کەمپەینێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ١٠ ساڵ زیندانی زارا محمەدی لەلایەن کۆبەندی ژنان دەتوانن-کوردستان ڕاگەیەندرا

photo_2020-08-20_14-41-15

رۆژی ٢٠/٨/٢٠٢٠ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەمنەسورەکە، کۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان یاداشتێکی نارەزایەتییان ئاراستەی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی هەرێمی کوردستان، کونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ، سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕای گشتی کرد بەمەبەستی ئازادکردنی ژنە چالاکوانی کورد زارا محەمەدی.

 

لە یاداشتەکەدا هاتبوو ” بەداخەوە هەواڵی دەستگیرکردنی ژنە چالاکوانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی نۆژین و مامۆستای زمان و فەرهەنگی کوردی بڵاوکرایەوە. دواتریش لەلایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.”

هەر لە یاداشتەکەدا ڕایانگەیاند کە سەرجەم ئەو کەسایەتییانەی ئەم یاداشتەیان واژۆ کردوەو سەنجی هەموو لایەکیش بۆ ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕادەکێشین:

  • بەزوترین کات ئەو بڕیارەی دادگا هەڵبوەشێتەوە و زارا موحەمەدی ئازاد بکرێت.
  • مافی قسەکردن و نوسین و فێربونی زمانی دایک یەکێکە لە مافە بیچینەییەکانی مرۆڤ، ئەم مافە بە ڕونی لە ماددەی ( ٢،١٩،٢٧،٣٠) پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا دانپاندراوە.”
  • کارەکانی زارا موحەمەدی و ئەنجومەنی نۆژین لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کاری فەرهەنگی و کۆمەڵآیەتیدا بووەو ئامانجی گەشەپێدانی زمانی دایک و چارەسەری گەلێک لە کێشەو گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

 

 

لەنیا جەمال ، ئەندامی کۆبەندی ژنان دەتوانن کوردستان  بۆ چاوی خەڵک وتی ” دوای ئەم پرێس کۆنفرانسە ئەوەیە کە مۆڵەت وەردەگرین بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان  و قونسوڵخانەی ئێران و قونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم یاداشتە ناڕەزایەتییە هەروەها واژۆی ئەو ڕێکخراو و کەسایەتییانە کە پاڵپشتی کەمپەینەیان کردوە بیگەیەنینە دەستیان.”

هەروەها وتی “لە  ئێستادا زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتی بە واژۆکانیان پاڵپشتیان بۆ ڕاگەیاندوین هەروەها نزیکەی ٣٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بە مۆر و واژۆی ڕێکخراوەکەیان پاڵپشتییان بۆ کەمپەینەکەمان ڕاگەیاندووە.”

 

 

ژیان جەلال، پارێزەر و ئەندام لە کۆبەندی ژنان دەتوانن-کوردستان ” ئامانجمان دروستکردنی فشارە و لە هەنگاوەکانی دواتریشماندا هەموو پاڵپشتییەکان لە یاداشتێکدا دەدەینە کونسوڵخانەی گشتی ئێران و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش تا لەڕێگەی کەناڵەکانی خۆیانەوە بتوانن لۆبییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم کەیسە دروست بکەن و بتوانن بە ڕێگەیەکی یاساییەوە کاری لەسەر بکەن چونکە ئەمە کەیسێکی یاساییە و بە پێی پەینامە نێودەوڵەتییەکان کە ئێران خۆی وڵاتێکی بەشدارە لەم پەیماننامەیەدا و بەکارهێنانی زمانی دایک و قسەکردن پێی و فێرکردنی مافێکی سەرەتای هەر تاکێکە.”

کۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان، پێکهاتووە لە ژمارەیەک ژنانی ناو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ژنانی ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ژنانی ئازاد و چالاکوان. کۆبەند کاردەکات بۆ بەدیهێنانی مافە مەدەنی و یاساییەکانی ژنان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment