کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، پاشماوەی کتێبخانەی بابانییەکانە

photo_2021-04-21_11-56-35

کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی دووەم گەورەترین کتێبخانەیە لەسەر ئاستی عێراق، زیاتر لە ٢٩ هەزار کتێب لەخۆدەگرێت. ئەوەی زیاتر ئەم شوێنەی گرنگتر کردووە دەستنوسەکانە کە مێژوویەکی درێژیان هەیە و پاشماوەی کتێبخانەی بابانییەکانە.

کاتێک شاری سلێمانی بنیاتنراوە یەکەم شوێن کە دروستکراوە مزگەوتی گەورەبووە، ئەو کتێبانەی ئێستا لە کتێبخانەی ئەوقاف پارێزراون ئەو سەردەمە لە قەڵاچوالانەوە گوازراونەتەوە بۆ مزگەوتی گەورە و لەوێ داندراون تا ساڵی ١٩٧٨، ئەوکاتە بڕیاردراوە ئەو کتێبخانەیە وەکو بەڕێوبەرایەتییەک مامەڵەی پێوەبکرێت و هەر لەناو ئەوێشدا شوێنێکی تایبەتی بۆ دادەنرێت و ڕەزامەندی  بۆ دەردەکرێت بکرێت بە بەڕێوبەرایەتی کتێبخانەی ئەوقاف و بگوازرێتەوە بۆ لای مزگەوتی سەید حەسەن، پاشان لە٢٠٠٧دا دێتە ئەم شوێنەی ئێستای.

کەوسەر محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی بە (چاوی خەڵک)ی وت:” ئێرە بە کتێبخانەی دایک یاخود بابانییەکان ناسراوە چونکە ئەو دەستنوسانە زۆر دانسقە و بێوێنەن، ژمارەشیان لە ٣٦٠٠ دەستنوس زیاترە کە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری کۆن لەخۆ دەگرێت و لای ئێمە پارێزراون.”

ئەو کتێبخانەیە هێندەی ئەو گرنگییەی هەیەتی خزمەت نەکراوە، کتێبەکان چەندین ساڵە لە دۆڵابی ئاسندا دانراون و بەوەش زیانیان پێدەگات، چونکە دەبێت ئەو شوێنە ئاڵ و گۆڕی هەوای هەبێت و کتێبەکان لە ڕوناکی و گەرماو سەرمای زۆر پارێزراون بن.

” ئێمە داوای چارەسەرگەیەکمان کردبوو کە لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت کتێبەکان جارێکیتر چارەسەر بکرێنەوە و بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵی دیکە پارێزراوبن، خۆشبەختانە ١٩ی نیسان لەوەزارەتی ئەوقافەوە پێمان ڕاگەیەندرا  ڕەزامەندی دراوە دروستکردنی چارەسەرگەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.” کەوسەر محەمە وای وت.

ژمارەی دەستنوسەکان لە ٦٠٠٠هەزار زیاتر بوون، بەڵام ئینگلیزەکان لەو سەردەمەدا کتێبەکانیان لەناو مزگەوتی گەورەدا سوتاندوە، لەو کاتەدا شێخ محەمەدی خاڵ لەژێر دارو ئاگرەکەدا هەندێکیانی کۆی کردۆتەوەو لایخۆی پارێزگاری لێکردون تا ماوەی پێشوو کتێبەکان گەڕێنراونەتەوە کتێبخانەی ئەوقاف.

بێخاڵ سەعید، بەڕێوەبەری پێشکەوتوو لە کتێبخانەی ئەوقاف، بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک) ی وت: “پێشتر کتێبەکان لە ناو دۆڵابەکاندا بوون، ماوەی ساڵێک دەبێت دەستمان پێکردوە کە ژورێک دروست بکەین بۆ پاراستنی کتێبەکان، چونکە هەندێکیان سوتاون یاخود حەشەرە خواردویەتی لە کۆندا.”

بەپێی وتەکانی بێخاڵ ئەم دەستنوسانە چەندەها ساڵ زیاترە ماونەتەوە، ئەوان دەیانەوێت بە پاراستنیان بە جیهانیان بناسێنن، چونکە دەستنوسی وا پارێزراون مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا.

زاناکانی سەردەمی بابانیەکان زۆرینەیان کوردبون و ئەو کتێبانەیان نوسیوە لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی چەندین وڵاتانی تریان کردوە و کۆمەڵێک کتێبی زۆری وڵاتانی چوار دەور یان هێناوەتەوە بۆ کتێبخانەی بابانیەکان.

شیرین ئەحمەد، سەرۆکی ئەمینداری کتێبخانەکە نزکەی ٣٤ ساڵە لەبەشی خواستن و خزمەتگوزاری خوێنەران کار دەکات. دەڵێت:” ئێرە سەرەتا لەسەر کتێبە شەرعییەکان، دینی و فقییەکان دامەزراوە، بەپێی تێپەڕینی ڕۆژگارو دەرچونی کتێبی زۆر، ئێستا وەکو کتێبخانەیەکی گشتی وایە و گشتگیرە لە هەموو بابەتەکان، و زیاتر لە ٢٩ هەزار کتێب بە زمانی کوردی و عەرەبی لێرە بەردەستە.”

لەو کتێبخانەیەدا دەستنوسەکان تەنها ئاینی نین، بەڵکو هەموو بابەتێک و زانستێکی تێدایە وەک پزیشکی، زانستی فەلکی و زانستی وشەو….چەندین بابەتی تر کە بەدەست نوسراوەتەوە، یەکێک لە زاناکانیش کە دەستنوسەکانی لەو کتێبخانەیەدایە کتێبەکانی “شێخ مەعروفی نۆدێیە”.

کەوسەر  محەمەد ،نزیکەی ساڵ و نیوێکە بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانییە، دەڵێت: ” ئەم شوێنە شیاو نییە بۆ کتێبخانە،  ئێمە ٣٠ هەزار کتێبی چاپکراومان هەیە کە کتێبی کۆنن و لە ئێستادا چاپ ناکرێتەوە، هەروەها کۆمەڵێک کتێبی تورکی و فارسیمان هەیە کە زۆر کۆنن لە کاتێکدا دەبێت شوێنەکە تەندروست بێت بۆ کتێبەکان، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین لە وەزارەتی ئەوقاف یان هەر لایەنێکی تر  شوێنێکمان بۆ دابین بکەن بتوانین کتێبخانەیەکی گەورەی نیشتیمانی بۆ دروست بکەین.”

پاراستنی کتێبەکان لای کەوسەر محەمەد ئەوەندە گرنگە لەگەڵ ئەوەی هیچ ژورێکیان نییە بۆ دامەزراندنی چارەسەرگەکە، ئەو ژورەکەی خۆی دەکات بە ژوری چارەسەرگە.

لەهەمان کاتدا زەینەب محەمەد، ماوەی ساڵێکە وەک بەرپرسی پاکردنەوە پاراستنی کتێب و دەستنوسەکۆنەکان کاردەکات سەبارەت بە پاراستنی کتێبەکان بۆ پەیامنێرەکەی(چاوی خەڵک) دوا: “کاتێک دەستنوسێک دێتە بەردەستمان یەکەمجار پاکی دەکەینەوە بە فڵچەی وشک کە تایبەتە بە کتێبەکان، دواتر ژمارەی لێدەدەین و دەیخەینە زەرفێکی کاغەز و هەموو زانیاریەکی وردی تایبەت بە کتێبەکە لەسەر دەنوسین.”

دوای کرداری پاککردنەوە دەستنوسەکان لە کتێبخانەکە سکان دەکرێت و بۆ خوێنەرانی دادەنێن بەمەبەستی پاراستن و هێشتنەوەی دەستنوسە کۆنەکان.

مژدە سەردار، کارمەند لە بەشی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان لەناو کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی،  دەڵێت: “لێرە گۆڤارە کۆنەکانیش بەزمانی عەرەبی و کوردی پارێزراون، هەتاو کۆنترین گۆڤاری  ئێرەیە و دوای ئەو هیوایە. ڕۆژنامەی کوردستان کە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە و بەدرخانییەکان دەریان کردووە لێرە پارێزراوە، ئەو ڕۆژنامانەی دەردەچن دانە بە دانە کۆیان دەکەینەوە تەجلیدیان دەکەین بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕگازریان بکەین.”

مەریوان سدیق، سەرۆک بەشی بەرگ تێگرتن لە کتێبخانەی ئەوقاف ووتی:” ئەم بەشە زۆر گرنگە لەم کتێبخانەیەدا چونکە پارێزگاری لە کتێبەکان دەکات جگە لەوەی وەک جوانکارییەکە بۆیان ، کاتێک کتێبە کۆنەکان دێتە بەردەستمان چاکیان دەکەینەوە بە هێلم یاخود دەیان دورینەوە و ئەگەر پێویست بکات، پاشان بەرگی دەکەین و کەپسی دەکەینەوە.”

كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، خاوەنی زیاتر لە ٢٩ هەزار دەستنووسە، كە بە زمانی فارسی و عەرەبی و كوردی لەبوارە جیاوازەكاندا نوسراوە، هەندێك لە دەستنووسەكانیش لەبەرگیراوی دووەمی نیە و ناتوانرێت لەبەریشیان چاپبکرێتەوە.

چاوی خەڵک \ تایبەت

Leave a comment