مروارییەکانی غوربەت، بە ئۆنلاین دێنەوە ناومان

kwS0qx9-

ئەمەل سەعید کوردە، یەکێک لە خانمە هونەرمەندە کوردەکان و یەکێکە لەو هونەرمەندانی زۆرێکمان ئاشنای دەنگە بەسۆزەکەی بوین و گۆرانییەکانی دەریا و ژوانی دڵ و سنور ئارامبە بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا ماونەتەوە.

ئەمەل سەعید پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردوە و لە ساڵی ٢٠١٤ وە کوردستانی جێهێشتووە و لە لەندەن دەژی.

ئەمەل بە دورکەوتنەوە لە زێدی خۆی لە هونەر دانەبڕاوە و هەمیشە لە کارکردن بەردەوام بووە. جگە لەوەی لە بواری هونەردا درێژەی بە خوێندن داوە چەندین کار و چالاکی دیکەی هونەریشی هەبووە، دواینیان بەرنامەیەکە بە ناوی (مروارییەکانی غوربەت).

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە لەبارەی غوربەت و خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی وڵات بەرنامەی مروارییەکانی غوربەت گفتوگۆیەکمان سازکرد.

ئەمەل وتی “ماوەی ١٦ ساڵە کوردستانم جێهێشتووە و ئێستا لە لەندەن دەژیم، لە کوردستان دبلۆمم لە هونەردا هەبوو لێرەش درێژەم بە خوێندندا و بەکالۆریۆسم لە (popular music performance) زانست و فۆڕمی ستایلە سەردەمییەکانی گۆرانیوتن، ئێستا من یەکێکم لەوانەی دەتوانم ڕینمایی بدەمە گۆرانیبێژ و دەنگ و ئەدا جیاوازەکان جیابکەمەوە کە ئەمە بۆ منیش و بۆ هەموو گۆرانیبێژان و دەنگبێژان گرنگە.”

هەروەها وتی “لەبەر ئەوەی لە ناو هەندێک لە هونەرمەنداندا کەمێک خۆپەرستی هەیە زۆرێکیان ئەو زانیارییانەی کە دەیزانن، نایدەن بە کەسانی دیکە، بەڵام من بەو شێوەیە کار ناکەم و هەوڵمداوە ئەوەی دەیزانم دەینوسم یاخود بە ڤیدیۆ بڵاوی دەکەمەوە، پێم وایە دەنگی باشتر لە من هەیە کە نەیاتوانیوە بەم زانیارییانە بگەن کە من بە هۆی خوێندنمەوە لە هەندەران پێی گەیشتووم، لەبەر ئەوە من بە بێ بەرامبەر ئەم کارانە دەکەم.”

پاشان وتی”بە هۆی خوێندنەکەمەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ میلەتانی ئیسپانی و ئیتاڵی و قوبرسی و ڕوسی و ئازەری و ئینگلیزی و پروگالی و کۆمەڵێکی تریش، پەیدا کردوە و پێکەوە گۆرانیمان وتوە، هەر بۆ ئەوەی لە خوێندن و ئەو بابەتانەی کە تێیدا وانەم وەرگرتووە دانەبڕێم چەند کارێکی هاوبەشمان کردوە و بە زمانەکانی دیکە گۆرانیم وتووە بۆ ئەوەی بۆ ئەرشیفێکیش بۆ خۆم بمێنێتەوە و خەڵکی دیکەش سودی لێوەربگرێت.”

لە وەڵامی پرسیاری بیرۆکە و ئامادەکردنی بەرنامەی مروارییەکانی غوربەت، ئەمەل سەعید کوردە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە “بیرۆکەی بەرنامەکە لەوێوە سەرچاوەی گرت کە ئەوانەی لە غوربەت دەژین چەند ساڵ جارێک دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، دەبێت خۆمان ڕاگەیاندنەکان ئاگادار بکەینەوە و بڵێین گەڕاوینەتە کوردستان و چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا سازبکەن. لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنەکان چالاک نین و بەدوای هەواڵی هەندێک لە گۆرانیبێژانەوە نین و تەنها ئاگایان لەو هونەرمەندانەیە کە زۆر دەردەکەون، لە کاتێکدا زانیارییەکی ئەوتۆشیان و نییە. من ئەمەم پێ شورەیی بوو بۆیە ئەم بیرۆکەیە بە مێشکمدا هات و بڕیارمدا، کارێک بۆ هونەرمەندانی غوربەت بکەم.”

لەبارەی چۆنییەتی کارکردن لە بەرنامەکەدا وتی “هەندێک هاوڕێی کەمم هەیە هاوکاریم دەکەن، زۆر سوپاسیان دەکەم، بەڵام ئەرکی گەورە و سەختی بەرنامەکە لەسەر شانی منە و تەنانەت ماڵەکەی خۆیشم وەک ستودیۆ بەکاردەهێنم، لەبەر ئەوەی لێرە نرخی هەموو شتەکان گرانن و بە سەعات بە کرێ دەدرێن، لەبەر ئەوە هاوڕێکانم دێنە ماڵەکەی من بۆ وێنەگرتن و بەڵام جگە لە ئامادەکردن و پێشکەشکردن، مۆنتاژی بەرنامەکەیش خۆم دەیکەم و بە هاوکاری ستافی بەرنامەکە. لە ماوەی کەرەنتینەشدا نزیکەی ١٧ بۆ ١٨ بەرنامەم ئامادەکردووە، نزیکەی ١٢ ئەڵقەی دیکەم ئامادەکردووە”

لەبارەی سەرەتاکانی بەرنامەی مروارییەکانی غوربەتەوە وتی: “لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەسەرەتادا پێنج بۆ شەش ئەڵقەی ئامادەکراوم هەبوو، هێشتا بەرنامەکانم بە ئۆنلاین پەخش نەکردبوو، گەڕامەوە کوردستان بە ئومێدی ئەوەی بیدەمە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و لە بەرامبەردا هەر هیچ نەبێت ئەو خەرجییانەم بداتەوە کە لە بەرنامەکەدا کردبووم، لە ڕاستیدا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەموو شتێکیان بە خۆبەخش دەوێت لە کاتێکدا کەس بە خۆبەخش کارت بۆ ناکات و ستودیۆ و کامیرات ناداتێ.”

بە پەندێکی کوردی درێژەی بە قسەکانیدا “ڕق هەیە ماڵ وێران دەکات و ڕق هەیە ماڵ ئاوەدان دەکاتەوە، نازانم ئەمەی من کامیان بوو! لەبەر ئەوە بڕیارمدا بەرنامەکانم نەدەم بە هیچ کەناڵێک و تەنها لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویدەکەمە و تەنها مافی خۆمی بەسەرەوە و کەسیش ناتوانێت بڵاوبکاتەوە.”

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا ئەمەل سەعیدا کوردە باس لە کاری داهاتووی دەکات “ئێستا سەرقاڵی بەرهەمێکی ئینگلیزی و کوردیم بە هاوبەشی، پێم وایە پێشتر کاری لەم شێوەیە نەکراوە و لە چوارچێوەی هونەرێکی نوێدایە. تابلۆیەکی هونەرییە و ئێمە وەک گۆرانیبێژ دەبین و فڵچەی دەستی و ئەو خانمە وێنەکێشە و هەر خۆیشمان دەبینەوە بە وێنە. کە لێی دەڕوانیت وەک کورتە فیلمێکە، من هەم گۆرانی دەڵێم و وێنەیەکی جوڵاوم لە ناوی تابلۆکەدا هەیە. پێموابێت ئەم کارە تەنانەت بۆ ئێرەش  کارێکی نوێ دەبێت.”

 

 

دیمانەساز: چاوی خەڵک

Leave a comment