”پێشتر پێم نەگوترابوو شوو چییە و چۆنە”

صورة-الغلاف-مع-اللوغو

تەمەنم پانزە ساڵە، خەڵکی باشوری عێراقم، منداڵێکم هەیە، مێردەکەم دوو ساڵ لە خۆم گەورەترە بەڵام لەگەڵم خراپە و توندوتیژی بەرامبەرم دەنوێنێت، نازانم چیبکەم. ئەرکەکانم بەباشی جێبەجێدەکەم، جلی بۆ حازردەکەم، خواردن حازردەکەم، ماڵ پاکدەکەمەوە و ئەرکی خوشک و برای مێردەکەشم ڕادەپەڕێنم. مێردەکەم کريکار بوو، نەدەهاتەوە تا شەو کاری دەکرد.

چۆن شوومپێکرد؟ دوای پەنابەریمان لە کەمپێیک دەژیاین لە هەولێر، داعش هەردوو قاچی باوکمی بڕیەوە و برایەکمی کوشت، باوکم نەیدەتوانی کاربکات و بژێویمان دابین بکات بۆیە باری ئابووریمان خراپ بوو، ژمارەشمان زۆربوو، پێنج شەش مناڵ دەبووین، ئەگەر خوشک و برایەکمان نیوەڕۆ نانمان بخواردایە ئەوانیتر سەرەی نانخواردنیان دەکەوتە ئێوارە.

ماوەیەک تێپەڕی و هەرئەوەندەم زانی ماڵێک هاتن و منیان لەگەڵ خۆیان برد. پێشتر پێم نەگووترابوو شوو چۆنە و چییە، هەرئەوەندە پێیان وتم تۆ ئیتر لەگەڵ ئەو ماڵەدا دەژیت و بە شۆفێر منیان برد، ئیتر دایک و باوکم نەبینیوەتەوە.

پوورم لێرە لە کەمپی سلێمانی دادەنیشێت، دراوسێی ماڵی کوڕەکە بوو و منی بۆ ئەو دۆزیەوە. کە شووم پێکرد ئیتر خێزانەکەی خۆم نەبینییەوە. جاران  پوورم جەژنان دەهات بۆ ماڵمان، ئێستا ئەوانیش لێرە نەماون.

نەمدەزانی چێشت لێبنێم. هەمیشە ڕووبەڕووی سزادان دەبوومەوە، خەزوورم بە سۆندە لێیدەدام. ماوەیەک خەسووم دەیبردم بۆ دکتۆر دەیگوت تۆ دەبێت منداڵت ببێت. تا گەیشتە ئەوەی سکپڕبووم، نەمدەزانی سکپڕی چییە. کاتێکیش ئازارم دەبوو هەر نەمدەزانی چییە دەیانگوت هیچ نییە خۆت چاکدەبی. تا کات ڕۆیشت و لە تەوالێتدا بەتەنها منداڵم بوو، کە حاڵی خۆم بینی زۆر ترسام، قیژاندم و دواتر خەسوم هات منداڵەکەی لە حەمامەکە بردە دەرەوە. تەنیا یەک رۆژ توانیم پشوو بدەم، حەزم لە هەر شتێک بوایە نەمبوو. دوای ئەو ڕۆژە هەڵیانساندم بۆ شۆردنی پەڕۆ پیسەکانی منداڵەکە، شۆردمن.

____

ئەم چیرۆکە بە گێڕانەوەی کچێکی گەنجە کە لە تەمەنێکی زووەوە بە شوو دراوە و ئازار و نەهامەتی زۆری بینیوە کە لەگەڵ تەمەنی ئەودا یەکناگردنەوە.

هاوسەرگیری پێشوەخت، لە زۆربەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بۆتە دیاردە و لە زۆربەشیاندا وەک نەریتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروستدا و لەپێناو بەسەربردنی ژیانێکی گەنجانەی شیاو، پێویستە نەهێشتنی هاوسەرگیری پێشوەخت ببێتە یاساو قەدەغەبکرێت.

Leave a comment