشکەکان هیلاک و ماندون، وە یەکەم تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆناش لە کارمەندەکان و پزیشکەکان ژن بوو، کە ئەوە دەگەیەنێت  ئەوانیش وەک پیاوەکان لەم کاتەدا لە ئەرک و خزمەتی نەخۆشەکاندان”

وەک دەزانین بەڕێوەبەر و جێگر و وتەبێژی گشتی تەندروستی سلێمانی هەمویان پیاون، بۆیە زیاتر  لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەیان بینین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی پزیشکە ژنەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیان یاخود هەر ڕێگەیەکی تر کەمتر دەبینرێت، بۆیە دەمەوێت لە زاری خۆیانەوە هۆکارەکەی بزانین.

”٢٨ ساڵە لە نەخۆشخانەکاردەکەم، تا ئێستا تەنیا حەزم لە خزمەت کردنی نەخۆشەکان بووە”

پەروین حەمە مەحمود حەسەن، سەرۆکی پەرستارانی نەخۆشخانەی هەناوی فێرکاری شەهید دکتۆر هێمن کە لە ئێستادا بووە بە نەخۆشخانەی کۆرۆنا ”ماوەی ٢٨ ساڵە لە نەخۆشخانە کاردەکەم، تا ئێستا تەنیا حەزم لە خزمەت کردنی نەخۆشەکان بووە، ماوەی ٨ ساڵیش دەبێت کە بووم بە سەرۆکی پەرستارەکان لەسەر داوای خۆم نەبووە، بەڵام کێشەم نەبوو چونکە هەر خزمەت کردنی نەخۆشەکانە کە تەنیا ئەوە ئاسودەم دەکات.

من حەز بەدەرکەوتن ناکەم. بۆیە ئەم پۆستەی ئێستاشم هەڵبژارد بۆ ئەوەی هاوکاری هاوڕێ پەرستارەکانم بکەم چونکە زۆر لە گرفتەکانیان تێدەگەم و هەندێک جار لەگەڵیان ئێشکگر دەبم.

”بەڕاستی ئەو ژنانەی لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن هەمویان  زۆر ماندون  چونکە  کارێکی قورسە و پیرۆزە

زەینەب سەعید لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ”ماوەی ١٦ ساڵە وەک پەرستار کاردەکەم و ئێستا  تیم لیدەری گروپێکم کە لە نۆ پەرستار پێک هاتووە، وەکو خۆم حەز ناکەم دەربکەوم، زۆر جار لەنەخۆشخانە  کەناڵەکانم  بینیوە هاتون بۆ لێدوان وەرگرتن  لە بەشەکان بەڵام نە ئەوان لە ئێمەیان پرسیوە و نە ئێمەش هیچ کات ویستومانە  قسە بکەین و دەربکەوین چونکە خۆمان حەزمان نەکردوە، بەڵام بەڕاستی ئەو ژنانەی لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن هەمویان  زۆر ماندون  چونکە  کارێکی قورسە و پیرۆزە ”

بۆ ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیمان بە کۆمەڵێک لە پزیشکانی ژنەوە کرد و کەسیان ئامادەنەبوون لەو بارەیەوە لێدوانمان بۆ بدەن. بەڵام لە گفتوگۆ لەگەڵ پەرستارەکاندا بەو ڕاستییە گەیشتین کە ئەوان جگە لەوەی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان خستۆتە مەترسییەوە هێشتا باکیان بە دەرکەوتن لە میدیاکانەوە نییە و کارەکەیان وەک خزمەتێک بە مرۆڤایەتی لێی دەڕوانن.

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment