پرۆژەی تۆمارکردنی شوێنە کۆنەکانی سلێمانی لای سارا

181334223_322549879393519_568778197489692404_n

سارا نامۆ ماوەی ساڵێکە لە ڕێگەی لێنزی کامێراکەی و لەناو پڕۆژەیەکدا، گەڕەک و ماڵە کۆنەکانی سلێمانی کە مۆرکی شارەکەی پێوە دیارە و بەرەو نەمان دەڕوات تۆماریان دەکات.

سارا نامۆ دانیشتوی سلێمانییە و ١٦ ساڵە خەریکی کاری فۆتۆگرافییە، دەربارەی بیرۆکەی پرۆژەکەی بە (چاوی خەڵک)ی وت:” زۆربەی کات کە دەهاتمە ناو شار و کۆڵانەکانی سلێمانی و پێیدا تێپەڕ دەبوم، دەمبینی زۆربەی زۆری ئەو کۆڵان و ماڵانەی کە مۆرکی سلێمانی پێوە دیار بوو بەرەو لە ناوچون دەچێت و زۆربەیان کراون بەگەراج یاخود بەشێوەیەکی ناشرین تازە کراونەتەوە جوانی شارو خانووە کۆنەکانی پێوە دیار نەماوە. هەر لەمەوە بیرۆکەی تۆمارکردنی شوێنە کۆنەکانی سلێمانیم لا گەڵەڵە بوو.”

گەڕەکی مەڵکەندی- حاجی حان مێژووی ئەم خانووە ئەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵەکانی 1900 ئەم خانووە خانووی ( شەلەمۆی جوو) بووە (حاجی علی امین زەرەنگەر ) لێی کڕیوەتەوە پاشان (عوسمانی حەمەنایەری حەکیم ) لە حاجی علی کڕیوەتەوە تەنیشت ماڵی خۆیانە لە مەڵکەندی حاجی حان

ئەو تەنها خانوە کۆنەکان تۆمار ناکات، بەڵکو دەچێتە ناو یادەوەری بەشێک لە کەسایەتییەکانی شار، بەتایبەت ئەو کەسایەتیانەی کە ڕۆژانێک خزمەتیان بە فەرهەنگ و کلتورو ژێرخانی شارستانی سلێمانی کردووە.

” لەپێشدا لەگەڕەکە کۆنەکانەوە دەستم پێکرد، ئێستا لەناوقوڵایی ماڵەکاندا بەردەوامم و تۆماریان دەکەم. لەئێستادا بەپێی توانام لەناو سلێمانیەوە دەستم پێکردووە کە گەڕەکەکانی شێخان و مەڵکەندی و سابونکەران و قەزازەکانم تۆمار کردووە و ڕەنگە پڕۆژەکە دەوروبەرو شارەکانی دیکە لەخۆ بگرێت. هەروەها لەکاتی تۆمار کردنی گەڕەکەکان هەوڵمداوە کەسایەتیە دیارەکان کە لەو ناوچەیەدا ژیاون  ئەوانیش تۆمار بکەم جا لەهەر بواری (ئەدەبی، سیاسی و خێرخوازی)دا بوبێت گرنگ ئەوەیە کەسایەتیەکی ناوداری سلێمانی بوبێت و لەو سەردەمەدا کاری خۆی کردبێت.”سارا وای وت

ئەم خانووە دەکەوێتە قاوەخانەی سەرچیمەن. لەناوگەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی. ڕووبەری ئەم خانووە نزیکەی هەزارمەتر چوارگۆشەئەبێت، کاتی دروستکردنی ئەم خانووە دەگەڕێتەوە بۆدوای جەنگی جیهانی یەکەم واتە دوای ساڵی( 1918)م .

تۆمارکردنی گەڕەک و خانووە کۆنەکان لای سارا تەنها بە وێنە نییە، بەڵکۆ لەگەڵ هەر وێنەیەکدا زانیاری وورد لە بارەی مێژوو ،قەبارە و شێوازی دروستکردنیان دەخاتەڕوو.

ساڵانێکی زۆرە سارا بۆ تۆمارکردنی سەرجەم بیرۆکەو کارەکانی، کامێراکەی کردۆتە هاوڕێی هەمیشەیی خۆی و تا ئێستا خاوەنی چەندین پڕۆژەی هونەرییە و زیاتر کار لەسەر پیشاندانی سروشتی کوردستان و کلتوری نەتەوایەتی کورد دەکات.

سەبارەت بەو ئەرکەی وەک فۆتۆگرافەرێک هەیەتی سارا دەڵێت” وەک فۆتۆگرافەرێک کە لەم شارەدا دەژیم هەستم بەو ئەرکەی خۆم کردووە لە چاوی لێنزەکەمەوە ئەرشیفێکی جوان بۆ شارەکەم تۆمار بکەم، ئەویش بە هەڵبژاردنی ئەو پڕۆژەیە و ئەوەی لە توانامدا بێت بتوانم گەڕەک بە گەڕەک و کۆڵان بە کۆلان بگەڕێم بۆ ئەرشیف کردنی ئەو خانوانەی  وردە وردە بەرەو لەناوچون دەچێت.”

گەڕەکی سەرشەقام – شیوی قازی. ئێرە ئەو ماڵەیە کە کەسایەتی سیاسی دیاری کوردستان بەڕێز(نەوشیروان مصطفی) ی جێگری بەڕێز سەرۆک مام جلال تاڵەبانی پاشان سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان تیایدا لەدایک بووە وتیایدا گەورە بووە.

سارا نامۆ

دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەساڵی ٢٠٠٥وەك خولیایەك كاری فۆتۆگرافی دەكات.

خاوەنی پێشانگای تایبەتی خۆیەتی لەساڵی ٢٠١٧ كەبە ٣٠ فۆتۆی سروشت بەناوی (رەنگەكانی من) بەشداری كردووە.

لەساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ شاعیر (قوبادی جەلیزادە) پێشانگایەكی هاوبەشیان پێكهێنا بە ٣٠ دەقی حاكم قوبادو ٣٠  فۆتۆی سروشت بەناوی (ئاوێزانی وشەو ڕەنگ) وەك ئەزمونێكی تازە.

بەشداری لەچەند پێشانگایەكی هاوبەشی كردووە دواپڕۆژەشی ئەرشیفكردنی گەڕەكەكۆنەكانی شارە كە لە ئێستادا كاری بۆئەكات.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment