زیادبوونی کاری ئۆنلاین لای ژنان

How To Sell Online Profitably. Top Lessons And Good Examples

کارکردنی ژنان بە شێوازی ئۆنلاین و کرین بەردەستبونی کاڵا و هەموو جۆرۆکان بەشێوازێکی ئۆنلاین بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرز بوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە کاتێکدا ئەو پێداویستیانە دەتوانرێت بەشێوازی بەرجەستە بکڕدرێت.

شاتوو عوسمان، ساڵ و نیوێکە لە ڕێگەی پەیجێکی ئۆنلاین کاری دیزاین و فرۆشتنی کەل و پەلی ناوماڵ دەکات لە سلێمانی. ئەو دەیەوێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوکاری هاوسەرەکەی بکات، لەهەمان کاتدا ئەو کارەی دەیکات زۆر دەمێکە ئارەزو خەونی بووە.

شاتوو دەڵێت”مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیار بەئۆنلاین قورسە. هەرچەندە من لەگەڵ زۆرینەیان وەک هاوڕێم لێ هاتووە، بەڵام دەبێت بۆ هەر کڕیارک ئەو کاڵایەی دەیەوێت زانیاری زۆر ورد بدەم و ڤیدیۆیان بۆ بکەمەوە تا ئەوان لە قەبارە و ڕەنگی کاڵەکە دڵنیا ببنەوە.”

 

لەسەر قەبارەی مۆمێک هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە

 

شاتوو بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک)ی وت “جارێک لەگەڵ یەکێک لە کڕیارەکانم لەسەر قەبارەی مۆمێک ڕوبەروی کێشە بومەوە، هەرچەندە هەڵە تێگەشتن هەبوو لە کاتێکدا  بەدروستی زانیاریەکانم پێدابوو بەڵام ئەو هەڕەشەی کوشتنی لێدەکردم، لەبەر ئەوە ئەگەر لە دوکانێکدا کاڵاکان بخرێتە ڕوو ئاسانتر دەبێت بۆم، بەڵام تا ئێستا شوێنێکی گونجاوم دەستنەکەوتووە.”

بەهۆی قورسی بارودۆخەکەی ئێستاوە شاتوو ڕەچاوی نرخ دەکات کە قازانجێکی زۆر کەم دەخاتە سەر کاڵاکان، چونکە ئەو دەیەوێت هاوڵاتیان توانای کڕینی کەل و پەلەکانیان هەبێت.

گیانە محمەد جەزا، مامۆستای زانکۆ و ئابوریناس بە(چاوی خەڵک)ی وت” ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین زۆربەی ئەو پەیجانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین دەکەن زۆربەیان ژنانن،کۆمەڵێک هۆکاریش پاڵنەرن بۆ ئەوەی پشکی شێریان هەبێت لە بەڕێوبردنیدا، وەک خۆمان دەزانین لە کلتوری ئێمەدا تاڕادەیەک ئەو ئازادییە بۆ ژنان نییە بتوانن لە هەرشوێنێکدا بیانەوێت دوکانێک بکەنەوە بۆیە زیاتر دەست دەکەن بە فرۆشتنی ئۆنلاین.”

” لەئێستادا بەتایبەت لای ڕەگەزی مێ کاری ئۆنلاین زۆر بووە، دەتوانین فاکتەری سەرەکیش بگەڕێنینەوە بۆ قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا کە وایکردووە زۆر کەس توانای کرێ و تێچوی دوکانی نەبێت. بەو  ڕێگەیە ئەو تێچوە زیادەیەی بۆ دەگەڕێتەوە و لە ماڵەوە  کاڵاکانی بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشێت، بەوەش زیاتر سەرنجی کڕیار ڕادەکێشێت. ” گیانە وای وت.

گیانە محەمەد وەک ئابوریناسێک هۆکارێکیتر دەستنیشان دەکات بۆ بەرزبونەوەی ئەو ڕێژەیە کە ژنان پابەندبونێکی زۆریان هەیە بۆ کاری ماڵ و منداڵ، بۆ ئەوان ئاسانترە پەیجی ئۆنلاین دابنێن و ئەو  کارەی دەیانەوێت بیکەن سەرباری کاری ڕۆژانەی ماڵی خۆیان کاڵاکانیشیان لە ماڵەوە بفرۆشن، وەک کاری دەستی، خواردن ئامادەکردن، دیزانی ناو ماڵ و کەل و پەل و یان هەر کارێکی دیکە.

جگە لەم هۆکارانەش بەڕای ئابوریناس گیانە ” لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ژنان جگە لەوەی شانبەشانی پیاوان کاردەکەن، دەیانەوێت سەرچاوەکانی داهاتیان هەمە جۆربکەن سەرباری کارکردنی خۆیان لە دام و دەزگای حکومی یان کەرتی تایبەتتدا بێت، دەچن پەیجی ئۆنلاین دادەنێن و کارێکیتر دەکەن لەگەڵ ئەوکارەی کە هەیەتی بۆ بەستهێنانی داهاتێکی زیاتر.”

گرنگی کاری ئۆنلاین زیاتریش لەوکاتەدە دەرکەوت کاتێک  ڤایرۆسی کۆرۆنا  بڵاو بۆوە کارکردن بەشێوازی ئۆنلاین سەلماندی کە هەر بارودۆخێک و ڕیگرییەک هەبێت و نەتوانرێت بازاڕی بکێت کاری ئۆنلاین ئەو ئاسانکاریە دەکات و لە هەرشوێنێک و ‌هەر کاتێک بێت کاڵا و شمەکی جۆراوجۆر دەست هاولاتیان بکەوێت.

 

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هۆکارێک بوون بۆ زیاتر فۆشتنی بەرهەمەکانم 

 

ڕوپاک محەمەد، تەمەنی ٤٣ ساڵە و لەماڵەکەی خۆیدا دوو ساڵە خواردن ئامادە دەکات و بە ئۆنلاین دەیفرۆشێت، یەکەمجار بەدروستکردنی کولیچە و فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە سێ مارکێتەوە دەستی پێکردوە.

ڕوپاک سەبارەت بەهۆکاری دەستپێکردنی بەو کارە دەڵێت” ژنی ماڵەوە بووم و کاتم زۆر بوو، زۆر دەمێکیش بوو حەزم لەم ئیشە بوو، بەڵام دەموت نەوەک عەیب بێت یان بەرهەمەکان خواستی لەسەر نەبێت وبمێنێتەوە، کە دەستم پێکرد  پەیجم بۆ دانا و لە ڕێگەی خزم کەس و کاریشەوە پەیجەکە خەڵک زیاتر ناسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێک بوون بۆ زیاتر فرۆشتنی بەرهەمەکانم.”

ڕوپاک ئێستا وەکو سەرچاوەی داهاتێک سەیری کارکەی دەکات، سەبارەت بەوەی مۆڵەتی تەندروستی نییە دەڵێت” لەبەر ئەوەی  لەماڵەوە کاردەکەین پێویستیمان بەوە نییە مۆڵەتی تەندروستی وەربگرم،پەیجم هەیە وەزارەت گەر خۆی بیەوێت دەیبینێت، لە هەمان کاتدا پێویستمان بە مۆڵەتی ژووری بازرگانیش نییە ئیمە نە دوکانین نە کارگە لە ماڵەوە کاری خۆمان دەکەین و ماڵیش بێگومان پاک و خاوێنی تێدا پارێزراوە.”

لە کاتێکدا لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هابەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە (چاوی خەڵک)ی وت” وەک بەڕێوەبەرایەتی قایمقامێتی سلێمانی ڕێنمای بڵاودەکەینەوە کە ئەو پەیجانەی تەنیا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کەرەستەکانیان دەفرشن و شوێنی فەرمییان نییە مۆڵەتیان نییە و ناتوانرێت چاودێری بکرێت.”

لەماوەی ڕابردودا زیاتر لە دەیان پەیج لە ڕێگەی بەشی یاسایی قایمقامێتی سلێمانی بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و دەستیان بەسەر چەندین دەرمانی دابەزاندن و زیادکردنی کێشدا گرتووە کە ڕێگە پێدراو نەبووە .

دەربارەی شێوازی چاودێریکردنی پەیجە ئۆنلاینەکان لەشکر حەمید وتی” ئەگەر دوکان یان شوێنی گشتی بێت ڕەزامەندی کەسمان ناوێت بۆئەوەی سەردانی بکەین، بەڵام کە بوو بە ماڵ هەموو ئەو شوێنانە دەبێت ڕەزامەندی دادوەری بۆ وەربگرین و پاشان سەردانی بکەین، بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتەش بەردەوام لە بەدواداچونداین ئەگەر شوێنێک گومان لێی هەبێت ڕەزامەندی دادوەری بۆ وەردەگرین، چونکە چەندین شوێن هەبووە دەستمان گرتووە بەسەر خواردنکاندا کە شیاو نەبوون بۆ خواردن.

لە هەمان کاتدا لەنجە ڕەحیم وەکو کڕیارو بەکاربهێنەری ئەو بەرهەمانەی لە پەیجە ئۆنلاینەکاندا دەفرۆشرێت بەکارێکی گونجاوی دەزانێت ئەگەر هۆشیارانە بزانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کام پەیجدا دەکات و شتیان لێ دەکڕێت، ئەوکاتە ڕێگەی ئۆنلاین دەبێتە کار ئاسانی بۆ هاوڵاتیان نەوەک کێشە.

لەنجە خاوەنی دوو منداڵەو فەرمانبەرە وتی” ئێستا زیاد لە نیوەی پێداویستییەکانم بە ڕێگەی ئۆنلاین دەکڕم ، وەک جل و بەرگی خۆم و منداڵەکان یاخود بابەتی جوانکاری و هەروەها کەل و پەلی ناوماڵیش، چونکە بەم جۆرە پێویست ناکات هەر  ڕۆژەی بۆ پێداویستییەک بازاڕی بکەم و لە کاتم ناگرێت.

لەکاتێکدا بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی، سۆران عەبدول غەفور عەزیز وتی” وەکو چاودێری بازرگانی ئەو پەیجە ئۆنلاینانە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەت و ڕێگە پێدانیان پەیوەندیان بە ئێمەوە نییە و هیچ داتایەک لای ئێمە نییە، بەڵکو ئەمانە هەمووی لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییکانەوە دروست کراوە، ئێمە چەندین جار داوامان لە هاوڵاتیان کردووە بە هیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کاڵایانەدا نەکەن.”

بە پێی وتەکانی سۆران عەبدول غەفور، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی بەر پرس نیە لە پەیجە ئۆنلاینەکان، کاتێک ئەوان بەرپرسن کە هاوڵاتییەک کاڵایەک  بکڕێت  و سکاڵا  لای ئەوان بکات، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕەقەمی پەیجەکان وەردەگرێت و پەیوەندی پێوە دەکات کە داوای هەمان بابەت دەکات، لەو کاتەدا دەست دەگیرێت بەسەر کەل و پەلە بەسەر چووەکاندا.

 

 

 

چاوی خەڵک \ تایبەت 

 

Leave a comment