نیسان میرزا کچێکی ئێزیدی خەڵکی قەزای شنگالە لە پارێزگای نەینەوا و تەمەنی 21 ساڵە، نزیکەی حەوت ساڵە لە کەمپی کەبەرتوو لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە. و وەک فۆتۆگرافەر کار دەکات.
لە 3ی تەباخی 2014، واتە پێش نزیکەی حەوت ساڵ ئێزیدییەکان ڕووبەڕووی تاوانی کۆمەڵکوژی بووە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، کە تێیدا بە هەزاران کەسی ئێزیدی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە لەکاتی هێرشیان دا بۆ سەر ناحیەی گرعزێر و قەزای شنگال رفێندران و لەهەمان هێرشەدا بە هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی لەسەر دەستی داعش کوژران. تەواوی نیشتەجێیەکانی تر ئاوارە و کۆچبەر بوون کە ژمارەیان زیاتر لە 350 هەزار کەس بوو.
نیسان بە ڕێگای ئەو کارەی دەوێت هەموو دەردەسەری و ناخۆشی ئێزیدییەکان دۆکیومێنت بکات.
رۆژانە نیسان بەرامبەر سەختییەکانی ژیان دەوەستێت، بۆ (چاوی خەڵک)ی دوا؛ “سەرباری ئەوەی کە خاوەنپێداویستی تایبەتم و کێشەی کورتی باڵام هەیە، بەڵام بەوە ڕازی نیم لەماڵەوە بمێنمەوەو ڕۆژانە لەگەڵ خۆرهەڵاتندا لە کەمپی کەبەرتوو و زۆربەی دەڤەرەکانی کە ئێزیدی نشینن دێم و دەچم بۆ ئەوەی هەموو شتێکی جوان و سەرنج ڕاکێش بە چاوی کامیراکەم بچرکێنم، و ئازار و دۆخی ناخۆشی ئاوارەکان پێشانبدەم.
زۆربەی وێنە فۆتۆگرافییەکانی نیسان دەربرینی ئەو ناخۆشی و ئێش و ئازارەی ئاوارە ئێزیدییەکانە کە نزیکەی حەوت ساڵە لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک تێیدا دەژین.
نیسان دەڵێت “بارودۆخی ناو کەمپەکان زۆر خراپە و بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست ئێش و ئازار دەکێشن. و ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکان و عەسکەری لە قەزای شنگاڵ و دەوروبەری وای کردووە کە نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
شەیدای نیسان بۆ سروشت زۆرە کە وای لێ کردووە بەگەشی بڕوانێتە ژیان و هیوای زۆری لە ژیاندا هەبێت.
لەبەرئەوەی نیسان خاوەن پێداویستی تایبەتە، زۆرجار توشی بێزارکردن و قسەی نەشیاو دەبێتەوە، بەڵام زۆر بە مەزنانە و سوربون لە ئامانجەکانی ڕووبەروی ئەو هەڵوێستانە دەبێتەوە.
“هەرچەندە ڕۆژانە ڕووبەڕووی قسەی ناشرین و ناشیاو دەبم، لە دەستپێکی کاریشمدا قۆناغێکی زەحمەتم بڕی کە زۆر ماندووی ئەکردم لەکار و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا چونکە لەچاوی کۆمەڵگادا دەڵێن کەمئەندام تایبەت کورتە باڵا ناتوانێ ئیش بکات. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناخۆشیە من بەردەوامم لەسەر کاری خۆم و ڕۆژانە هێزی زیاتر بۆم دروست دەکەم و چەند زەحمەت بێت بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی ئیشی خۆی بکەم، چونکە نابێت قسەی خەڵک هەژمار بکەین.” نیسان وا دەڵێت.
باوکی نیسان پاڵپشتی بەهێز و گەورە بووە بووە لە بەدیهێنانی خەون و ئارەزووەکانی.
نیسان دەڵێت؛” هەمیشە باوکم گەورەترین و بەهێزترین پاڵپشتم بووە و کاتێک کامیرایەکی بۆ کڕیم و زۆر بەوە کەیف خۆش بووم چونکە هەر لە منداڵییەوە ئەمە خەونەکەم بووە کامێرایەکی خۆمم هەبێت و کاری فۆتۆگرافی بکەم.”
نیسان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کردۆتە ڕێگەیەک بۆ بڵاو کردنەوەی وێنەکانی و پیشاندانی ئەو شتانەی لەناو کەمپەکەیدا ڕوودەدات. و خۆپێگەیاندنی نیسان لە بواری فۆتۆگرافی گەیاندییە ئەوەی بتوانێت خەونەکەی بەدیبهێنێت و پێشانگایەکی تایبەت بەخۆی بۆ وێنەی فۆتۆگرافی بکاتەوە.
لەئێستادا نیسان خاوەنی نووسینگەی تایبەتی خۆیەتی لە کەمپی کەبەرتوو بۆ کاری وێنەگرتنی ئاهەنگ و بۆنەکان و ئەم کارە هاوکارە بۆ ئەوەی بژێوی ژیان بۆ خێزانی خۆی پەیدا بکات.
نیسان سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە هاوکاری و پشتیوانی بوون.
چاوی خەڵک / تایبەت
.