کشتوکاڵ لە دایکەوە بۆ کچەکانی

photo_2020-08-09_14-53-21

“لەوەتی فامم کردۆتەوە لەگەڵ خێزانەکەم خەریکی کوشتوکاڵین. من و دایکم و خوشکە بچوکەکەم، ئەوەندە شارەزاییمان پەیدا کردوە گەر باوک و براکانیشم نەتوانن بێن خۆمان دەتوانین کارەکان بەڕێوەبەرین و کێشەمان بۆ دروست نەبێت، دەتوانین تۆوەکان بچێنین و چاودێری و پاچە کۆڵە بکەین، تەنها کارێک کە تێیدا پێویستمان بە هاوکاری پیاو بێت ئامادەکردنی زەوییەکەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەکینەوە.” شەیما وەلی وتی.

شەیما وەلی عەبدوڵڵا، ٢٩ ساڵە و ماوەی حەوت ساڵە بەشی ژمێریاری تەواو کردوە، لەگەڵ خێزانەکەی زەوی کشتوکاڵیان هەیە و بە پێی وەرزەکان چاندن دەکەن و گرنگی بە کشتوکاڵەکەیان دەدەن.

شەیما دەڵێت “کاری کشتوکاڵ پێداویستی رۆژانە و بژێوی ژیانمان بۆ دابین دەکات. زۆرکات هەبوە ئەوەندە کاری کوشتوکاڵیمان هەبوە نەمانتوانیوە خۆمان بە تەنها ئەنجامی بدەین بۆیە کرێکارمان بۆ هێناوە و لەگەڵمان کاری کردوە. ساڵی واش هەبوە تەنها هیلاکیمان بۆ ماوەتەوەو نەمانتوانیوە بژێوی ژیانمانی پێ دابین بکەین .”

هەروەها وتی”کاتێک کە منداڵ بووین دایکم کاری ماڵەوەی دەکرد پاشان دەچوو بۆ دەشت کارەکانی کشتوکاڵی ئەنجامدەدا. کە دەگەڕایەوە بەهەمان شێوە کاری ماڵی دەکردەوە چونکە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەم کارانە تەنیا ژنانن دەبێت بیکەن، بەڵام کە خوشکە گەورەکەم فێری کاری ماڵ بوو هاوکاری زۆری دایکمی دەکرد و ئێمەش کاری کوشتوکاڵمان لەگەڵدا دەکرد.”

زۆر دڵخۆشم کە کچەکانیشم وەکو خۆم کاری کشتوکاڵ دەکەن، ئەم بەیانییە لەگەڵ شەیمای کچم  ٤:٣٠ چوین بۆ بامێ چنین ٣٠:٦ هاتوینەتەوە

 

قەدریە مستەفا کەریم، ماوەی ٢٩ ساڵە لە گوندی گێڵەک سەر بە ناحییەی خورماڵ نیشتەجێین و بە کاری کوشتوکاڵییەوە سەرقاڵین. ڕۆژانە لە ٦ تا ٩ی بەیانی کاری کشتوکاڵ دەکەین دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، هەمیشەش یەکێک بووین لە جوتیارە نمونەییەکان.”

قەدریە باس لە سەرەتای کارکردنی دەکات و دەڵێت “لە کۆندا و پێش ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی خراپی بارودۆخی کارەبا هەموو خەڵکی گوندەکە بە ژن و پیاوەوە ناچار دەبوین لە ٤ی بەیانییەوە بچینە سەر زەویەکان بۆ ئەوەی بە فێنکی کارەکان بکەین. سەرەتای کاری کوشتوکاڵیمان بە بستە (عەلی بابا) دەستمان پێکرد. دواتر لۆکەمان چاند ئەمەش بەپێی گۆڕانی وەرزەکان بوو. لە پایزدا گەنمەکان دەچنینەوەو دواتر بامێو و تەماتە و لۆبیا دەچێنین، دەیانجار بەهۆی حەشەرات و نەخۆشی و گەرما زیان بە بەرهەمەکانمان گەیشتوە، بۆ ئەوەی توشی ئەم زیانە نەبینەوە لەگەڵ کچەکانم دەرمان دەڕشێنین. هەروەها  لەزستاندا تور و شێلم دەچێنین و هەموو ڕۆژێک بارێک پاکدەکەینەوەو ئامادەی دەکەین بۆ بازاڕ.”

قەدریە بە دڵخۆشیەوە باسی کارکردنی کچەکانی لە کشتوکاڵدا دەکات و دەڵێت ” زۆر دڵخۆشم کە کچەکانیشم وەکو خۆم کاری کشتوکاڵ دەکەن، ئەم بەیانییە لەگەڵ شەیمای کچم  ٤:٣٠ چوین بۆ بامێ چنین ٣٠:٦ هاتوینەتەوە.”

ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت لە کۆمەڵگایەکدا دەژین پێیان خۆش نییە کەسێک لەخۆیان مناڵتر یان خوێندکارێک زانیاریان پێبدات، باوەڕیان بەو شتە نییە بگرە هێشتا گاڵتەشت پێدەکەن و دەڵین ئێمە چەند ساڵە خەریکین تۆ تازە لە دوو کتێبدا خوێندوتە وهاتویتەتەوە دەتەوێت ئێمە فێر بکەیت؟ چونکە پیاوەکان باوەڕیان بەوە نیە کە ژنێک یان کچێک بیرۆکەی تازە جێبەجێ بکات

 

شە‌هێن وەلی کچە بچوکی خێزانەکەیە و ٢٧ ساڵە و لە ٢٠١٩ کۆلێژی کشتوکاڵی بەشی باخداری تەواو تەواو کردوە و دەڵێت ” پێش ئەوەی کۆلێژ بخوێنم شارەزایی تەواوم لە چاندن و لێکردنەوە و کارەکان و هەنگاوەکانی کشتوکاڵیدا هەبوو، بەڵام لە کۆلێژ بە ئەکادیمی فێری هەموو بەشەکانی کشتوکاڵ بووم.”

ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت لە کۆمەڵگایەکدا دەژین پێیان خۆش نییە کەسێک لەخۆیان مناڵتر یان خوێندکارێک زانیاریان پێبدات، باوەڕیان بەو شتە نییە بگرە هێشتا گاڵتەشت پێدەکەن و دەڵین ئێمە چەند ساڵە خەریکین تۆ تازە لە دوو کتێبدا خوێندوتە وهاتویتەتەوە دەتەوێت ئێمە فێر بکەیت؟ چونکە پیاوەکان باوەڕیان بەوە نیە کە ژنێک یان کچێک بیرۆکەی تازە جێبەجێ بکات، یاخود دەرچویەکی کوشتوکاڵ ڕێنماییان بکات. و لە لادێ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی کوشتوکاڵی لەلایەن رەگەزی مێوە گرانترە، چونکە پێویستیت بە ڕزامەندی خێزانەکەتە، بەڵام کوڕ یەکسەر جێ بەجێی دەکات چونکە ئەوان خۆسەپێنن.” شەهێن وای وت.

بەربەستەکان و تەنانەت نەخۆشییە سەختەکانیش نەبوونە ڕێگر لەبەردەم شەهێندا، لەم بارەیەوە بۆمان دوا “هەرچەندە باری تەندروستیم تەواو نییە و شێرپەنجەم هەیە بەڵام بەردەوام هەوڵمداوە شتێکی کەمیش بێت بیکەم، بۆنمونە ماڵەوە ئەمساڵ وتیان سەوزە ناچێنین بەڵام من شتێکی بچوکم چاند کە بۆ پێداویستی ڕۆژانەی خۆمان بەکاریبهێنین گەر بۆ فرۆشتنەوەش نەبێت.”

هەرەها دەڵێت “لەکاتی بونی پرۆژەی کوشتوکاڵی لەلایەن ژنانەوە پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکاری بکرێت، نەک ڕێگری لێبکرێت، لە کوردستان هەمووی بە جارێک لە وەرزی هاوین تەماتە دەڕوێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆری بەرهەم و بەفیڕۆچونی بڕێکی زۆر لێی و ناشتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ دۆشاو لەبەر ئەوەی ڕێژەی ئاوی زۆرە. بۆ ئەوەی ئەم زیانە نەبێت پێویستە جوتیارەکان بە دوو وەرز تەماتە بڕوێنن. وە پێویستە گرنگی بە چاندنی ئەو بەرهەمانە بدەن کە لە وڵاتانی دراوسێوە بۆمان دێت، تا بازارەکان بەرهەمی خۆماڵی زیاتر بێت. ئەمە پرۆژەیەکی من بوو کە ناچاریان کردم وازی لێ بهێنم  چونکە هەمیشە لە لایەن خێزانەکەمەوە بیرۆکەکەمیان پەراوێز دەخست و دەیان وت ناکرێت.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

 

 

 

Leave a comment