ژنانی دووگیان لەسەردەمی کۆرۆنا

pregnancy_coronavirus

”لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوونم پەراسویەکیان شکاندم، هەستم بە ناڕەحەتی زۆر کرد، هەستێکی زۆر ناخۆش بوو بیرم ناچێتەوە، بۆ تەقەڵ دەرهێنانەوەی  نەشتەرگەریەکەشم نەچومەوە نەخۆشخانەی منداڵبوون چونکە ترسا بووم لەوێ.”

سەرگوڵ مەحمود “سەرەتای بڵاوبونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کۆتایی دووگیانیەکەمدا بووم، کۆتاجار پزیشکەکەی خۆمم لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بینی، لەکاتێکدا هەست دەکەیت منداڵەکەت نزیکە لەوەی بێتە دونیاوە بەدڵنیاییەوە توشی دڵەڕاوکێ دەبیت و پێویستە پەرستیاران و پزیشکەکان نەرمونیان بن. بەڵام بەداخەوە لەو رۆژەدا بۆڵەبۆڵیان بەسەرمدا دەکرد و پێیان وتم کە نەشتەرگەریەکەت بۆ ناکەین چونکە لەکاتژمێر ٦ نەهاتووی بەڵکو ٨ هاتووی، منیش پێم وتن کە خۆتان وتوتانە پێویست ناکات ئەو کاتە بێم. و لە کاتی نەشتەرگەریی منداڵبوونم پەراسویەکیان شکاندم، هەستم بە ناڕەحەتی زۆر کرد، هەرگیز بیرم ناچێتەوە، بۆ تەقەڵ دەرهێنانەوەی  نەشتەرگەریەکەشم نەچومەوە نەخۆشخانەی منداڵ بوون چونکە ترسا بووم، بەڵکو چومە نەخۆشخانەی شار.”

 

”لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گروپی پزیشکی لە پسپۆری جیاواز پێکهاتبوو، منیش پزیشکی ژنانم دۆزیەوە گەر شتێکم هەبوایە پرسیارم لێدەکردن. دەمەوێت زۆر سوپاسیان بکەم کە هاوکارم بوون لەوکاتەدا”

 

ئەژین محەمەد  تەمەنی ٣١ ساڵە و باسی بارودۆخی خۆی دەکات بۆ چاوی خەڵک و دەڵێت “تۆرەکۆمەڵایەتییەکان لەکاتی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بۆ من سودی زۆر بوو، من لە سەرەتای دوگیانییدا بووم و بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە نەمتوانی بەهیچ ڕێگەیەک بە پزیشکەکەی خۆم بگەم، بۆیە لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان گروپێکی پزیشکیم دۆزییەوە لە پسپۆری جیاواز پێکهاتبوون و وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە، پزیشکی ژنانم دۆزییەوە گەر شتێکم هەبوایە پرسیارم لێدەکردن. دەمەوێت زۆر سوپاسیان بکەم کە هاوکارم بوون لەوکاتەدا، بەڵام هێشتا هەر نیگەران بووم چونکە وەک ئەوە نەبوو پزیشکەکەی خۆت بتبینێت.”

 

”ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمە بوو بەداخەوە خەڵک لەکاتی وادا نازانێ چی گرنگە بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بکات، بۆ نمونە پێویست ناکات لەو کاتە مەترسیدارەدا هاوڵاتیان بەدوای سکپڕیدا بگەڕێن”

د.شلێر فایەق غەریب بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵبونی سلێمانی تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” ژنانی دوگیان وەک هەموو کەسێکی ئاسایی چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت لە قەرەباڵغی و لەخۆنەپاراستنەوە تووش ببن، وەک هەر کەسێکی تر بەپێی ئەو ڕێژەیەی لە نەخۆشیەکە وەری دەگرێت کاریگەری لێدەکات، ئەگەر بێت و لەرزوتاتا یاخود کۆکە و تەنگە نەفەسی هەبێت بە دڵنیاییەوە منداڵەکە لەناو سکی دایکیدا ناڕەحەت دەبێت، ئەگەر دایکەکە پلەی گەرمی بەرز بێت ڕەنگە منداڵەکە بمرێت، یاخود هەر بەو هۆکارە پێش وەخت لەدایک دەبێت، لەوانیە کۆکە و کەمی ئۆکسجین منداڵەک وا لێبکات لە سکی دایکیدا گەشەی باش نەبێت.”

سەبارەت بەشێوازی چارەسەری ژنی دووگیان د.شلێر وتی” وەک کەسی ئاسایی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ڕەچاوی بارودۆخەکەش دەبێت بکرێت، بەتەنیا گرنگی بە دایکەکە نادرێت بەڵکو دەبێت ڕەچاوی ئەو دەرمانانە بکرێت کەدەدرێت بە دایکەکە لەهەمان کاتدا  لەسەر تەندروستی منداڵەکە کاریگەری خراپی نەبێت، خۆشبەختانە ژنی دووگیان لەسەرتای ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا ژمارەیان کەمە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.”

لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا نەخۆشخانەی منداڵ بوونی سلێمانی ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، نەخۆشێکی بێشومار ڕویان تێکردین، پزیشکی تایبەت بە پسۆپڕی ژنان و منداڵبوون بە خشتەی تایبەت شەو و ڕۆژ لە نەخۆشخانە کاریان دەکرد، هەندێک ڕۆژ دەگەیشتینە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ نەخۆش کە دەمان بینین.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوونی سلێمانی دەلێت” ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمە بوو بەداخەوە خەڵک لەکاتی وادا نازانێ چی گرنگە بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بکات، بۆ نمونە پێویست ناکات لەو کاتە مەترسیدارەدا هاوڵاتیان بەدوای سک پڕیدا بگەڕێن، یاخود هەندێک نەخۆشی ژنانە هەیە وەک ئیلتیهابات گرنگ نیە لەو کاتەدا سەردانی نەخۆشخانەی بۆ بکەی، زۆر بەی زۆری نەخۆشەکان کە دەهاتن حاڵەتی زەرور نەبوو، بەڵام حاڵەتیشمان هەبوو کە گرنگ بوو پزیشک بیبینێت لەسەر ئەوە لەگەڵ هاوڵاتیان توشی کێشە دەبووین، هەندێک لە ژنان  بێ ئەوەی هیچ کێشەیان هەبێت داوای سۆنەریان لێدەکردین، ئێمەش ناتوانین لەوکاتدا سۆنەر بۆ هەموو کەس بکەین کە دەبێت ئامێری سۆنەرەکە بۆ نەخۆشی لەناکاو و کتوپڕ و بارودۆخی گرنگ بپارێزین”

ئێمە لەو کاتەدە هەوڵماندا کەمترین لێدوان و کۆبونەوە بکەین بەمەبەستی خۆپارێزی، لەکاتی کەرەتنەکەدا ٤ لیدوانمان داوە و ڕێنمایمان بۆ هاوڵاتیان هەبوو، بەڵام بەگشتی ژنی سکپڕ دەبێت وەک کەسی ئاسایی

سەبارەت بە گرفتەکانیان د.شلێر دەلێت”  گرفتی ئێمە ئەوەیە دەبێت ژنی دووگیان بزانێت،هەموو قەرەباڵغیەک بۆ ئەوان خراپە، جاری وا هەبووە کاتژمێر ٢ی شەو نەخۆش هاتووە دەڵێت دەرمانێکم خواردوە دەترسم خراپ بێت بۆ منداڵەکەم کە ئەمە پێویست ناکات بەو کاتە بێتە نەخۆشخانە چونکە هەموو نەخۆشخانەیەک گریمانەی ئەوەی هەیە کە ڤایرۆسەکی تێدا بێت، پزیشک بەوە خراپ دەردەکەوێ لەبەردەمی نەخۆش کە پی دەڵێی بەم کاتە مەترسیدارە بۆ شتی گرنگ نەبێت سەردانی نەخۆشخانە مەکە، هەندێکیانیشیان باوەڕیان هەر بەو بارودۆخە نەبوو.”

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی لە کاتی نەشتەرگەری وەردەگیرێت بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوونی سلێمانی, وتی ” نەشتەر گەری بەپەلە بە پارە نیە، بەڵام نەشتەرگەری سارد بڕێک پارەی کەم وەردەگێرێت بۆ پزیشکی سڕ کردن و کارمەنداکان بۆ ئەوەی هانیان بدەین، چونکە لەم کاتەدا پزیشکی سڕکردنەکان براون بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، ژمارەیەکی زۆر کەممان لا ماون ئێمەش وەک هاندانیک بۆیان ئەو بڕە کەمە لە نەخۆش وەردەگرین تا پەکیان نەکەوێت.

لە کۆتاییدا ڕێنامیی د.شلێر پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون و نەزۆکی بۆ ژنانی دووگیان” پێویستە خۆیان بپارێزن لە چونە قەرەبڵغی و وە ماسک و دەستکێش بەکار بهێنن، خواردنی ڕۆژانەیان بەشێوەیەک بێت ڤیتامینی زۆر تێدا بێت وە بەردەوام ئاوی زۆر بخۆن، بەهیوای تەندروستی باش و سەلامەتی هەموو لایەک.”

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment