شانیان تەیب؛ ئەو کەسەی لە ڕێگەی فری پلازماوە پلازما دەبەخەشێت، ئێمە بڕوانامەی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی پێدەبەخشین

photo_2020-07-20_12-35-58

ڕێکخراوی فری دکتۆر لە کۆمەڵێک کەسانی گەنج و بەتوانا پێک هاتون، کە لە ٩٨% ی ستافەکە خوێندکاری بەشە پزیشکییەکانن، هەروەها چەن کەسێکی تر لەم ڕێکخراوە کاردەکەن کە خاوەنی بەهرەن، وەکو دیزاینەر یان فۆتۆگرافەر کە بۆ کارەکە هاوکار و یارمەتیدەرن، ئەم خوێندکارانە ئەو کارە پزیشکیانەی لە توانایاندا هەیە و ڕێگە پێدراوە بۆیان و لە خزمەتی خەڵکدا بێت دەیکەن، ڕێکخراوی فری دکتۆر لە ١/١/٢٠١٩ دامەزراوە، یەکەم ئیڤێنتی ڕێکخراوەکە لە ٧/١ ی ئەو ساڵەدا بوو.

شانیان تەیب خوێندکارە لە کۆلێژی زانست بەشی کیمیا، ئەم ڕێکخراوە کاردەکات بۆ سوود گەیاندن بە هاوڵاتیان، لە هەر بوارێک بێت لە کەرتی تەندروستی و هاوکاری کردنی چینی هەژاران.

شانیان لێپرسراوی کاروچالاکییەکان لە لقی سلێمانی، بۆ چاوی خەڵک دوا” لە سلێمانی کارو چالاکییەکان ڕێکدەخەم، کاتێک ئیڤێنتێک دەکەین لە ڕووی ڕێکخستن و پلاندانانەوە پێویستیمان بە هەر شتێک بێت وەکو ڕێگە پێدان یان کۆبونەوە لەگەڵ لایەنێکی دیاری کراو بۆ باشتر بەڕێوەچونی ئیڤێنتەکە من دەیکەم، یاخود لەکاتی دەست پێکردنیدا سەرپەرشتی ئەوە دەکەم کە ئەو پلانەی دامانناوە وەک خۆی لەسەری بڕۆین، ئەمەش بە هاوکاری ئەندامانی  تیمەکە چونکە هەمیشە هاوکاریم دەکەن.”

شانیان دەڵێت” لە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێش ئەوەی سلێمانی کەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆی تێدابێت لە ٣/٣ یەکەم ئیڤێنتمان دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد، تیایدا هۆشیاریمان بڵاوکردەوە بە هەڵواسینی ٢٤ پۆستەری گەورە ئەمەش بە هاوکاری ڕێکخراوی ڕێباز فاوندەیشن. پاشان ٥٠٠٠ نامیلکەمان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرد سەبارەت بە چۆنێتی خۆپارێزی بڵاوکردەوە لەگەڵ دابین کردنی ماسک بۆ خانەی بەسەڵاچوان و بێ سەرپەرشتانی سلێمانی، بەهەمان شێوە ٥٠٠٠ ماسک دابەش کرا بەسەر هاوڵاتیان و وە لە دەرمانخانەکان دانران تاکو بێبەرامبەر بیدەن بە خەڵک چونکە لەو کاتەدا نرخی زۆر بەرزبوو.”

هەروەها وتی “بەرنامەیەکمان هەیە بەناوی((FUD واتا ( Free Doctors Union) لەم بەرنامەیەدا پزیشکان لەهەر شارێکەوە بێت لەگەڵماندا بەشدار دەبن، بۆ نمونە پزیشکی سلێمانی لە (FUD)ی سلێمانیدا دەبێت، کە تەنیا یەک پسۆپری لە خۆی ناگرێت بەڵکو پزیشکانی سۆنەر و تیشک و تاقیگەو هەر بوارێک لە کەرتی تەندروستیدا خزمەت بە هاوڵاتیان بکات لەم بەرنامەیەدا هەیە.”

شێوازی کارکردنی ئەم بەرنامەیە بە جۆرێکە کە پزیشکێک لە بوارەکەی خۆی بە ئێمە دەڵێت مانگی نەخۆشێک یان زیاتر بێبەرامبەر چارەسەر دەکەم، ئێمەش ناوی نەخۆشەکانمان لایە، کەسانی کەم دەرامەت خۆیان پەیوەندیمان پێوە دەکەن، کامیان لە پێشتر بێت بەپێی بارودۆخەکەی دەینێرینە لای. ”

واتە مانگی ٦٠٠ نەخۆش بێبەرامبەر بەگشتی لەم بەرنامەیەدا چارەسەردەکرێن و لە ئێستاشدا لە تواناماندایە لە سلێمانی ١٠٥ نەخۆش وەربگرین.

شانیان وتی” یەکێکیتر لە پڕۆژە گرنگەکانمان لە ئێستادا پڕۆژەی فری پلازمایە کە سەرەتا لە گروپێکی فەیسبوکەوە دەستمان پێکرد پاشان لەگەڵ بانکی خوێن ڕێککەوتین، ئێمە داتای ئەو کەسانەمان لایە کە بەخشەرن، پەیوەندیان پێوە دەکەین ئەگەر ئامادە بوو پلازما ببەخشێ لەگەڵ کەسێکی وەرگر ڕێکیان دەخەین.

پاشان لەڕێگەی بانکی خوێنەوە ئاگادار دەکرێینەوە ئەو کەسانەی پلازمایان وەرگرتوە و چاک بونەتەوە ئێمە پەیوەندیان پێوە دەکەین بۆ ئەوەی دوبارە ئەوانیش پلازما ببخەشن، بەمەش ڕۆژانە کارەکە گەوەتر دەبێت، هاوکات ئەو کەسەی لە ڕێگەی فری پلازماوە پلازما دەبەخەشێت ئێمە بڕوانامەی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی پێدەبەخشین و بەو بڕوانامەیە دەتوانێت خەڵات وەربگرێت لە هۆڵێکی لەش جوانی یاخود چارەسەری ددانیان لای پزیشکێکی پسپۆر بێبەرامبەر بۆ بکرێت.”

“ئامانجمان لەم ڕێکخراوە ئەوەیە کەسانێک ڕابهێنین لە ئێستاوە کاتێک دابنێت بۆ کەسانی هەژار بێبەرامبەر چارەسەر و هاوکارییان بکات، هەروەها دوای  تەواوکردنی خوێندینیش کە کلینک و تاقیگەی خۆی هەبوو لەسەر ئەم کارە بەدەوام بێت، جگە لەمانەش دەمانەوێت دیدگای هاوڵاتیان بگۆڕین کە چیتر منداڵ یان گەورە لە جلە سپیەکانی پزیشک نەترسن هەروەها تێڕوانینی بێ ویژدانی بەرامبەر بە پزیشکان لە بۆچونی خەڵک بگۆڕین تا بتوانین لە کەرتی تەندروستی خزمەتی هاوڵاتیان و بەتایبەت چینی هەژارانی پێ بکەین.” شانیان وتی.

دەربارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە شانیان وتی “رێکخراوی فری دکتور خاوەنی ١٨ ئیڤێنت و ٢٥ چالاکی بچوکە کە لایەنی پزیشکی لە خۆی دەگرێت، بۆنمونە ساڵی پار لە ڕۆژی شەکرە لە هەر سێ پارێزگای سلێمانی، کەرکوک وهەولێر لە یەک کاتدا هەمان ئیڤێنت بەڕێوەچوو، لە مۆڵەکاندا پشکنینی شەکرەمان بۆ هاوڵاتیان دەکرد هەر لەوێش وەڵامی پشکنینەکانیان وەردەگرتەوە، گەر کەسێک دەربکەوتایە شەکرەی بەرزە وە کەم دەرامەتە ئەوا ئامێری پشکنینی شەکرەمان پێدەدا.”

هەروەها چوینە خوێندنگەیەکی سلێمانی و پشکنینی چاو ئەنجامدرا و خوێندکاران فێرکران چۆن فریا گوزاری سەرەتایی بکەن.

ڕێکخراوی فری دکتۆر  ئۆفیسی سەرەکی لە کەرکوکە، هەروەها لە سلێمانی و هەولێر و تکریت و موسڵ، لقی هەیە.

 

Leave a comment