کشتوکاڵ لە دایکەوە بۆ کچەکانی

photo_2021-04-11_09-43-46

چارەکە سەدەیەک زیاترە دایکێک لە گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحییەی خورماڵ سەرقاڵی کاری کشتوکاڵییە و کچەکانیشی فێری ئەو پیشەیە کردوە کە بتوانن هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ ئەنجام بدەن.

بەربەستەکان و تەنانەت نەخۆشییە سەختەکانیش نەبوونە ڕێگر لەبەردەم شەهێندا، هەرچەندە باری تەندروستی تەواو نییە و شێرپەنجەی هەیە بەڵام بەردەوام هەوڵیداوە بەروبومێکی کشتوکاڵی بچێنێت کە بۆ پێداویستی ڕۆژانەی خۆیان بەکاری بهێنن.

شە‌هێن والی ٢٧ ساڵان کچە بچوکی خێزانەکەیە، ٢ساڵ لەمەوبەر کۆلێژی کشتوکاڵی بەشی باخداری تەواو کردوە، پێش ئەوەی لەو بەشە بخوێنێت شارەزایی تەواوی لە هەنگاوەکانی کشتوکاڵیدا هەبووە وەک چاندن و لێکردنەوە و کارەکانیتر، بەڵام لە کۆلێژ بە ئەکادیمی فێری بوو.

” لە لادێ ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لەلایەن ڕەگەزی مێ سەختترە، چونکە پێویستیت بە ڕزامەندی خێزانەکەتە، هەروەها لەکۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاوان پێیان خۆش نییە کەسێک لەخۆیان مناڵتر یان خوێندکارێک زانیاریان پێبدات یان کچێک بیرۆکەی تازە جێبەجێبکات، پێمان دەڵێن ئێمە چەند ساڵە خەریکین تۆ تازە لە دوو کتێبدا خوێندوتە و دەتەوێت ئێمە فێر بکەیت؟” شەهێن وای وت.

لە کۆندا و پێش ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی خراپی بارودۆخی کارەبا و هەموو خەڵکی گوندەکە بە ژن و پیاوەوە ناچار دەبوون لە ٤ی بەیانییەوە بچینە سەر زەویەکان بۆ ئەوەی بە فێنکی کارەکانیان بکەن و ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبوونەوە.

قەدریە مستەفا کەریم، ٢٩ ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات و بەردەوام نمونەی دایکێکی باش و میهرەبان و جوتیارێکی بە ئەزمون بووە لە ماڵدا، ئەمەش وایکردووە کچەکانی هەمان پیشەی دایکیان هەڵبژێرن.

قەدرییە خان باسی دەستپێکردنی ئەو کارەی بۆ کردین و دەڵێت” سەرەتای کاری کوشتوکاڵیمان بە بستە (عەلی بابا) بوو، دواتر لۆکەمان چاند ئەمەش بەپێی گۆڕانی وەرزەکان بوو،.ئێستاش لە پایزدا گەنمەکان دەچنینەوەو دواتر بامێو و تەماتە و لۆبیا دەچێنین. ڕۆژانەش ٣ کاتژمێری سەرەتای بەیانیان بە فێنکی دەچینە زەوییەکان و خەریکی کشتوکاڵ دەبین هەمیشەش یەکێک بووین لە جوتیارە نمونەییەکان”

دەیانجار بەهۆی حەشەرات و نەخۆشی و گەرما زیان بە بەرهەمەکانیان گەیشتوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش قەدرییە خان لەگەڵ کچەکانی دەرمان دەڕشێنن، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا تور و شێلم دەچێنن کە هەموو ڕۆژێک بارێک پاکدەکەنەوەو ئامادەی دەکەن بۆ بازاڕ.

“زۆر دڵخۆشم کە کچەکانیشم وەکو خۆم کاری کشتوکاڵ دەکەن، ئەم بەیانییە لەگەڵ شەیمای کچم  ٤:٣٠ چوین بۆ بامێ چنین ٣٠:٦ هاتوینەتەوە.”

پیشەیەک کاتێک لە دایکێکی بە ئەزممون بۆ کچەکانی بمێنێتەوە، خوێندن لە بواری جیاوازیشدا نابێتە ڕیگر لەوەی هەمان ئەو ڕێچکەیە بگرن.

شەیما وەلی (٢٩) ساڵ، ٧ساڵ لەمەوبەر بەشی ژمێریاری تەواو کردوە، لەگەڵ خێزانەکەی زەوی کشتوکاڵیان هەیە و بە پێی وەرزەکان چاندن دەکەن و گرنگی بە کشتوکاڵەکەیان دەدەن.

“لەوەتی فامم کردۆتەوە خەریکی کشتوکاڵین، من و دایکم و خوشکە بچوکەکەم، ئەوەندە شارەزاییمان پەیدا کردوە ئەگەر باوکم و براکانیشم نەتوانن بێن کێشەمان بۆ دروست نابێت، ئێمە دەتوانین تۆوەکان بچێنین و چاودێری و پاچە کۆڵە بکەین، تەنها کارێک کە تێیدا پێویستمان بە هاوکاری پیاو بێت ئامادەکردنی زەوییەکەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەکینەوە.” شەیما والی وای وت.

کاتێک شەیما منداڵ بووە بیری دێت کە دایکیان کاری ماڵەوەی دەکرد و پاشان چووە بۆ دەشت تاکو کارەکانی کشتوکاڵی ئەنجام بدات. کاتێک گەڕاویشەتەوە بەهەمان شێوە کاری ماڵەوەشی کردوە، بەڵام کە خوشکە گەورەکەیان فێری کاری ماڵ بووە توانیویەتی هاوکاری زۆری دایکیان بکات و شەیماو شەهێنیش کاری کوشتوکاڵی لەگەڵدا بکەن.

شەیما والی بە(چاوی خەڵک)ی وت “کشتوکاڵ پێداویستی ڕۆژانە و بژێوی ژیانمان بۆ دابین دەکات، زۆرکات هەبووە ئەوەندە کاری کوشتوکاڵیمان زۆربووە نەمانتوانیوە خۆمان بە تەنها ئەنجامی بدەین بۆیە کرێکارمان بۆ هێناوە و لەگەڵمان کاری کردوە، ساڵی واش هەبوە تەنها هیلاکیمان بۆ ماوەتەوەو نەمانتوانیوە بژێوی ژیانمانی پێ دابین بکەین”.

 

 

چاوی خەڵک-تایبەت

Leave a comment