بەرنامەیەک لە غوربەتەوە، مروارییەکانی غوربەت

108367354_279322776494537_6136180831088708972_n

“دەریا، ژوانی دڵ و سنور ئارامبە” بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا ماونەتەوە. ئەمانە گۆرانییەکانی ئەمەل سەعید کوردەن، کەیەکێکە لەو هونەرمەندانەی زۆرێکمان ئاشنای دەنگە بەسۆزەکەی بوین.

ئەمەل ماوەی ١٦ ساڵە کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لە لەندەن دەژی، لە کوردستان  بواناماەی دبلۆم لە هونەردا هەبووە، لێرەش بەکالۆریۆسی لە (popular music performance) زانست و فۆڕمی ستایلە سەردەمییەکانی گۆرانیوتن بەدەست هێناوە، ئێستا  ئەو دەتوانێت ڕینمایی بداتەگۆرانیبێژ.  دەنگ و ئەدا جیاوازەکان جیاباتەوە. کە ئەمەش بۆهەموو گۆرانیبێژان و دەنگبێژان گرنگە.

ئەمەل سەعید پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردوە و لە ساڵی ٢٠١٤ وە کوردستانی جێهێشتووە و لە لەندەن دەژی.

“لەبەر ئەوەی لە ناو هەندێک لە هونەرمەنداندا کەمێک خۆپەرستی هەیە زۆرێکیان ئەو زانیارییانەی کە دەیزانن، نایدەن بە کەسانی دیکە، بەڵام من بەو شێوەیە کار ناکەم و هەوڵمداوە ئەوەی دەیزانم دەینوسم یاخود بە ڤیدیۆ بڵاوی دەکەمەوە، پێم وایە دەنگی باشتر لە من هەیە کە نەیانتوانیوە بەم زانیارییانە بگەن کە من بە هۆی خوێندنەوە پێی گەیشتووم” ئەمەل وای وت.

بە هۆی خوێندنەوە ئەمەل ئاشنایەتی لەگەڵ میللەتانی ئەووپا و ئەمریکادا پەیداکردووە و پێکەوە گۆرانیان وتوە. بۆ ئەوەی لە خوێندن و ئەو بابەتانەی کە تێیدا وانەی وەرگرتووە دانەبڕێت و چەند کارێکی هاوبەشیان کردوە.

ئەمەل لە ئەوروپاش لە کار و چالاکییە هونەرییەکان بەردەوامە و چەند ساڵێکە سەرقاڵی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بەرنامەیەکە بە ناوی (مروارییەکانی غوربەت).

“ئەو هونەرمەندانەی لە ئەوروپا دەژین لە چاوی ڕاگەیاندنەکانەوە دورن، لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنەکان تەنها ئاگایان لەو هونەرمەندانەیە کە زۆر دەردەکەون. بۆیە ئەم بیرۆکەیەم بە مێشکمدا هات و بڕیارمدا، کارێک بۆ هونەرمەندانی غوربەت بکەم.”

ئەرکی گەورە و سەختی بەرنامەکە لەسەر شانی منە و تەنانەت ماڵەکەی خۆیشم وەک ستودیۆ بەکاردەهێنم

لەبارەی چۆنییەتی کارکردن لە بەرنامەکەدا دەڵێت “هەندێک هاوڕێم هاوکاریم دەکەن، بەڵام ئەرکی گەورە و سەختی بەرنامەکە لەسەر شانی منە و تەنانەت ماڵەکەی خۆیشم وەک ستودیۆ بەکاردەهێنم، لەبەر ئەوەی لێرە نرخی هەموو شتەکان گرانن و بە سەعات بە کرێ دەدرێن، هاوڕێکانم دێنە ماڵەکەم بۆ وێنەگرتن، جگە لە ئامادەکردن و پێشکەشکردن، مۆنتاژی بەرنامەکەش خۆم دەیکەم و بە هاوکاری ستافی بەرنامەکە”

پاش ئەوەی بەرنامەکەی بۆ میدیا کوردییەکان پێشنیار کرد، ئەوان دەیانویست بە خۆبەخش بۆیان بکات، بۆیە بڕیاریدا بەرنامەکانی نەدات بە هیچ کەناڵێک و تەنها لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوینکاتەوە و مافی خۆیی بەسەرەوەبێت. ئەو پێی وایە (ڕق هەیە ماڵ وێران دەکات و ڕق هەیە ماڵ ئاوەدان دەکاتەوە). دەڵێت: “نازانم ئەوەی من کامیان بوو!”.

“ئێستا سەرقاڵی بەرهەمێکی ئینگلیزی و کوردیم بە هاوبەشی، پێم وایە پێشتر کاری لەم شێوەیە نەکراوە و لە چوارچێوەی هونەرێکی نوێدایە. تابلۆیەکی هونەرییە و ئێمە وەک گۆرانیبێژ دەبینە فڵچەی دەستی و ئەو خانمە وێنەکێشە و هەر خۆیشمان دەبینەوە بە وێنە. کە لێی دەڕوانیت وەک کورتە فیلمێکە”

ئەمەل سەعید کوردە لەم کارە هونەرییەدا هەم گۆرانی دەڵێت و هەمانکات وێنەیەکی جوڵاوە لە ناو تابلۆکەدا.ئەو کارەش بەڕای ئەو نەک بۆ کوردستان بەڵکو لە ئەوروپاش کارێکی نوێ دەبێت.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment