لە ماوەی ساڵێکدا ٣٠ کیلۆ لە کێشم داگرت و بوم بە ڕاهێنەری وەرزشی

Chaw

لە ماوەی ساڵێکدا ٣٠ کیلۆ لە کێشی لەشم دابەزباند. ئێستا ڕاهێنەری وەرزشیم و بێبەرامبەر بەرنامەی خۆراکیش دەنووسمەوە.

سۆز بەهۆی کێشی زۆرەوە دەیناڵاند. بڕیاریدا وەرزش بکات و لەگەڵیدا بەرنامەی خۆراکی بۆ خۆی دابنێت. دابەزینی کێشی ورەی زیاتری پێبەخشی و بەمەش پێی نایە ژیانێکی نوێوە.

سۆز بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “لە ڕێگەی ئەکاوتنی ئینستاگرامەکەمەوە چیرۆکی ژیانی خۆم باسکرد و چەند وێنەیەکی کۆن و پاشان وێنە نوێیەکانم پێکەوە پۆست کرد، هاوڕێکانیشم کەوتنە پرسیارکردن و داوای ڕێنماییان لێکردم.

سۆز دانیشتوی شاری سلێمانییە و ٢٦ ساڵە. بەشی زانستی کۆمپیوتەری خوێندووە. لە منداڵیدا بە هۆی کێش زۆرییەوە ڕوبەڕووی تانە و تەشەر بۆتەوە. دەڵێت: “دەروبەر نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە کێشی زۆرە و زۆرجار تانەی لێدەدەن”.

چۆن ڕوبەڕووی سەختییەکان بوەوە؟

“تانە و تەشەرەکان بێهیوایان نەکردم و ڕوبەڕوویان بوومەوە، دەبوو خۆم جەستەی خۆم قبوڵ بکەم و قسەی کەسیش کاریگەری لەسەرم نەبێت، پاشان هەوڵ بۆ جەستەیەکی تەندروست بدەم. بەوەشەوە نەوەستام ئێستا بڕوانامەی ڕاهێنەری وەرزشیم هەیە” سۆز وتی.

سۆز لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە  sozylifestyleماوەی دوو ساڵە بەردەوامە لە ڕێنماییە وەرزشییەکان، وەک هاندانێک پێشبڕکێی کێش دابەزاندنی بۆ هاوڕێ و هەوادارەکانی ڕێکدەخست بۆ خانمان و خەڵاتی کەسی براوەی دەکرد.

هەوادارێک لە کۆمێنتدا بۆ سۆزی-ی نوسیوە: “هەر گرامێک لە کێشم کەمی کردبێت بەهۆی تۆوە بووە، سوپاس”

“قەڵەوی توشی جەندین نەخۆشیت دەکات، مەرج نییە لە ئێستادا کە تەمەنت کەمە نەخۆشییەکانت تیادا دەربکەوێت. بڕوابەخۆبوون لەدەست دەدەیت. هەر لە ئێستەوە ئامانجێک دیاری بکە و دەستبکە بە وەرزش و دروست خواردن و ژیانێکی نوێ بە لەشێکی تەندروست و جوان هەڵبژێرە”

Leave a comment