ڕۆژگار عومەر؛ نەبونی هەلی کار لە کەرتی حکومی و تایبەت هۆکاربوو بۆ دانانی کاری تایبەتی خۆم

IMG_20200816_141900_690

نەبوونی هەلی کار لە کەرتی حکومەت و دەستنەکەوتنی کار لە کەرتی تایبەتیش، هۆکارێک دەبێت بۆ ڕۆژگار عومەر تا ببێتە خاوەن کاری تایبەت بە خۆی.

رۆژگار عومەر تەمەنی ٢٢ ساڵە و دەرچوی بەشی کارگێڕی ئەلکترۆنییە، ماوەی ساڵێک دەبێت خوێندنی تەواو کردووە،ماوەی هەفتەیەکە دوکانێکی بچوکی بەهاراتی داناوە و بۆتە خاوەن کاری تایبەتی خۆی.

رۆژگار، خاوەنی دوکانی بەهاراتی رۆژە بۆ چاوی خەڵک دوا “دوای تەواوکردنی خوێندن و مانەوەم لە ماڵەوە  وای لێکردم یەکەم هەنگاو بنێم و دوکانێکی بچوکی بەهارات دابنێم و ڕێگەیەکی داهاتی تایبەت بە خۆم بدۆزمەوە.”

 

 

 

 

هەروەها وتی “ماوەی هەفتەیەک دەبێت دەستم بەم کارە کردوە،هەوڵ دەدەم کاری زیاترو شتی تازە بهێنمە ناو پڕۆژەکەمەوە،چونکە ئێستە سەرەتای کارکردنمە و دوکانەکەم زۆر گەورە نییە بەڵام دەمەوێت ئەم ئیشە گەورەتر بکەم تا هەلی کارکرن بۆ ژنانی تر دابین بکەم لەم بوارەدا.”

دەربارەی هەڵبژاردنی دانانی دوکانی بەهارات، رۆژگار دەڵێت ” ڕێچکەی گرتنە بەری ئەم پیشەیەم لە خێزانەکەمەوە بۆ ماوەتەوە، بەشێوەیەک لە پێش من لەخێزانەکەمدا کەسانێک هەبوو  کاری بەهاراتیان دەکرد، بەڵام من یەکەم ژنی ناو خێزانەکەمم و ژنی کوردم کە پیشەیەکی جیاواز هەڵبژێرم و کاری فرۆشتنی بەهارات بکەم.”

“هەرچەندە ماوەیەکی زۆر کەمە دەستم بەم کارە کردوە، خۆشبەختانە کاردانەوەی خەڵک زۆر باش بووە وسەردانیان کردووم کاتێک کریارەکان دێن ئاسودەن کە لای ژنێک بەهاراتەکان دەکرن چونکە لە بواری دروست کردنی خواردن و گۆڕینەوەی ئەزمون تا تام و بۆنی خواردنەکانیان خۆشتر بێت ژن زیاتر لە ژن تێدەگات. هەروەها لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەست خۆشی زۆرم لێکراوە، ئەمەش دەستپێکێکی باش بوو بۆمن وای لێکردم کارەکەمم زیاتر خۆش بوێت وبەرەو پێشی ببەم.” رۆژگار وتی.

سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی بەراتەکان، خاوەنی دوکانی بەهاراتی رۆژە دەڵێت ” بەهاراتەکان لەگەڵ کەسی ئەزموندار دروست دەکەین، لە کەرکوکەوە لەسەر داوای خۆمان خڵتەکانمان بۆ دەنێرن ئێمەش خەڵتەکان تێکەڵ دەکەین وبەهاراتی تایبەت بەخۆمان ئامادە دەکەین وەک بەهاراتی کفتە، بریانی و چەندین جۆری تر.”

خۆشەویستی کارەکەی وای لە رۆژگار کردوە کە ئەگەر بێت و لەو بوارەی کە خوێندویەتی کاری دەست بکەوێت ئامادە نییە واز لەم کارەی ئێستای بهێنێت.

رۆژگار دەڵێت “بە هەموو ئەو کچ و ژنانەی دابراون لەخوێندن یان ئەوانەی دەرچوی کۆلێژو پەیمانگاکانن و  دانەمەزراون  و کاریان دەست ناکەوێت دەڵێم پشت بەخۆیان ببەستن و کاری تایبەت بەخۆیان دروست بکەن هەرچەندە لەسەرەتاوە کارەکە زۆر بچوکیش بێت چونکە کاتێک پشت بە تواناکانی خۆت دەبەستیت بەدڵنیاییەوە سەردەکەویت.”

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

 

Leave a comment