پەردەی کچێنی وەک هۆکارێک بۆ شێواندنی ژیانی کچانی گەنج

181255567_474583043750025_8579642505703176956_n

سۆلاڤ، ناوی خوازراوی کچێکە کە پەردەی کچێنی لەدەستداوە و لەترسی کوژرانی خۆی و ئەو کوڕەی پەیوەندی لەگەڵدا هەبوو  پەنای بردۆتە بەر دوورینەوەی پەردەی کچێنی لەلای مامانێک، بە (چاوی خەڵک)ی وت” لەترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژیام هەر کوڕێک دەهاتە خوازبێنیم بەدڵیشم بوایە ڕەتم دەکردەوە لەبەر ئەوەی پەردەی کچێنیم لەدەست دابوو وە هەمیشە له ئازارو دڵەڕاوکێدا دەژیام. ڕووخابووم، وابیرم دەکردەوە ئیتر من لە کۆمەڵگەدا کەسێکی تاوانبارم و ناتوانم دروست ببمەوە چونکە کلتورو کۆمەڵگەکەم بەهەڵە شتەکان وەردەگرن.”

تارا عەزیز، ٣٢ ساڵە و بەهۆی لەدەستدانی پەردەی کچێنییەوە هێشتا نەیتوانیوە هاوسەرگیری بکات، بە ماڵپەڕی ئاژانسی وتوە ”ڕۆژێک ئەو کوڕەی خۆشمدەویست بردمییە شوقەکەی و دەستدرێژی کردە سەرم، دواتر هەرەشەی ئەوەی لێدەکردم ئەگەر زوو زوو لەگەڵی سێکس نەکەم، ئەوا ئابڕووم دەبات لای خێزانەکەم، بۆیە تاکو ئێستاش بەو ئازارەوە دەژیم و نازانم چی بکەم.”

ئیفان ئەلدەرناجی، پێناسەی زانستیانەی پەردەی کچێنی بەمجۆرە دەکات و دەڵێت” پەردەیەکی تەنکە لەناو زێدا بەقوڵایی چەند سانتیمەترێک، دوای خستنەناو لێکدەکرێتەوە و دەدڕێت، ئەگەر لە رێگای چالاکیی سێکسی بێت یان شتێکی تر.”

پێناسەی زانستیی پەردەی کچێنی تەواو جیاوازە لەو پێناسە کۆمەڵایەتییەی لەناو خەڵکدا باوە، ئیفان بەمجۆرە پێناسە کۆمەڵایەتییەکە دادەڕێژێت ” پێوەرێکی ئابڕوە دەربارەی بناغەی پاکی و پاکیزەیی کچ لە رووی نەبوونی چالاکی سێکسییەوە پێش شووکردن لەکۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکاندا.”

پەردەی کچێنی بازنەیەکی ناسکە، کە لە بازنەیەکی نیو سانتیمەتر بۆ یەک و نیو بۆ دوو سانتیمی پێکدێت، ھەموو یان کەمێک لە بەشی ژوورەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە دادەپۆشێت. ئەم پەردەیە جۆری جیاوازی هەیە و لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە دەگۆڕێت.

نگین جەعفەر پزیشکی ژنان، لە بارەی کلتووری پەردەی کچێنییەوە وتی ”ئەو پەردەیە بازنەیەکە دەکشێت و دەچێتەوە شوێنی خۆی، کچ هەیە خوێنی هەیە کچ هەیە خوێنی نییە، بەڵام ئێمە دێین و لەسەر نەبینینی ئەو خوێنە کچەکانمان دەکوژین. بەڕاستی ئێمە لەناو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا دەژین، تێیدا ژن مافی نییە.”

نگین جۆرەکانی پەردەی کچێنی بەمجۆرە ڕوندەکاتەوە ” پەردەی کچێنی ٤ جۆری جیاوازی هەیە، یەکەمیان،  پەردەیەکی تەسکە، ڕەنگە خوێنێکی کەمی هەبێت. دووەمیان وەک بێژەن وایە و لە کونی بچوک بچوک پێکهاتووە، ئەم ژنە ڕەنگە خوێنی هەبێت. سێیەمیان هەر پەتێکی ناسکە، زۆربەی کچ پەردەکەیان بەم شێوەیەیە کە خوێنێکی زۆری نییە ڕەنگە تەڕاییەکی کاڵی قاوەیی هەبێت یان ڕانگە ئەسڵەن خوێنییان نەبێت، نەبونیی خوێنیش ئەوە ناگرێتەوە کە لەگەڵ زۆر پیاودا نووستبێت بەڵکو پەردەکەی بەوشێوەیە دروستبووە، چوارەمیان دەگمەنە، لە دە هەزار ژندا یەکێکیان ئەم جۆرە پەردەیەی هەیە. ئەمەیان عادە نابێت چونکە دەرچەیەکی نییە و خوێنەکە گیردەخوات، ئەم کچانە دێنە لامان و ئێمە خۆمان بە نەشتەرگەری پەردەکەیان بۆ دەتەقێنین و  بۆیان دەکەینەوە.”

ئەحمەدی قامیشی، مامۆستایەکی ئاینییە و بە هەمان شێوەی دکتۆر نگین هاوڕایی خۆی سەبارەت بە نەبونی خوێن لە شەوی یەکەمی هاوسەرگیریدا دەربڕی و وتی ”پیاوان دەبێ بزانن پەردە کچێنی چەند جۆرێکی هەیە؛ یەکێک لەو جۆرانە مەتاتییە واتا کشاو، ئەم جۆرە پەردەیە لەکاتی جوتبوندا لاناچێت و خوێن نابینرێت، بەڵکو پەردەکە وەک پلاستیک دەکشێت، تەنیا لەکاتی منداڵبووندا لادەچێت.

لەسەر بە گیروگرفتبونی پەردەی کچێنی بۆ چاوی خەڵک وتی” چونکە خەڵک ئاگاییان نییە، دەبینین زۆرجار لە یەکەمین شەوی زاواییدا هەموو خەمی پیاوان بریتییە لەوەی کە چۆن ئەو پەردەیە لابەرن. چونکە شارەزاییشی نییە، هەر کە خوێنی نەبینی دەبێتە کێشە و گرفت بۆ ئافرەتەکە دروستدەبێت، بۆیە پێویستە پیاوان زانیارییان هەبێت ، چونکە تێنەگەیشتن لێی خێزانی تووشی گیروگرفت کردووە.”

هەروەها ئەحمەد داوایکرد و وتی ” پێویستە ڕۆشنبیری سێکسی بە ڕەچاوکردنی ئادابەکان لەناو خەڵکدا لەلایەن کەسی پسپۆڕ و شارەزاوە بڵاوبکرێتەوە.  پێویستە مامۆستای ئایینی لەو خولەدا ئامادەبێت کە سەبارەت بە زانیاری سێکسیی ژیانی ژن و مێردایەتییە هەروەکچۆن پسپۆڕی یاسایی و کۆمەڵایەتی ئامادە دەبێت، چونکە ئێمە خەڵکەکەمان موسوڵمانە و وتەکانی مامۆستا ئاینییەکان بۆ ئەوان گرنگە.”

نگین بۆ چەندین ساڵە ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردۆتەوە و ڕۆژانە نزیکەی چوار کاتژمێر بە تایبەتی لەگەڵ کەیسەکانیدا قسە دەکات، لەمبارەیەوە وتی “کچ هەبووە ماوەی چەندین مانگ نامەی بۆ نووسیوم کە لەسەر پەردەی کچێنی کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروستبووە. دوو یان سێ مانگ دواتر کە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی فڕێدراوم  لە جادە و شاخەکانی کوردستاندا بیستووە، لەخۆم پرسیوە ئایا ئەم کچە هەمان ئەو کچەبوو کە نامەی بۆ من دەنووسی؟ ئەو کچە بوو کە دەترسا بیکوژن؟ قەت قەت ناتوانم ئەو وەڵامە وەربگرم.”

وەک چارەسەرێک نگین پێشنیار دەکات و دەڵێت ” دەبێت بۆ ساتێک بوەستین و بێین بزانین چی روودەددات لە کۆمەڵگەکەماندا، چی ڕوودەدات لەژیانی کورەکەی مندا، لەژیانی کچەکەی تۆدا، بۆ کچەکەم ناوێرێت پێمبڵێت کە سێکس دەکات؟”

نگین لەبارەی مەترسی ئەو فشارە زۆرەی سەر پەردەی کچێنی  وتی”ڕۆژانە بیست بۆ پەنجا نامەم بۆدێت کە کچ باسی ئەوە دەکات چۆن لەترسی پەردەی کچێنی، لە کۆمەوە سێکس دەکەن. بەوڕێگەیەش چەندین جۆری نەخۆشی ڕووبەڕووی کۆمیان بۆتەوە.”

نگین وتیشی”من بەراستی بەلامەوە گرنگ نییە کچەکەم کە شوودەکات، کچ بێت یان نا، تەنیا ئەوە گرنگە بەلامەوە کە یەکەمین سەرجێی دەیکات لەگەڵ کوڕێکا بێت کە زۆر ڕێزی بگرێت، ئەخلاقی کچەکەم پەردەی کچێنی نییە، ئەخلاقی کچەکەم ڕەوشتی ڕۆژانەیەتی. درۆم لەگەڵ نەکات، لەگەڵ هاوڕێکانیدا دوڕوو نەبێت، دەستپیس نەبێت، میهرەبان بێت ئەمە ئەخلاقە بەلای منەوە، نەک ئەوەی کە پەردەی کچێنی هەیە یان نا.”

هەروەها نگین باسیشی لەوە کرد کە بەشێکی زۆری هۆکاری سێکسکردن لەگەڵ کەسی هەڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی و وتی ”نمونەمان هەیە کچی ئەجنەبی دێت  بۆلام ٢٢ ساڵە بە هەڵبژاردەی خۆی سێکسی نەکردووە، دەڵێت دەمەوێت لەگەڵ کەسێکدا بیکەم کە خۆشمبوێت. کچیش هاتۆتە لام کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بووە، تەمەنی ١٦ ساڵ بووە هەموو کۆمی بووە بە برین چونکە پەروەردەی ماڵێکە کە ئازادی پێنەدراوە، کە دوو دەقە ئازاد دەبێت دنیایەک هەڵپەی کاری خراپ دەکات.”

سورێن عەبدوڵا، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ  بۆ (چاوی خەڵک) وتی ” پەردەی کچێنی ئەگەر لە دیدی کۆمەڵناسییەوە سەیری بکەیت بابەتێکی تەواو کۆمەڵایەتییە و بە کۆمەڵایەتی کراوە و لە بابەتی بایۆلۆژی دەردەچێت، هەروەها وابەستەی ڕەگەزی مێ کراوە. کچێک پەردەی کچێنی هەبێت گرنگە و کچێک نەیبێت نیشانەی پرسیاری لەسەرە.”

لەبارەی قورسی ئەم پێوەرە کۆمەڵایەتییە لەسەر کچان، سورێن وتی” لەسەر بنەمای پیاوسالاری زۆر فۆڕمی کۆمەڵایەتی دروستبووە کە هەمیشە لە بەرژەوەندی پیاوبووە، بۆیە ئەگەر تێبینی بکرێت ئەگەر  سێکس لەچوارچێوەی یاسایی و شەرعی دەرچێت و لادان بێت ئەوە بۆ ڕەگەزی مێ دووجار لادانە. ئەگەر پیاوێک لە کۆمەڵگەدا ئەو لادانە بکات، هیچ نیشآنیەکی لەسەر دانەندراوە کە بڵێت پێیدا تێپەڕیوە، بە پێچەوانەی ڕەگەزی مێوە.”

چارەسەری تێڕوانینی کۆمەڵگە لەسەر پەردەی کچێنی بەبڕوای سورێن ئیشکردنە لەسەر بابەتی سێکسۆلۆژی بەشێوەیەکی بەرفراوان و وتی ”پێویستە دنیابینی مرۆڤ فراوانتر بکرێت و شەرەف نەبەسترێتەوە بە پەردەی کچێنییەوە، ئەمەش لەڕێگەی هۆشیارکردنەوە و سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەوە.”

لە کۆتاییدا سۆلاڤ لە وەڵامی ئەوەی پەردەی کچێنی چەندە فشاری خستۆتە سەر ژیانی کچان بۆ (چاوی خەڵک) وتی ”بیرم دەکردەوە کە کۆتایی بەژیانم بهێنم.”

 

Leave a comment