هاوسەرت نییە و دەتەوێت بە تەنها بژیت؟ ناتوانیت!

10852020_slemaniii

شەرەفی تۆ شەرەفی ھەموو گەرەکە.

 

دوێنێ دوای پێنج ساڵ ژیانی شوقەو دەردەسەری پارەی کرێی مانگانە کە لەم ھەولێرە مافیاکانی عەقارات و خاوەن باڵەخانەکان ئیدارەی دەکەن بریارم دا خانویەکی ئاسایی بگرم لە یەکێک لە گەرەکەکانی ھەولێر، پرسیارەکانی کابرای عەقارات ئەمانەبوون .

کابرا: خوشکم تۆ چ حزبێکی ؟

بەندە : شوکر حزبی نیم و ناشبم

کابرا: لەگەڵ کێ دەژیت؟

بەندە : خوشکەکەم

کابرا : ئەدی پیاوەکەت ؟

بەندە : نەموێرا بڵێم مێردم نیە، گوتم لە سەفەرە.

کابرا: بەخوای زەحمەتە خانوو بدەین بە ژنی تەنیا، ئەی چ کارەیت زۆر حەزدەکەم مامۆستا بیت، (ھەر بە گومانەوە سەیری دەم و چاوی دەکردین ھەزار پرسیار لە مێشکیدا گوزەریان دەکرد؛ ئەمانە چۆن بێ پیاو دەژین) چەند جارێک زاواکەمی دەبردە دەرەوە و ئەو پرسیارانەی دەکرد کە نەیدەوێرا رووبەروو لە خۆمی بکات، پاشان خاوەنی خانوەکەی بانگ کرد بۆ ئەوەی ئەویش بمانبینێت.  لەم حیوار و پرسیارە سەخیفانەی کابرا تەواو ماندوو بووم و ھەستم کرد ١٠ کاژێر بە پێ رۆیشتووم، راستە زۆر پرسیارگەلی جیاواز ھەن سەبارەت بە دەرد و مەینەتی ژن بوون لەم وێرانەیە کە من وەڵامەکەی باش دەزانم بەڵام ئەوەی بێتاقەتی کردم دوای ئەم ھەموو ساڵە خەبات و ماندوو بوونمان ھێشتا ئەم پلە بەندیە تەواو نەبووە کە تۆ چەندین پلە لە خوار پیاویت، ھەرچەندە ئازاد بیت رەچەشکێن بیت خۆت پشت بەخۆت ببەستیت بەڵام لە دیدی کابرای عقارات و وەزیرێک و حکومەتێکیش تۆ ھێشتا ھاوڵاتی پلە دووش نیت و ھیچ پێگەیەکی ماددی و مەعنەویت نیە وەک مرۆڤێک.

پاشان بیرم لەو کچانە کردەوە کە لە وڵاتانیترەوە ھاتوون و کاردەکەن، ئەبێت ئەوان چ دەردەسەریەکیان تووش بووبێت تا بتوانن بە ئارامی لانەیەک بدۆزنەوە، لە کۆتایی ئەم پرسیارو وەڵامانەی مێشکی خۆم رووداوێکی ناخۆشم بیرکەوتەوە کە تووشی کچە ھاورێیەکم بوو کوردی رۆژھەڵات بوو کچێکی شاعیر لە بنەماڵەیەکی خەباتگێرو رۆشنبیر، ئێوارەیەک لەلایەن پیاوە گورگەکانی گەرەک پەلاماردران و میوانەکانیان کە ژن و پیاو و منداڵ بوون درانە بەر شەق و فیشەک، ھۆکاری سەرەکی ئەم رووداوە یەک شت بوو کە پارێزبەندی ژیانی ھەر ژنێک دەکات لەم کۆمەڵگایە ئەویش بوونی پیاوێکە، ئەو لەگەڵ مێردەکەی جوداببوەوە و وەک خۆیان دەڵێن بێ پیاو بوو. کاتێک ژنێکیش تەنیا بێت بۆی نیە میوانی ھەبێت ھیچ کەسێک ھاتووچۆی بکات چونکە شەرەفی ئەو شەرەفی ھەموو گەرەکە!

ئەمە چیرۆکی ڕاستەقینەی بە کرێگرتنی خانوو بوو لە لایەن لەنجە عەبدوڵا چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان.

لە دونیادا یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی، کێشەی نیشتەجێبوونە. مرۆڤ پێش ئەوەی هەر کارێک بکات یاخود بیر لە هەر کارێک بکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە لە کوێدا بژی.

جۆری ئەم کێشەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، لە هەندێک شوێندا نرخی نیشتەجێبوون بەرزە و لە هەندێک شوێندا کەمی یەکی نیشتەجێبوون کێشەیە. بەڵام لە هەموو دونیادا یەکەکانی نیشتەجێبوون گرنگترین هۆکارەکانی مانەوەن.

هەموو ئەو کێشانەی نیشتەجێبوون کە لە دونیادا هەن، لە هەرێمی کوردستانیشدا بونیان هەیە، بەڵام هەندێک کێشەی دیکە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی دونیا جیادەکاتەوە.

ژنێک یان پیاوێکی زگورت، واتە بێ هاوسەر زۆر بە سەختی دەتوانێت شوێنێکی نیشتەجێبوونی بۆ ژیان دەستبکەوێت، یاخود هەر دەستی ناکەوێت، ئەم کێشیە هەردوو ڕەگەزەکە دەگرێتەوە بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ کێشەکە چەند بەرابەرە چونکە جگە لەوەی شوێنی حەسانەوەی دەست ناکەوێت، ئەگەر دەستیشی بکەوێت لە لایەن کۆمەڵگەوە بۆ جۆرێک لێی دەڕوانرێت، کە لە ناو چوار دیوارەکەی ماڵەکەشیدا هەست بە نائارامیی بکات.

من ١١ ساڵە نوسینگەم هەیە بەڵام تا ئێستا هیچ خانوویەکم بە زگورتی نەداوە

 

چاوی خەڵک لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش کارەکتەرەکانی ناو ئەم کایە کۆمەڵایەتییە دەدوێنێت. یەکێک لە نوسینگەکانی خانوبەرە لە بارەی بە کرێدانی خانوو بە کەسی زگورتیی بۆ چاوی خەڵک دوا “زگورتییەکان لە ناو گەڕەکەکاندا خانوویان دەست ناکەوێت یاخود زۆر بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، من ١١ ساڵە نوسینگەم هەیە بەڵام تا ئێستا هیچ خانوویەکم بە زگورتی نەداوە، نە ژن نە پیاو، جگە لەوەش خاوەنماڵەکەش زۆر جار هەر ڕازی نابێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هۆکارەکەی چییە؟ ئەمە بڕیاری تاکەکەسی ئەم نوسینگەیەیە یاخود بڕیاری حکومەت؟ وتی “سێ لایەنی هەیە، وەک وتم لایەنێکیان منم کە ئەو مامەڵەیە ناکەم، لایەنێکی دیکەیش حکومەتە کە زۆر سەخت خانوویان پێدەدات و لایەنی سێیەمیش دانیشتوانی گەڕەکەکە و خاوەنی ماڵەکەیە.

ئەم سەختییە بۆ هەموو ژن و پیاوێکی زگورتییە، بەڵام ئەو سەختیەیی ڕوبەڕوی ژن دەبێتەوە دوبەرابەری سەختییەکانی پیاوە.

لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا سیتییەکان جیاوازیان لەگەڵ گەڕەکەکاندا هەیە؟ وتی ” بەڵێ لە سیتییەکاندا کارئاسانییەکی زۆر هەیە، من ژنیش و پیاویش دەناسم لە سیتییەکاندا بە تەنها دەژین.

هەروەها وتی “هەندێک حاڵەتی تایبەتیش هەیە وەک کچ و کوڕەکانی بەشە ناوخۆییەکان، ئەوان هەندێک جار دەتوانن یاخویان دەست بکەوێت، بۆ نمونە چەند کچێک پێکەوە خانوو دەگرن یاخود چەند کوڕێک پێکەوە.”

بەڵام خانوو بە کاسانێک نادەین کە هیچ کێشەی نییە و بۆ خۆشی و ڕابرواردن دەیەوێت بە تەنیا بژی

 

ئەفسەرێک بە پلەی مفەوز کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین لە لێدوانێکدا بۆ چاوی خەڵک وتی: “بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هەموو کەسێک مافی نیشتەجێبوونی هەیە بە مەرجێک دەوروبەرەکەی ناڕەحەت نەکات، ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان دەکەین و ئەگەر بزانین بێ کێشەیە، نیشتەجێی دەکەین و بە پێچەونەشەوە نایکەین”

لە وەڵامی پرسرێکدا کە ئایا ئەم شێوازە لە بەکرێدانی خانوو لە ناو سیتییەکان و لە ناو گەڕەکەکاندا هەمان بڕیار جێبەجێ دەکرێن؟ وتی “من لە یەکێک لە سیتییەکاندا کاردەکەم، ئەگەر کەسێکی زگورت بێت کە دایک و باوکی نەماوە، یاخود لە شارکی دیکەوە هاتووە و لێرە کاردەکات بەو مەرجەی پشتگیری شوێنی کارەکەی بهێنێت، ئێمە شوقەکاندا شوێنی نیشتەجێبوونی پێدەدەین. بەڵام خانوو بە کاسانێک نادەین کە هیچ کێشەی نییە و بۆ خۆشی و ڕابرواردن دەیەوێت بە تەنیا بژی، لە گەڕەکەکاندا جیاوازە، زۆربەی جار خاوەن خانووەکە ڕێگە نادات زگورتێک خانووەکەی لێ بە کرێ بگرێت، یاخود دراوسێکان شکات دەکەن و ڕێگە نادەن زگورتێک ببێتە هاوسێیان، بەڵام ئەم کێشانە لە سیتییەکاندا کەمترن”

من مافی پەنابەرێتی “ئیقامە”م وەرگرتبوو، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە من ئافرەتێکی تەنها بووم، خانویان نەدەدامێ

 

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەماندا یەکێک لەو ژنانەمان دواند کە لە ئێستەدا دانیشتوی قەڵادزێیە. ئەو کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێت چیرۆکی خۆیی لە بە کرێگرتنی خانودا بۆ چاوی خەڵک گێڕایەوە ” من ژنێکی تەنها بووم لەگەڵ منداڵێکی ٨ ساڵ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتم بۆ شاری سلێمانی، کەیسێکی توندوتیژی خێزانیم هەبوو، لە هاوسەرەکەم جیاببومەوە، لە هەمان کاتدا کەیسەکەشم لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان هەبوو، جگە لەوە مافی پەنابەرێتی “ئیقامە”م وەرگرتبوو، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە من ئافرەتێک بووم بە تەنها لەگەڵ کچە منداڵە هەشت ساڵانەکەمدا دەژیام، خانویان نەدەدامێ. سەردانی چەندین نوسینگەی خانوبەرەم کردوە و زۆربەی گەڕەکەکان تەنانەت دەرەوەی سەنتەری شاریش گەڕام، بەڵام هەر نەمدەتوانی خانویەکی بچکۆلە بە کرێ بگرم بۆ ئەوەی تێیدا بژیم، لە شار و وڵاتەیشدا هیچ کەس و خزم و ناسیاوێکم نەبوو لەگەڵیاندا بژیم. بۆیە بە ناچاری بڕیارمدا لە دەرەوەی سلێمانی بەدوای خانوودا بگەڕێم و لە قەڵادزێ خانویەکم دەستکەوت، لەوێش ڕوبەڕویی سەختییەکی زۆر بومەوە لە لایەن موختاری گەڕەک و ئاسایش و پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ڕێگەیان پێدام لەو خانووەدا بژیم.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment