فێربە بڵێ “نا” نەخێر!

107481710_2613381185544319_1981989088674735824_n

کلتور و پەروەردەوی کوردەواری بە شێوازێکە  وا لە مرۆڤی کورد دەکات پێش خۆی بیر لە ئەوانیدی بکاتەوە. خراپ نیە کە بیر لە خەڵکانی دەروپشتمان بکەینەوە و هاوسۆز و هاوخەمیان بین وە دەستی هاوکارییان بۆ درێژبکەین. لەسەر ڕۆشنایی ئەو پەروەردە و کلتورەی هەمانە، قورسە کەسێک داوی هاوکاریت یان کارێکی بۆ ئەنجام بدەیت بڵێین ” ببورە کاتم نیە” یان ” هیلاکم و ناساغم ناتوانم ئەو هاوکاریەت بکەم”.

لە کۆمەڵگای ئێمە ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیە نامۆیە و ئەگەر بەم شێوەیە وەڵامی دراوسێیەکت بدەیەوە یان هاوڕێیەکەت ئەوە لەوانەیە تا ژیانت ماوە قسەت لەگەڵ نەکات، بیرناکاتەوە تۆش مرۆڤیت و هیلاک دەبیت و نەخۆش دەکەویت یان هەر هۆکارێکی تر وات لێبکات نەتوانیت یارمەتی بدەیت. تەنانەت لە شوێنی کارکردنیش ئاسان نیە بڵێین نا، هەر کارێک چەندە قورس بێت ئاسان نابێ بە بەڕێوەبەکە بڵێین ئەمە زۆر هیلاکم دەکات، نابێ ئەم هەموو کارەم پێبسپێریت،گرنگە فێر بین بڵێن نەخێر.

کاتێک ناتوانین بڵێن نەخێر، ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانت و جەستە و دەروونمان، زوو هیلاک دەبێت. هەروەک باسمکرد گرنگە هاوکاری خەڵک بکەین و بەدەم داواکاریەکانیان بچین، بەڵام لەو کاتانەی کە نەبێتە هۆی ئەوەی پاڵەپەستۆ لە سەر جەستە و دەروونمان هەبێت. لەوانەیە هەندێ جار لە ڕووی دەروونیەوە هیلاک بین، بۆیە ئاساییە کەسێک داواکاریەکی هەبوو، بڵێن ببورە لە بارودۆخێکی دەروونی باش نیم، با بۆ جارێکیتربێت، بەرامبەرەکەشتمان بە ئاسایی وەریبگرێت و تێگەیشتنی هەبێ.

با خۆمان خۆشبوێت و گرنگی بە خۆمان بدەین و خۆمان فەرامۆش نەکەین لە پێناو هیچ کەسێک، ئەمە بەو مانایە نیە کە خۆپەرستبین، بەڵکو گرنگی بەخۆمان بدەین، گەر لە ڕووی دەروونی و جەستەیی زۆر باش نەبین ناتوانین هاوکاری و هاوسۆزی بەکەس ببەخشین.

ڕەهێڵ دزەیی

Leave a comment