سودها مۆرسى.. ئەو ژنەى زۆر شتى گۆڕى

Sudha_Murty_1-update

” ئەمە کێییە؟” ئەمە ووتەى کارمەندێکى فڕۆکەخانەى لەندەن بووە بۆ ژنێکى تەواو سادە لەڕووخسار و پۆشاکدا بەناوى سودها مۆرسى بەڵام لە شوێنى بزنسومانەکانەوە لە فڕۆکەخانە دێتە دەرەوە. سودها، دەیان ئاڵنگارى کۆمەڵگاکەى کە کۆمەڵگایەکى هیندى موحافیزکارە بڕى و دەیان نایەکسانى جێندەرى تێپەڕاند و تەنانەت زۆرێک لە سیاسەتە پیاوسالارییەکانى دامەزراوە و کۆمپانیاکانى ووڵاتەکەشى گۆڕى.

چیرۆکى سودها ئەو کاتە دەستى پێکرد کە ویستى بۆ کۆلێجى ئەندازیارى بخوێنێت بەڵام ئەو کات و لە چەند دەیەیەکى ڕابردوودا ئەندازیارى کۆلێجێک بوو لەو هەرێمەى ئەوان لە هیندستان کە تایبەت بوو بە پیاوان. وەک سودها دەڵێت، هەموو کۆمەڵگاکە و تەنانەت خێزانەکەشى دژى ئەم بڕیارەى بوون و پێیان وتوە ئەمە پیشەى پیاوانە. بەڵام سودها سوور دەبێت لەسەرئەوەى داواکارى پێشکەش بکات و لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕاگرى کۆلێجەکە دەتوانێت ناچارى بکات کە وەک تاکە خوێندکارى کچ لە کۆلێجەکە وەربگیرێت. یەکێک لەو ئاڵنگاریانەى کە سودها وەک خۆى دەڵێت دووچارى بوو لەڕووى دەروونى و فیزیکیشەوە ئەوەبوو کە لە تەواوى کۆلێجەکەدا تەوالێتێکى تێدا نەبووە بۆ ژنان. سودها لە ژینگەیەکدا کۆلێجى تەواو کرد کە سیخناخ بوو لە نایەکسانى و جیاکارى لە دژى ژنان بەڵام بە ئیرادەى سودها و بە توانا سەرسوڕهێنەرەکانى ئەوەى لەو ژینگەیەدا دروستکرد کە هیچ پیشەیەک نییە تایبەت بێت بە مرۆڤەکان لەسەر بنەماى سێکس و جێندەریان. سودها هەمیشە وتەیەکى جیمى دینى لەبەرگوێ بووە کە دەڵێت ” من ناتوانم ئاڕاستەى ڕەشەباکە بگۆڕم بەڵام دەتوانم هەمیشە چارۆکەکەم ڕێکبخەمەوە بۆئەوەى بگەمە کەنارى ئارام.”

سودها لێرەدا ناوەستێت و وەک ژنە ئەندازیارێک دەردەکەوێت بەڵام هەر وەک پێشبینى کراو بوو هەلى کار بۆ ژن لە بوارى ئەندازیارى کارێکى تەواو ئاستەم بووە. بەڵام لەگەڵ گەورەیى ئاڵنگارییەکەدا خەونەکەى سودهاش گەورەتر دەبێت و داواکارى پێشکەش دەکات بۆ پۆستێکى باڵا لەناو کۆمپانیاى تاتاى هیندى کە ئەوەش مشتومڕێکى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا چونکە بەدرێژایى تەمەنى کۆمپانیاکە ئەو پۆستە باڵایە هەر لەلایەن پیاوانەوە پڕکرابوویەوە. سودها لە نامەیەکیدا بۆ سەرۆکى کۆمپانیاکە نیگەرانى خۆى دەردبڕێت لەو سیاسەتە جیاکارییە و داواى چاوپێکەوتنێکى کەسى دەکات بۆئەوەى بیسەلمێنێت ئەو پۆستە پێویستى بە شارەزایى و توانایە نەک دانانى پێشمەرجى جێندەریى. سودها توانى لەم قۆناغەشدا بەسەرکەوتوویى ئەو پۆستە وەربگرێت و هەر تواناى خۆى بەشدارى کرد لە گۆڕێنى بەشێکى زۆر لە سیاسەتە بەجێندەرکراوەکانى کۆمپانیاکە. لێرەشدا ووتەیەکى کەسایەتى ئێمیلا ئێرهارت گرنگە بگوترێت کە دەڵێت ” قورسترین شت بریتە لە بڕیارى ئەنجامدانى کردەیەک، ئیتر ئەوەى دواتر خۆى سوربوونێکە کە خۆیان بۆتدێن”.
سودها بووە پاڵەوانێک کە لە قۆناغێکى دواترى ژیانیدا کۆمپانیایەکى مەزنى بەهاوبەشى هاوسەرەکەى دروستکرد و بووە پشت و پەنایەک بۆ هاوسەرەکەى کە بە ووتەى هاوسەرەکەى ئەگەر ئیرادەى سودها نەبووایە ئەو کارە سەرى نەدەگرت.

لە هەموو قۆناغەکانى ژیانیدا سودها هیچ کارێکى بێئاڵنگارى وەرنەگرتووە و بۆئەوەش چەندین خەڵاتى ڕێزلێنان لەسەر ئاستى ناوخۆیى و دەرەوەى ووڵاتەکەشى وەرگرتووە. ئەو بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەى نادادپەروەرییەکان لەڕێگەى سوربوونى بۆ چەسپاندنى یەکسانى کۆمەڵایەتى و تا ئێستا بەشداربووە لە بونیادنانى زیاتر لە 6 هەزار قوتابخانە و خوێندنگە لە هیندستان و خاوەنى چەندین کتێبى تایبەت بە خۆیەتى کە سەرجەمیان بۆ هاندانى سووربوون و چەسپاندنى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و ڕیشەکێشکردنى نایەکسانى جێندەرین لە جیهاندا.

سودها مۆرسى لە ساڵى 1950 لە ویلایەتى کارناتاکاى هیندستان لەدایک بووە و خاوەنى دوو منداڵە.
سودها خاوەنى سەدان وتەى تایبەت بە خۆیەتى و بوونەتە سەرچاوەى ئیلهام بۆ مرۆڤایەتى لەوانە:
– ” ئاگر بە ئاگر ناکوژێتەوە بەڵکو ئەوە ئاوە دەتوانێت جیاوازییەکە دروست بکات”
– ” جگە لە نەخۆشى هیچ شتێکى تر لە باوانەوە ناگوازرێتەوە”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment