ناز، دوو کاری جیاواز بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی

کچێکی کورد نزیکەی سێ ساڵ دەبێت لە ڕێکخراوی یاسمین لە هۆڵندا کاردەکات، ئەم ڕێکخراوە یارمەتی ژنان دەدات کە پێویستیان بە هاوکاری بێت، وەک ئەو ژنانەی ماڵیان بە جێهێشتووە بەهۆی کێشەی خێزانی یاخود دەرکرابن و ڕوبەڕووی توندو تیژی بونەتەوە لەگەڵ چەندین جۆر هاوکاری تر.

ڕێکخراوی (یاسمین) لە ١٩٨٢دا لە  شاری لاهای هۆڵندا دامەزراوە بۆ کارکردن لە بواری ژنان بۆ  یارمەتیدانیان.

کاتێک کەیسێک دەچێتە ڕێکخراوی یاسمین ئەوان سەیری کێشەکەی دەکەن و پاشان بە پێی ئەو پەیوەندیانەی هەیانە لەگەڵ شارەوانی و چەند ڕێکخراوێکی تر کەیسەکە دەخەنە ڕوو تاکو بزانن پێویستی بەچ یارمەتیەک هەیە و پارێزەری بۆ دابین دەکەن.

ناز عەتا محەمەد (٣٦)ساڵ، لەشاری سلێمانی لەدایکبووە و ماوەی ٢٦ ساڵە لە هۆڵندا دەژی، ئەو لە ڕێکخراوی یاسمین کاری وەرگێڕانی زمانی کوردی و عەرەبی دەکات بۆ هۆڵندی، جگە لەمانەش هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کەبەدوای کاردا دەگەڕێن و یارمەتیان دەدات بۆ دروستکردنی  (Cv) لەگەڵ ئەوەشدا لەڕێگەی پێدانی چەند کۆرسێکەوە زانیاری زیاتریان دەداتێ.

ڕێکخراوی یاسمین بەردەوام خولی ڕاهێنانی هەیە بۆ ژنان، وەکو خولی فێر بوونی زمان، کۆمپیوتەر، خواردن درووست کردن و درومانی، هەروەها خولی تایبەت بەوەی چۆن ژنان فێربکات (Cv) درووست بکەن و چۆن بە ئۆنلاین بەدوای کاردا بگەڕێن.

” کاتێک ژنێک دێت بۆ لای ئێمە و دەیەوێت کاری دەست بکەوێت  ئێمە قسەی لەگەڵ دەکەین دەیەوێت لە چ بوارێکدا کار بکات تا (Cv) بۆ دروستبکەین، پاشان چەند کارێکی بۆ دەدۆزینەوە کە ڕەنگە لەبواری جیاوازدا بێت جگە لەوەی خۆی دەیەوێت، بۆ ئەوەی متمانە بە خۆی بکات ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیلی شوێنی کارەکەی پێدەدەین  تا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دابنێت، پاشان من دوای سێ هەفەتە قسەی لەگەڵ دەکەمەوە بزانم چی کردووە و لە کارەکە گەیشتووە بە کوێ” ناز وای وت

ئەو ژنانەی خاوەنی کەیسن و سەردانی ئەو ڕێکخراوە دەکەن زۆر بەکەمی هاوڵاتی هۆڵندی و کوردن، زیاتر ئەوانەن کە لە میسڕ، تونس، عێراق و ئێرانەوە هاتون و لە لایەن هاوسەر یان خیێزانەوە توشی توندوتیژی  بوون  کە هەموو تەمەنە جیاوازەکانیشی تێدایە  لە ٢٠ بۆ٦٠ ساڵ لەم ڕێکخراوە هاوکاری یارمەتی وەردەگرن و سودمەند دەبن.

ناز و کۆمەڵێک لە هاوکارەکانی

 

ناز بە چاوی خەڵکی وت”جارێکیان ژنێکی ٦٠ ساڵ، دوای  ماوە یەکی زۆری هاوسەرگیری تووشی کێشە ببوو، ئەو ژنە بەتەمەنە  تا ئێستا هیچ شوێنێک لەناو شارەکەدا شارەزا نەبوو چونکە هاوسەرەکەی ڕێگەی نەدابوو هەروەها نەیهێشتبوو  کاربکات و موچەی هەبێت، لەکاتێکدا ئێمە وەک ڕێکخراو بەردەوام کۆرسمان هەیە تا ژنان بتوانن لەسە پێی خۆیان بۆستن پشت بە خۆیان ببستن”

ناز لە هەمان کاتدا لە شارەوانی کاردەکات کە سەربەحکومەتە و ئەمەش سوودی بۆ کارکردنی لە ڕێکخراو لێدەبینێت.

ناز دەڵێت” ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی تر نیە، ئەگەر بێتە سەر ئەوەی کاری وڵاتانی تری تێبکەوێت و ژنێک بیەوێت بڕواتەوە وڵاتەکەی خۆی، لەو کاتەدا کەیسەکە ڕادەستی شارەوانی دەکەین بۆ ئەوەی ئەوان چارەسەری بۆ بکەن، لێرە شارەوانی بەشێکی هەیە کە ئەو ئیشانە دەکات”

ناز جگە لەکارەکانی ناو ڕێکخراو لە شارەوانی ئەو وڵاتە لە بەشی (armoederegeling) کاردەکات واتا بەشی بەرنگاربونەوەی هەژاری کە بۆ ئەو کەسانەیە هیچ موچەیەکیان نیە وە هەنذێکشیان خۆیان کاردەکەن بەڵام موچەکەیان کەمە و بەشی هەندێک شت ناکات کە بڕێکی زۆرپارەی دەوێت وەکو نەشتەرگەری گەورە یاخود کڕینی کەل و پەلی گرنگی ماڵ  یان بۆ گرتنی پارێزەر کە ئەو بڕە پارەیەی پێنیە لەم ڕێگەیەوە بەچەند مەرجێک یارمەتی دەدرێت.

ئامانجی ڕێکخراوی یاسمین ئەوەیە بە هەر شێوازێک بێت یارمەتی ژنان بدات لە سفرەوە تا ئەو شوێنەی خۆی دەیەوێت پێی بگات وەک فێرکردنی زمان تا کاری ڕۆژانەیانی پێبکەن و وەرگرتنی چەند کۆرسێکی تازە لە بواری جیاواز، هەروەها پێدانی زانیاری سەبارەت بە مافەکانی ژنان کە دەتوانێت کاربکات و فێری ئەو شتانە بێت کە دەیەوێت و  لە هەمان کاتدا ئەو بۆچونانە لە مێشکیان بسڕدرێتەوە دوبارە پەروەردە بکرێنەوە کە ژنان بەهۆی باردۆخی خێزان یاخود کلتوەرە فێر کراون کە بڵێن هیچ نازانین و هیچ فێر نابین.

 

ڕێکخراوی یاسەمین لە هۆڵەندا

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment