نور، لەئەندازیارییەوە بۆ وێنەکێشان

34900562_1532819903513904_6459335998038867968_n

لە منداڵییەوە ‌دەستی وێنەکێشانی هەبوو، ئەندامانی خێزانەکەی هەموویان پزیشک و ئەندازیارن و نوریش کچە بچوکیانە، ئەو دوای تەواوکردنی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز، بۆ نور زۆر قورس بوو بڵێت ناچمە کۆلێژی ئەندازیاری و لە ٢٠١٧دا بڕوانامەی ئەندازیاری وەرگرت.

کاتێک بڕوانامەی لەو بەشەدا بەدەستێنا لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری کاری دەکرد بەڵام وەک ئەندازیار نا بۆیە هەر بەزوویی واز لەو کارەی دەهێنێت و بە خێزانەکەی دەڵێت”ئەوەی ئێوە بەدڵتان بوو کردم بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە خۆم دەمەوێت ئەویش وێنەکێشانە. هەر لەو ڕێگەیەشەوە ئێستا خاوەنی پڕۆژەیەکە بەناوی (لاریکسا)”.

نور موحسین ( ٢٥) ساڵ، دەرچوی کۆلێژی ئەندازیاری میکانیکە، بەشێکی داهاتی پڕۆژەکەی دابینکردوە بۆ ڕواندنی درەخت و سەوزایی و لەم ڕێگەیەشەوە خزمەتی سروشتی کوردستانی پێ دەکات.

 

 

“دوای تەواوکردنی کۆلێژ هیچ کارێک نەبوو لەو بەشەی تەواوم کرد کاری تێدا بکەم، بۆیە دەستمکرد بەوێنەکێشان و پاشان بەشداری خولێکم لەوبوارەدا کرد و لەڕگەی سەیرکردنی یوتوب و دووبارەکردنەوەی شتەکان بەرەوپێشتر چووم” نور وای وت.

ئەو دوای فێربوونی وێنەکێشان بۆ ماوەی سێ مانگ وەکو مامۆستای هونەر وانەی دەوتەوە، بەڵام هەر زوو وازی هێنا چونکە ئەو دەیەوێت وەک هونەرمەندێک کاری هونەری بکات.

“کاتێک ڕاهێنانی وێنەکێشانەکەم تەواو کرد مانگێک دوای ئەوە دەستم کرد بە فرۆشتنی وێنەکان، کە پۆرترەیتی کەسەکان خۆیانم بەڕەساس دەکێشا و لە بەرامبەریدا بڕێک پارەم وەردەگرت.دواتر دەستمکرد بە وێنەکێشان بە بۆیەی زەیتی لەسەر دیوارەکان.”

 

 

ڕێکخراوێکی ئەمریکی هەڵدەستێت بە پشتگیری کردنی ئەو گەنجانەی بیرۆکەی بازرگانیان هەیە، خولی ڕاهێنان دەکاتەوە کە تێیدا بەشداربوان فێری شێوازی بازرگانی و مۆدێل کردنی دەکەن، بەچەند تاقی کردنەوەیەک نور توانی بگاتە بەردەم دادوەرەکان وبزنس پلانی خۆی پێشکەش بکات و یەکێک بێت لەو کەسانەی کە بڕێک پارە بۆ پرۆژەکەی خەرج بکرێت.

نور بە(چاوی خەڵک) ی وت ‘ ئێستا لەسەرەتای کارەکەدام و ئامێری تایبەت بەو کارەم کڕیوە و پۆشاکەکانم داوە بەکرد. ناوی براندەکەش (لاریکسا) یە کە کورتکراوەکەی واتا ڕەگی سنەوبەرە وێنە دەخەینە سەر جل و بەرگ، وێبسایتێکیشمان هەیە هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەیەوە داوای بکەن، وێنەی سەر جل و بەرگەکانێش زیاتر بەلای سروشت و سەوزاییدا دەڕوات”.

 

 

ئامانجی نور وەک کچێکی هونەرمەند ئەوەیە کاری خۆی هەبێت، لەهەمان کاتدا هانی گەنجانی دەوروبەر بدات کاربکەن و لە هەمان کاتدا چاوی لێبکەن کە گرنگی بە پاراستنی ژینگەی دەوروبەریان بدەن کە وەک پاداشتێک  بۆکۆمەڵگە خزمەتی ژینگەی کوردستانی پێبکرێت.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment