ئامارەکانی توندوتیژی، ژمارە ناکۆکی لەسەرەکان

6fd2068df06fff8ab15a23c5f680f2ea

ساڵانە دەزگا فەرمییەکانی حکومەت، ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دژی ژنان دەخەنەڕوو. دوا بە دوای ئەوەش زۆرێک لە ڕێکخراو و کەسایەتیەکان ئامارەکان بە ناڕاست لە قەڵەم دەدەن و دەڵێن: ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع ڕودەدات زۆر زیاترە لەو ژمارانەی کە بڵاوکراوەتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی 2010 – 2020 لە هەرێمی کوردستان  490 ژن کوژراون، 612 ژن خۆیان کوشتووە، 73 هەزار و 15 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.” هەرچەندە ئەم ژمارانە ئامری فەرمین بەڵام زۆرێک لە ڕێکخراو و پارێزەر و چالاکوانەکانی مافی ژنان بە ناڕاستی دەزانن و پێیان وایە ژمارەکە زیاترە.

 

شۆخان حەمە ڕەشید پارێزەری ڕاوێژکار و سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری ژنان بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “ساڵانە کێشەمان لەگەڵ ئامارە فەرمییەکاندا هەیە، چونکە لە ڕاستییەوە نزیک نین، ئامارە ڕاستییەکان لەو ژمارانە زیاترە کە بڵاودەکرێنەوە.”

“پێویستە حکومەت پلانێکی جدیتر و ئامارێکی فەرمیتر بڵاوبکاتەوە، مەرج نییە هەموو حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بگاتە دەست نوسینگەکان و بەڕێوەبەرێتییەکان. من ئاگاداری چەندین حاڵەتی خۆکوشتن و کوشتن بووم کە شاردراوەتەوە و تۆمار نەکراون.” شۆخان وتی.

 

هاوکات بەهار مونزیر چالاکوان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی (خەڵک بۆ گەشەپێدان-PDO) بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “هەر کەسێک بۆ ماوەی مانگێک لە نزیکەوە چاودێری کەیسەکانی توندوتیژی بکات دەزانێت ئەو ئامارە هەڵەیە و ژمارەکەش زۆر لەوە زیاترە.  زۆر کەیسی کوشتن و سوتاندن هەیە تۆمار ناکرێن یاخود دەوترێت ڕوداوەکە بە ئەنقەست نەبووە، ئەمانەش ناچنە ناو تۆمارەکانەوە.”

 

لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ژمارەی سوتاندن و خۆسوتاندن تۆمار نەکراوە لە کاتێکدا لە نامەی ماستەری عەقیدی یاسایی لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری پێشوی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان هاتووە: “لە ٢٠١٠ -٢٠٢٠ تەنها ئاماری خۆسوتاندن 1136حاڵەت بوە”

 

“ئێمە بۆ کەمکردنەوەی تاوانەکان کاری زۆرمان کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی جێندەری، کەمپەین دژی بەشوودانی منداڵ و کار بۆ خانەی داڵدەدانەکان. ئەم کارە بەتانیا بە ئێمە و حکومەت ناکرێت، پێویستە کۆدەنگیی و هاوسۆزییەکی کۆمەڵایەتی دروست ببێت بۆ بە گژداچوونەوەی ژنکوژی.” بەهار وتی.

ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

 

ئامارەکانی سەرەوە ئەو ئامارە فەرمیانەیە کە لەلایەن (بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان)ەوە ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەپێی ئامارێکی جیاوازی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان، ئەگەر ئاماری یەک ساڵ بەراورد بکرێت جیاوازە بۆ نمونە:

 

١١ مانگی ٢٠١٧ ئاماری فەرمی کوشتنی ژنان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی لە سنوری سلێمانی ١٢ حاڵەتە

بەپێی ئاماری توندوتیژی سلێمانی ١٠ حاڵەتە

ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان ١٣ حاڵەتە

 

عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان-سلێمانی، بە چاوی (خەڵکی خەڵک)ی ڕاگەیاند: “ئامارەکان زیاتریش بەرزدەبنەوە چونکە میدیا ڕۆڵێکی خراپی هەیە، بەڕێوبەرێتیەکانی توندوتیژی و دادگاکان و ڕێکخراوەکان، ناتوانن بە ئەندازەی درامایەکی تەلەفزیۆنی کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێن.”

 

تەنها لە مانگی ٤ دا حەوت ژن کوژراون، دەگوترێت خۆیان کوشتووە،  دوو ژنیش لەلایەن باوک و هاوسەریانەوە کوژراون و بکوژەکانیش دەستگیر نەکراون

 

سورێن عەبدوڵا توێژەری کۆمەڵایەتی بە (چاوی خەڵک)ی وت: کارەکانی میدیا لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی ناپرۆفیشناڵانەیە. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونییشەوە گەیاندنی زانیارییەکان نابێتە ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی.”

“توندوتیژی یاخود (کوشتن بە ناوی شەرەف) بابەتێکی کولتورییە و پەیوەندی بە هەموو ئەو بیروبۆچونانەی کۆمەڵگەوە هەیە کە ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە، بۆیە بۆ گۆڕانکاری و کەمکردنەوەی ئامارەکان  پێویستمان بە هەمان ئەو خوێندنەوە کولتورییە هەیە کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی کراوە.” سورێن وتی.

 

لە کاردانەوەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توندوتیژیدا، سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی  بە دروشمی: “هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە” لە تویتێکدا دەنوسێت: “کۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێشناکەوێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵگە نه‌توانێت به‌ ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی”

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment