ڕۆنیای ١٦ ساڵ، دوای تێپەربونی ٦ ساڵ لەدەستی داعش رزگارکرا

20200427-20200427-ronya-f-jpg26d579-image-jpg8be0bc-image

رۆنیا دوای بەسەربردنی ٦ ساڵ لە ناو سیستمی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و بینینی ناخۆشییەکان توانرا لە مانگی ٤ی ٢٠٢٠لە کەمپی هۆڵ لە لایەن ڕێکخراوی ماڵی ئێزیدیی رزگار بکرێت.

ڕۆنیا یەکێکە لەوکچانەی لە تەمەنی ١٠ساڵیدا لە شنگال بەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان کەوت، لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی لە ماڵەکەی خۆیان بوون کاتێك هەواڵی نزیك بوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان بیست. هەر لەو تەمەنە منداڵیەوە ڕۆنیا دەبرێت بۆ موسڵ و لە بازاری بەندەکان دەفرۆشرێت.

لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ ، ئەوە کەسانەی کە لە توانایدا هەبوو  بەسەر چیاکاندا هەڵدەگەڕان بە هیوایی ئەوەی  نەبنە دیلی دەستی ئەو ڕێکخراوە توند ڕەوەو خۆیان ڕزگار بکەن. لە کاتی هەڵهاتن بۆ شاخ، زۆرێك لە منداڵان و بەتەمەنەکان لە تونێدیدا گیانیان لەدەستدا. ئەو پیاوانەی نەیانتوانی خۆیان بگەیەننە چیایی شەنگال زۆر بە دڕندانە لەلایەن چەکدارانی داعش کوژران.

بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە دوانزە هەزار کەس بە دڕندانەترین شێوە کوژران و نزیکەی چوارسەد هەزار کەسیش ئاوارە بوون، تاکو ئێستاش چارەنوسی زیاد لە سێ هەزار ژن و کچ دیار نیە.

ئەو چەکدارانە هەر زووکچ و ژنە بە دیل گیراوەکانیان لەیەک جیا کردەوە، لە پاشان دەبرانە بازاڕی فرۆشتنی کۆیلەکان و لەوێ دەفرۆشران و ئاڵ و گۆڕیان پێدەکرا.

ڕۆنیا لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی یەکێك بوون لەوانەی کەوتنە دەست چەکدارەکانی داعش و دەست بەسەرکران، سەرەتا بران بۆ موسڵ و دواتر بردیانن بو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کچ و ژنەکان لە تەلەعفەر. لەوێ ڕۆنیا لە خێزانەکەی جیا دەکرێتەوە لە لایەن خێزانێکی سەربە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە دەکڕدرێت و دەبرێت بۆ ڕەقە لە باکوری سوریا، لەو ماڵە وەك خزمەتکارێك دەمێنێتەوە، خێزانی چەکدارەکە ژنێکی ڕوسی بووە، بۆیە ناچاری دەکات کە فێری زمانی ڕوسی و عەرەبی ببێت، بەو هۆیەوە ئێستا ئەو کەمێك زمانی کوردی بیرماوە.

دواتر کاتێك تەمەنی دەگاتە چواردە ساڵ مارە دەکرێت لە چەکدارێک بە ناوی ئەبو کەمال، کە جیاوازی تەمەنیان زیاد لە هەژدە ساڵ دەبێت، لەگەڵ ئەو چەکدارە لە گوندێکی ناوچەکە بۆ ماوەیەك نیشتەجێدەبن، پاشان بەردەوام دەبن لە شوێن گۆڕین تاکو دەگەنە ناوچەی باغۆز، کە کۆتا ناوچەیە لە دەستی ڕێکخراوی داعش،لەوێ دەمێننەوە تا لە کۆتایدا هێزەکانی سوریای دیموکراد لە ساڵی ٢٠١٩ ئەو ناوچەیەش ئازاد دەکەن.

دوای ئازاد کردنی ناوچەکە ڕۆنیا لە کەمپی هۆڵ لە نزیك ناوچەی حەسەکە دەمێنێتەوە، تاکو لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لەلایەن ڕێکخراوی ماڵی ئێزدیان دەهێنرێتە دەرەوەو هەوڵدەدرێت بارودۆخی ژیانی ئاسایی بکرێتەوە.

ڕۆنیا توانیبوی لەڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە پەیوەندی بە خاڵییەوە بکات، ئەویش ژمارەو ناونیشانی ڕۆنیای بەو ڕێکخراوە دابوو کە دەکەوێتە کانتۆنی جیزیرە لە حەسەکە،  ئامانجی ئەو ڕێکخراوە دۆزینەوە ی ژنان و کچانی ئێزیدییە وە شادکرنەوەیانە بە خێزانەکانیان.

دوای ئەوی پەیوەندی دەکرێت بە ڕێکخراوی ماڵێ ئێزیدییان لەماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێك ڕۆنیا دەدۆزرێتەوە و لە کەمپی هۆڵ دەهێنرێتە دەرەوە.

پاش دورخستنەوەی لە شنگال رۆنیا زۆرێک لە کچانی ئێزیدی دەبینێت، و هەڵهاتن هیچکات جێی باسکردن نەبوە لای ڕۆنیا و دەڵێت” هیچ کات هەڵهاتن لە دەستی چەکدارانی داعش ئاسان نەبوە هەرکاتێک کچێکی ئێزیدی هەوڵی هەڵهاتنی دابێت بە خراپترین شێوە ئەشکەنجەیانداوە.”

هەروەها دەڵێت” ڕێگەپێدراو نەبوین بە زمانی کوردی قسە بکەین، ئەگەر سەرپێچیمان بکردایە دەکوژراین.”

سەخترین شت بۆ ڕۆنیا دورکەوتنەوەی بوە لە دایکی و ئاواتەخوازە بە زوترین کات بە دایکی و خێزانەکەی شاد ببێتەوەو ژیانێکی ئاسایی بێ ترس و بێ بۆمب بەسەربەرێت.

محمود مێمی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ماڵی ئێزیدی ، جەخت دەکاتەوەو دەڵێت “ماڵی ئێزیدیی توانیویەتی ٢٣٦ ژن و منداڵی ئێزیدی لە کەمی هۆڵ رزگار بکات. و هێشتا هەزاران ئێزیدی لە کەمپی هۆڵ ماونەتەوە. زۆربەی کچە ئێزیدییەکان ناسنامەی خۆیان ئاشکرا ناکەن چونکە بوون بە موسوڵمان و ئەو بیرۆکەیە لە مێشکیان قایلبوە کە خێزانەکانیان رەتیان دەکەنەوە. یاخود لەلایەن داعشەوە ترسێنراون بە کوشتن ئەگەر بێت و ناسنامەی ئێزیدی خۆیان ئاشکرا بکەن لای بەڕێوبەرانی کەمپەکە.”

رۆنیا ئێستا تەمەنی ١٦ ساڵە و لەلایەن ڕێکخراوی ماڵی ئێزیدی لە کەمپی هۆڵ ڕزگار کراوە. و چارەسەری پزیشکی و دەرونی وەردەگرێت تا ئەوکاتەی دەیگەڕێننەوە بۆ شنگال.

Leave a comment