گوزەرانی کرێکارە بیانیەکان لە ڕەوشی کۆرۆنادا

photo_2020-08-09_12-07-55

 

کرێکارە بیانییەکان چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هەندێکیان لە ناو ماڵەکاندا و هەندێکیان لە ڕێستۆرانت و هۆتێلەکاندا، وەک خۆیان دەڵێن هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی تێی کەوتووە هێشتا بەراورد بە وڵاتەکانی ئەوان باشترە، دەتوانن بە کارکردنیان لێرە بژێوی ژیانی خۆیان و تەنانەت خانەوادەکانیشیان لە نیپاڵ و بەنگلادیش و ئەسیوبیا و پاکستان دابین بکەن.

“کۆرۆنا بازاری زۆر خراپ کردین”

نۆرگین یەکێکە لەو ژنە نیپاڵییانەی لای باخی گشتی شاری سلێمانی لەسەر مێزێک خواردەمەنییە نیپاڵییەکان دەفرۆشێت، بۆ چاوی خەڵک دوا “کۆرۆنا بازاری زۆر خراپ کردین، پێشتر موشتەری کورد و نیپاڵیشمان زۆر بوو، بەڵام ئێستا زۆر کەم بووەتەوە.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرچاوەی زانیارییەکانیان بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆڤید ١٩ نۆرگین وتی ” ڕاستە ئێمە لە کوردستانین بەڵام هەموو کات ئاگامان لە هەواڵەکانی نیپاڵ و جیهان هەیە، دەزانین کۆرۆنا هەموو دونیای گرتۆتەوە، ئێمەش بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان، خۆپارێزی دەکەین. و کاتێک لە ماڵ دێمە دەرەوە ئاگادارم دەکەنەوە کە خۆپارێزی بکەم.”

نۆرگین ماوەی پێنج ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و ماوەی ساڵێکیشە لای باخی گشتی خواردەمەنییە نیپاڵییەکان دەفرۆشێت (ئێمە وەک تیمی چاوی خەڵک لە سەردانەکەماندا بۆ لای کرێکارە بیانییەکان یەکێک لە خواردنە نیپاڵییەکانمان تاقیکردەوە بە ناوی “مۆمۆ”)

ئاوارە عومەر سەرپەرشتیاری  کۆمپانیای دایمۆند وۆرکەر بۆ مامەڵەی کرێکارە بیانییەکان، لەبارەی ڕێکارە تەندروستییەکانەوە لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ چاوی خەڵک دوا “هەر کرێکارێک لە کۆمپانیا، کافێ یاخود ماڵەکاندا کاربکات، هەموو ڕێنماییە تەندروستییەکانیان پێدەدرێت و دەستکێش و ماسکییان بۆ دابین دەکرێت، لە کەرەنتینەی گشتیدا دۆخی دارایی سەرجەم کرێکارەکان خراپ بوو، بەڵام من وەک کۆمانیاکەی خۆم هەموو هەفتەیەک سەردانم کردوون و پێداویستییەکانی وەک پارە و خواردنم بۆ دابین کردووە”

یەکێکی دیکە لە کرێکارە بیانییەکان بە ناوی شاباز کە خەڵکی وڵاتی پاکستانە و نزیکەی ٣ ساڵە لە سلێمانی دەژی لە یەکێک لە بانکەکان کاردەکات، بۆ چاوی خەڵک دوا “ئەو شوێنەی من تێیدا کاردەکەم، بە تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێدەکات و هەموو ڕۆژێک دەسکێش و ماسکم دەدەنێ، جگە لەوە جێڵی پاکەرەوەی دەست بەکار دەهێنن.”

شاباز باسی سەرەتای هاتنی کۆرۆنای کورد و وتی “کۆرۆنا لە سەرەتادا سەخت بوو، نە دەستکێشمان دەست دەکەوت نە ماسک، کەرەستەکانی خۆپارێزی لە بازاڕدا نەمابوون، بەڵام ئێستا هەموو شتێک بەردەستە و بە تەواوی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەبین.”

لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەکرد لە کەسی دەستدرێژی بۆ سەر کرێکارە بیانییەکانەوە لەکاتی کەرەنتینە، ئاوارە عومەر وەڵامی چاوی خەڵکی دایەوە “ئەگەر کەیسێکی لەو شێوەیەمان هەبێت، ئێمە پەنا دەبەینە بەر بەشی یاسایی فەرمانگەی نشینگە، ئەگەر دەسترێژی سێکسی بوبێت یاخود لێدان و توندوتیژی یاخود بڕینی پارە یاخود پێنەدانی ڕۆژە پشووەکانیان، بەشی یاسیی کەیسەکە دەگرێتە خۆی و توێژینەوەی لەسەر دەکات و ڕەوانەی دادگای دەکات”

“من لێرە گوزەرانم باشە بەڵام بیری خێزانەکەم دەکەم لە ئەسیوبیا هەروەها خراپی ژیانی ئەوان ناڕەحەتی بۆ منیش دروست دەکات”

لە سەردانەکەماندا ژنە کرێکارێکی دیکەی ئەسیوبیمان دواند و باسی گوزەرانی خۆی بۆ کردین، سۆنیا ماوەی ٧ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژی و زۆر بە باشی دەتوانێت بە زمانی کوردی قسەبکات، سۆنیا وتی”ئێستا بە هۆی ئینتەرنێتەوە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە هەواڵی کۆرۆنا، بە خێرایی هەموو هەواڵەکانمان پێدەگات. جگە لەوەش لێرە خاوەن کارەکانمان هەمیشە ئاگادارمان دەکەنەوە کە ئاگامان لە خۆمان بێت.”

سۆنیا لە بارەی کێشەکانییەوە دوا و وتی “من لێرە گوزەرانم باشە بەڵام بیری خێزانەکەم دەکەم لە ئەسیوبیا هەروەها خراپی ژیانی ئەوان ناڕەحەتی بۆ منیش دروست دەکات، من لێرە کاری سەربەخۆش دەکەم و خواردەمەنییە میلییەکانی خۆمان دەفرۆشم، ئەمە هەنگاوێکی باش بوو لە بژێوی ژیانماندا بەڵام کۆرۆنا هەموو شتێکی تێکدا، ئێستا وەک جاران موشتەریمان نەماوە.”

کرێکارە بیانییەکان ماوەی چەند ساڵێکە لێرە دەژین و کاردەکەن، لە ڕۆژانی هەینیدا یاخود لە ڕۆژە پشووەکانیاندا لای باخی گشتی کۆدەبنەوە و یەکتر دەبینن و وێنەدەگرن. هەر لەوێش لەسەر چەند مێزێکی بچکۆلە چەندین خواردنی میلی وڵاتەکانیان بونی هەیە و ئەمەش بۆ کرێکارە بیانییەکان مایەی خۆشحاڵییەوە کەمێک هەستی غەریبانەیان کەمدەکاتەوە.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment