بڵاوکردنەوەی ماسک بە شەقامەکاندا

photo_2020-07-16_14-53-37

ئێوارەوەی ١٥/٧/٢٠٢٠ لە شەقامی سالمەوە بۆ لای بەردەرکی سەرا، لە کەمپەینێکی خۆپارێزیدا ڕێکخراوی ئازادبوون دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ماسک بەسەر هاوڵاتیاندا کرد.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە لە شەقامی سالمی ناسراو بە سەهۆڵەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوی ئازادبوون کەمپەینێکی ڕاگەیاند بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و میانی کەمپەینەکەشدا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ماسک بەسەر هاوڵاتیاندا کرد.

ئەم کەمپەینە هاوکات لە هاولێر و ڕاپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، لە هەر ناوچەیەک بە پێی توشبووانی کۆرۆنا ماسک بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکرا.

دەقی بەیاننامەکەی هەڵمەتی خۆپارێزی ڕێکخراوی ئازادبوون:

پاش بڵاوبوونەوەی چڕی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) لە تەواوی دنیا بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و ئەو گیروگرفتە تەندروستییانەی بە دوای خۆیدا هێنای، بەپێی ڕاپۆرتە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان، بەکارهێنانی دەمامک یەکێکە لە ئامڕازە هەرە گرنگەکانی ڕێگریکردن لە هەڵگرتن و تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.

لەم سۆنگەیەوە، ڕێکخراوی ئازادبوون (بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان)، لە قۆناغی ئەرکی بەکرددانی ٥٠،٠٠٠ دەمامکی لە ئەستۆ گرت و بە ڕێژەی جیاواز و بەپێی پێویست بەسەر هاووڵاتییانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە دامودەزگا و شوێنە قەرەباڵغەکاندا دابەشی کردن، کە ئەمەی خوارەوە ئامارەکەیەتی:

ناوشاری هەولێر: ١٠،٠٠٠

ناوشاری سلێمانی: ١٥،٠٠٠

دەڤەری ڕاپەڕین: ٧٠٠٠

دەڤەری گەرمیان: ٨٠٠٠

هەڵەبجە و دەوروبەری: ٤٠٠٠

چەمچەماڵ و دەوروبەری: ٤٠٠٠

ناو شارۆچکەی دەربەندیخان: ٢٠٠٠

لە ئێستادا دەمامکەکان لە زۆرینەی ناوچەکان دابەش کراون و ئەمڕۆ (١٥\٧\٢٠٢٠) بەشی ناوشاری سلێمانی بە هەڵمەتێک لە شەقامی سالمەوە بۆ ناوبازاڕ دابەش دەکرێت و ڕۆژانی ئایندەیش لە دامودەزگا جیاوازەکان بەردەوام دەبێت.

لە قۆناغی دووەمدا و بەگوێرەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە بەکرددان و دابەشکردنی دەمامک بەردەوام دەبین بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، دهۆک و ناوچەکانی تر.

بە هیوای ئەم هەوڵە و هەموو هەوڵەکانی تر کە بۆ خۆپارێزیی هاووڵاتییان گیراونەتە بەر، بەردەوام بن و ببنە هەوێنی ئەوەی تەواوی ئەو لایەنانەی توانایان هەیە، هەڵمەتی لەم جۆرە بەڕێوە ببەن و لەگەڵیاندا، میدیا بینراو و بیستراو و خوێنراوەکانیش هاوکار و گەیەنەریان بن، تا هەموومان پێکەوە ئەم دۆخە نەخوازراوە تێبپەڕێنین.

گرنگترین هۆکاری خۆپارێزییش، جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستنە لە لایەن هاووڵاتییەوە، لەپێناو پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەدا.

چاوی خەڵک: تایبەت

Leave a comment