کەناڵە کوردییەکان، جیاوازی جێندەری لە ڕێگەی بەرنامەی بەزمەسات و پشوئامێز قوڵتر دەکەنەوە

Untitled design (8)

زۆربونی کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان و نەبونی پەیامی دروست لە بەرنامەکاندا و بێ ئەوەی هیچ جۆرە فلتەرێک لەسەر بەرنامەکانیان هەبێت. هەندێک لەو کەناڵانە بە پێی پەیڕەو و بەرنامەی خۆیان جۆرە پەیامێک ئاڕاستەی وەرگر دەکەن و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەها و کلتورو ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگە  دروست دەکات وئامانجیان شێواندنی کۆمەڵگەیەو بەرەو هەڵدێری دەبات.

“ئەو پرسیارەی ئاراستەی میوانەکان دەکرێن بەشێکی دەچێتە سەر خاڵی زۆر تایبەت کە هیچ پێویست ناکات کەسایەتی میوانەکەی پێ لەکەدار بکرێت”

د.سەلام نەسرەدین، مامۆستای زانکۆ بەشی ڕاگەیاندن، وەک مامۆستا و بینەرێک بۆ چاوی خەڵک ووتی” بنەمای سەرەکی هەموو بەرنامەیەک بەر لە ئەنجامدانی و پێشکەشکردنی دەبێت بزانین ئامانجی چییە ولە کوێی خزمەتی کۆمەڵگەدایە تا بتوانین بەردەوامی بە بینینی بدەین، هەروەها دەبێت بزانین ئەو پەیامەی دەدرێت بەوەرگر چ سودێک بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

ئەو کەسانەی تێێدا میوانداری دەکرێن کەسانێکی زۆر چەندبارەو سنودارن، بە بۆچونی خۆیان بەرنامەیەکی بەزمەساتە، بەڵام بە دیوێکی تر بەرنامەکان کار لەسەر ناساندنی کەسایەتی میوانەکان دەکات، لە هەمان کاتدا کە دێتە سەرزمانی دواندن و جۆری ئەو پرسیارەی ئاراستەی میوانەکان دەکرێن بەشێکی دەچێتە سەر خاڵی زۆر تایبەت کە هیچ پێویست ناکات کەسایەتی میوانەکەی پێ لەکەدار بکرێت، ئەم زانیاریانەش گرنگ نییە بەوەرگر بدرێت. کاتێک پێشکەشکار پرسیارێک دەکات خودی میوانەکەیە ڕێگە دەدات بەو زمانە بیدوێنێت بەداخەوە کە جۆرێک لە گاڵتە پێکردنی تێدا بێت، تەنانەت من لە بەرنامە ڕاستەوخۆکاندا جنێودان و قسەی ناشرینم بینیوە ئەمەش کارەساتی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ.”

هەروەها دەڵێت ” ئێمە کوشتەی یەک شتین هەموو دامەزراوەیەکی میدیایی لە هەرێمی کوردستان وا بەستەیە بە ئاراستەو سیاسەتێکی دیاریکراو، کە دەزگاکەش لە بەرژەوەندی ئەولایەنەی پێوەی پابەندە کاردەکات، کە ئەمەش بەئاسانی ناتوانی ڕێگەی لێبگیرێت ،بەڵکوبە شێوازی ئەکادیمی و زانستی  دەبێت، لە میدیادا پێویستمان بە یەکتر قبوڵکردن و بەهێز کردنی پەیوەندییەکانە ،نەک شکاندن و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نیوان تاکەکان.”

لە ڕوی شارەزایی و ئیتیکی پێشکەشکاری دکتۆر سەلام دەڵێت “ئەگەر بەدواداچونێک بکەین بۆ ئەو کەسانەی بەشدارن لەبەرهەمهێنانی ئەم بەرنامانەدا چەندیان خاوەنی بڕوانامەن لە بواری ڕاگەیاندن و پسپۆرن یاخود لانیکەم لە خولێکی ڕاگەیاندندا بەشداریان کردووە و لەسەر بنەما ئیتیک و یاسای ڕاگەیاندن زانیاریان هەیە، چونکە ئامانە هەموی بە بابەت و وانە خوێندکار لە خوێندنی زانکۆ یان پەیمانگا لە بەشی ڕاگەیاندن وەردەگرێت، بەڵام کاتێک کادرێک لەم پێوەرانە دەردەچێت بەشێکی بەرپرسیارێتییە کە دەکەوێتە سەر خودی دامەزراوە کە چونکە لەیاسای ڕاگەیاندندا هەردەستەواژەیەک ببێتە مایەی ناو زڕاندن یان گاڵتەپێکردن و جۆرێک لە بێبەهاکردنی مرۆڤ و هاوپیشەکانی تێدا بێت بەدڵنیاییەوە مافی هەرکەسێکە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە یاخود پێشکەشکارەکە یان ئەو میوانەی ئەو قسەیەی کردوە بکات.”

“لەبری ئەوەی میدیای کوردی ژنە کوردە سەرکەوتوەکان لە بواری زانستی ،مێژوویی، سیاسی و شۆڕش گێڕی نیشتیمان پەروەری بکات بە نموونەی باڵا بۆ نەوەکانی داهاتوو، کەسانێکمان نیشاندەدەن کە شەرم دەکەین گوێشیان لێ بگرین ئینجا وەرە بۆ گەنجێک لەبەردەم ئەم بابەتانەدا پەروەردە بێت!.”

د. نەزاکەت حەمە سەعید وەک ژنێک و مامۆستایەکی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی دەڵێت” لە ڕاستیدا ئەمانە دەرهاویشتەی کلتوری و سایکۆلۆژی و پەروەردەیی و جێندەرین، ئێمە لێرە نایەکسانی جێندەریمان هەیە و توندوتیژی دژی ژنان تا ئاستی دڕندەییمان هەیە، ئەم بابەت و بەرنامانە جیاوازی و کێشەی جێندەری قوڵتر دەکاتەوە لەهەمان کاتدا کاریگەری لەسەر کلتورو  بەها و ئایینی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەبێت. ئەمانە بەشێک نین لە میدیا، ڕاستە یەکێک لە ئەرکەکانی میدیا دەبێت بەزمەسات و پشوئامێز بێت بۆ وەرگر بەڵام ناکرێت ئەم بابەتانە کار لە کۆمەڵگە بکات و سوکایەتی بە ژنان بکات. بەداخەوە لەبری ئەوەی میدیای کوردی ژنە کوردە سەرکەوتوەکان لە بواری زانستی ،مێژوویی، سیاسی و شۆڕش گێڕی نیشتیمان پەروەری بکات بە نموونەی باڵا بۆ نەوەکانی داهاتوو، کەسانێکمان نیشاندەدەن کە شەرم دەکەین گوێشیان لێ بگرین ئینجا وەرە بۆ گەنجێک لەبەردەم ئەم بابەتانەدا پەروەردە بێت!.”

“دیاردەیەک پەیدا بووە کە ژن گۆڕیینەوەیە”

د. کەریم قەرەچەتانی، پسپۆڕ لەبواری دەروونی بۆ چاوی خەڵک دوا “میدیا هۆکارێکی باشە بۆ پەروەردەکردنی تاک، ٢٧ ساڵە بەرنامەی تایبەت بە پەروەردەو دەرونیم  هەیە و خاوەنی چەندین کتێبم لەو بوارە بەداخەوە خەڵک سەیری ئەو بەرنامانە ناکات، بەڵام لە کوردستاندا ڕاگەیاندنی کوردی بە هەموو کەناڵەکانی بینراو بیستراو خوێندراو تائێستا نەیانتوانیەوە لەسەر بنەمایەکی پەروەدەیی و ئەخلاقی و دەروونی پەروەردەی تاک بکات.”

“ڕاستە پیاوەکان ڕۆلیان هەبووە و کۆمێنتی ناشرینیان بۆ دەنوسن بۆ ئەو ژنانەی دەرکەوتون جا لەهەر بوارێک بێت، بەڵام ژن خۆشی ڕۆڵی نەرێنی هەبووە بۆ ناشرین کردنی شێوەی خۆی لە هەندێک دەرکەوتنی ژنان لە تیک تۆک و یوتوب و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانتر کاتێک بەشێوەیەکی نەشیاو دەردەکەوێت وێنەیەکی ناشرین دەدات بە تاکی کورد. ” د.کەریم قەرەچەتانی وتی

دەمەوێت ئەم قسەیە لە ڕێگەی چاوی خەڵكەو بۆ یەکەم جار بڵێم” دیاردەیەک پەیدا بووە کە ژن گۆڕیینەوەیە، ژن هاتووە بۆلام داوای هاوکاری دەکات دەڵێت هاوسەرەکەم پێم دەڵێت وەرە بۆ فڵان شوێن لەوێ ژن گۆڕینەوە هەیە لەگەڵ ڕێزم بۆ بەکارهێنانی ئەم وشەیە، بەداخەوە کۆمەڵگای کوردی گەیشتۆتە ئەو ئاستە، ژنەکە دەڵێت گەرئەمکارە نەکەم هاوسەرەکەم سزام دەدات و ئازاری زۆرم دەدات لە کاتێکدا من دایکی ٧ منداڵم نازانم ڕوو لەکوێ بکەم، ئەمانە هەمووی ئەم ڕاگەیاندن و وەزارەتی پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێم لێی بەرپرسن، ئەگینا کەی ژنی کورد کەی خێزانی کوردبەم کارەساتە گەیشتوە، ئەم ڕەفتارە لە قەومی( لوط) یشدا نەبووە تا ئێستا بە ژنی کور بکرێت، ڕاستە لە ئێستادا ڕێژەکەی کەمە و لەوانیە لە ١% بێت، بەڵام وردە وردە بەرەو هەڵکشان دەڕوات.”

“هونەرمەند پێگەو قورسایی خۆی هەیە، دەبێت بینەریش هەست بەوە بکات و بەوە دڵ خۆش نەبێت هونەرمەنک یان میوانێک لە بەرنامەکە سوکایەتی پێبکرێت و ببێتە مایەی پێکەنین”

ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەر وەک ئەزمونێکی بەشداری لە بەرنامەکاندا بۆ چاوی خەڵک دوا ”دەبێت ئەو هونەرمەندانەی کە بانگهێشتدەکرێن بۆ بەرنامەکان ڕێزیان لێبگیرێت و شایەنی ئەو خزمەت و ماندوبونە بێت، گرنگە ئەو پرسیارانەی ئاراستەیان دەکرێ شەرمەزارکردنی تێدا نەبێت، چونکە زۆر شت هەیە ناوترێ، یاخود زۆر شت هەیە لە بەرنامەدا باسناکرێت، هونەرمەند پێگەو قورسایی خۆی هەیە، دەبێت بینەریش هەست بەوە بکات و بەوە دڵ خۆش نەبێت هونەرمەنک یان میوانێک لە بەرنامەکە سوکایەتی پێبکرێت و ببێتە مایەی پێکەنین، ڕاستە قسەی خۆش و بەسەرهات جیایە گەرباسبکرێت بەڵام ئەوەی هونەرمەند گاڵتەی پێ بکرێت و ڕەزیل بکرێت ئەوە شتێکی قبوڵکراو نییە.”

“نابێت هیچ یەکێک لەو شتانەی لە بەرنامەکانیدا پەخشی دەکات ببێتە هۆکارێک بۆ جیاکاری ناو کۆمەڵگە و جیاوازی جێندەری دروست بکات یان سوکایەتی بێت بە ژن”

ئەریوان سیوەیلی، بەڕێوبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت “هەر کەناڵێک دەیەوێت مۆڵەت وەربگرێت دێتە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکاتی پێدانی مۆڵەت چەند مەرج و ڕێوشوێنێک هەیە کە پێویستە پابەند بن و نابێت هیچ یەکێک لەو شتانەی لە بەرنامەکانیدا پەخشی دەکات ببێتە هۆکارێک بۆ جیاکاری ناو کۆمەڵگە و جیاوازی جێندەری دروست بکات یان سوکایەتی بێت بە ژن، نەوەیەک یان لایەنێکی دیاریکراو. ئێمە وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو ڕێوشوێنانە دەگرینە بەر لەکاتی مۆڵەت دانان. ”

هەروەها دەڵێت ” بەشێکمان هەیە بە ناوی چاودێری کۆنترۆڵ، کە چاودێری تەلەفیزیۆنەکان دەکات. لە ئێستادا ژمارەی تەلەفیزۆنەکان زۆر زۆرن، ڕەنگە بۆ ئێمە قورس بێت چاودێری هەمویان بکەین لە یەک کاتتدا. بەڵام هەندێک کەناڵ لەکاتی بەرنامەکانیاندا ئەو ڕێنماییانە تێدەپەرێنن و لەبەرچاویناگرن، لە بەشی کۆنترۆڵ هەموی تۆماردەکرێت یان لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادار دەکرینەوەو لەو کاتانەدا کەناڵەکان نوسراوێکیان ئاراستە دەکەین و ئاگاداریان دەکەینەوە کە لەو کات و بەروارەدا بەرنامەکەتان دابەزیوە سوکایەتی بە ژن یان ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە. ئەگەر ئەم بەرنامانە چەند جارێک دوبارە ببنەوە ئەوا نوسراوێکی لەسەردەکەین و سەروخۆمانی لێ ئاگادار دەکەینەوە کە سزا بدرێن. ئەو بەرنامانە کە سوکایەتی بە ژن دەکات و بەشێوەیەکی ناشرین پیشانیان دەدەن و بەردەوامن لە پەخشکردن   ئێمە ناتوانین بەرنامەکانیان بوەستێنین چونکە نوسینگەی سەرەکیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نییە.”

چاوی خەڵک / تایبەت

.

Leave a comment