دەرگای خانووەکان بەسەر زگورتییەکاندا کڵۆم دراوە

suleymaniye-sehir

لەنجە عەبدوڵا چالاکوانی مافی ژنان کاتێک لە شاری هەولێر بەدوای خانوودا دەگەڕێت یەکەمین پرسیار کە خاوەنی نوسینگەکە لێی دەپرسێت دەڵێت: “خوشکم تۆ چ حیزبێکیت” دواتر لێی دەپرسێت: “لەگەڵ کێ دەژیت؟” لەنجە لە وەڵامدا دەڵێت: “خوشکەکەم” ئەویش دەپرسێت: “ئەدی مێردەکەت؟” لەنجە دەڵێت نەموێرا بڵێم مێردم نییە، وتم: “لە سەفەرە” خاوەن نوسینگەکەش دەڵێت: ” بەخوای زەحمەتە خانوو بدەین بە ژنێک تەنیا بێت”.

هێشتا ژیان و سه‌ربه‌خۆی تاكه‌كان له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز نامۆیه‌ به‌دونیای ئێمه‌

ڕێبین مستەفا توێژەری کۆمەڵایەتی، دەربارەی پێنەدانی شوێنی نیشتەجێبوون بە زگورتی و بە تایبەتیش بە ژن بۆ (چاوی خەڵک) وتی: هێشتا ژیانی سه‌ربه‌خۆی تاكه‌كان له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز نامۆیه‌ به‌دونیای ئێمه‌، كاتێك كۆمه‌ڵگەیه‌ك ئاماده‌ نه‌بێت ژیانی ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كان قبوڵ بكات بێگومان ئاماده‌گی ئه‌وه‌شی تێدا نابێت شوقه‌ یان ماڵ به‌ ژن یان كچان بدات.

“تێڕوانین بۆ جه‌سته‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان، جه‌سته‌ی ژن له‌دیدی كۆمه‌ڵگەی كوردیدا خاوه‌نێكی هه‌یه‌ و سه‌ربه‌خۆ نییه،‌ ئینجا خاوه‌نه‌كه‌ برا و باوك بێ یان مێرد، نێرینەکان خۆیان به‌ خاوه‌نی جەستەی ژن دەزانن، بۆیه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك پۆلیسێكی ئه‌خلاق كنه‌ و چاودێری ژنان و جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن و ڕێگە ناده‌ن به‌ته‌نها بژین.”

بۆ کەسێکی زگورتی کێشەی بەکرێگرتنی خانوو یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکان، ئەگەر بۆ زۆرینە کێشەکە لە نرخی کرێ و جۆری خانووەکەدا بێت بەڵام، بۆ ڕەگەزی مێ کاتێک دەیەوێت بە تەنیا خانوویەک بگرێت، کێشەکە جۆرێکی ترە و ڕوبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە.

یەکێک لە نوسینگەکانی خانوبەرە لە بارەی بە کرێدانی خانو بە زگورتی بۆ )چاوی خەڵک( وتی: “زگورتییەکان لە ناو گەڕەکەکاندا خانویان دەست ناکەوێت یاخود زۆر بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، من ١١ ساڵە ئەمە پیشەمە بەڵام تا ئێستا هیچ خانوویەکم بە زگورتی نەداوە، نە ژن نە پیاو، جگە لەوەش خاوەن ماڵەکەش هەر ڕازی نابێت”

هەروەها وتی: ” من هەرگیز ئەو مامەڵەیە ناکەم، حکومەتیش زۆر سەخت ڕازیدەبێت خانوویان پێدەدات، دانیشتوانی گەڕەکەکە و خاوەنی ماڵەکەش ڕازی نابن خانوو بدەنە کەسێکی تەنها ڕەنگە بۆ پیاو هەندێک چاوپۆشی بکرێت، بەڵام بۆ ژن دەبێتە مەحاڵ.

 

 

خانوو بەو کەسانە نادەین کە کێشەیان نییە و تەنیا بۆ خۆشی دەیانەوێت بە تەنها بژین

 

ئەفسەرێک بە پلەی مفەوەز کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین لە لێدوانێکدا بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هەموو کەسێک مافی نیشتەجێبوونی هەیە بەڵام، ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان دەکەین و ئەگەر بزانین بێ کێشەیە، نیشتەجێی دەکەین و بە پێچەونەشەوە نایکەین”

هەروەها وتی “ئەگەر کەسێکی زگورتی کە دایک و باوکی نەمابێت، یاخود لە شارێکی دیکەوە هاتبێت و کاربکات، بەو مەرجەی پشتگیری کارەکەی بهێنێت، شوێنی نیشتەجێبوونی پێدەدەین. بەڵام خانوو بەو کەسانە نادەین کە کێشەیان نییە و تەنیا بۆ خۆشی دەیانەوێت بە تەنها بژین.”

من هیچ کەس و ناسیاوێکم نەبوو لەگەڵیاندا بژیم. بەناچاری بڕیارمدا لە دەرەوەی سلێمانی بەدوای خانوودا بگەڕێم

 

ژنێک چیرۆکی بەکرێگرتنی خانووی بۆ گێڕاینەوە: “ڕوبەڕووی توندوتیژی خێزانی ببومەوە و لە هاوسەرەکەم جیابومەوە. لەگەڵ منداڵە ٨ ساڵانەکەمدا هاتمە سلێمانی. کەیسەکەشم لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان بوو، مافی پەنابەرێتی “ئیقامە”شم وەرگرتبوو، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی ئافرەتێکی تەنیا بووم، خانویان پێنەدام.

تەنانەت دەرەوەی سەنتەری شاریش گەڕام، بەڵام هەر نەمدەتوانی خانویەک بە کرێ بگرم، لەکاتێکدا من هیچ کەس و ناسیاوێکم نەبوو لەگەڵیاندا بژیم، بەناچاری بڕیارمدا لە دەرەوەی سلێمانی بەدوای خانوودا بگەڕێم، چومە قەڵادزێ، لەوێش پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ڕێگەیان پێدام لەو خانووەدا بژیم.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەرێم دەستمانکەوت نزیکەی 200 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن و 34 هەزار خێزانیان لە پارێزگای سلێمانین. ئاماری ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨

بەرهەم قەرەداغی سکرتێری کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی کرێنشینان بە (چاوی خەڵک)ی ڕاگەیاند: ئامارەکەی حکومەتی هەرێم کەموکوڕی تێدایە و  ژمارەکە زۆر زیاترە لە ٢٠٠ هەزار، چونکە زۆرێک لە خەڵک خۆی ناونووس نەکردووە و بەشداری ئەو سەرژمێریەی نەکردووە.

 

 

Leave a comment