میدیا سێکسیەکانی ئەمڕۆ

212020827670_soma.xaled

سۆما خالید

پیشەی رۆژنامەنوسی و میدیایی پیشەیەکی جوان و قورسە، کە وەک هەر کارێکی تر ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەیە، وە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە زیادبوون دەکات و جگە لە میدیای حیزبی چەندەها ماڵپەریش دامەزراون، بەڵام ئەوەی لە بەرێوەبردنی ئەم دەزگایەنە دەبێنرێت تەنیا پیاوە و بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەچێت.

هەرچەند دەبینین کە خانمانیش لەچاو ساڵانی رابردوو هەنگاوی زیاتریان ناوە بۆ کاری رۆژنامەوانی و روو لە زیادبوندایە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئافرەتانیش خاوەن هێز و توانان، کە دەتوانن لەهەمو سێکتەرەکانی راگەیاندن کار بکەن، بەڵام گەر بە وردی تێبینی بکرێت لە لایەن رەگەزی بەرامبەر واتە پیاو بەشە هەستیارەکانی ناو میدیا بۆ خۆیان قورغ کردووە و کچان و ژنانی رۆژنامەنوس لی بێبەری کراوە، ئەمەش ئەوە دەخاتەروو کە هێشتا لە عەقڵیەتی پیاوسالاری تێپەرمان نەکردووە و ژن تێیدا پەراوێزخراوە، ئەمەش نیشانەی بچوک کردنەوەی ئافرەتانە لە کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی لە رووی کارکردنەوە.

پاشان لە ناو میدیاکان ئەوەندەی کار لەسەر پیشاندانی جەستەی ژن بۆ سەرنج راکێشانی بینەرەکانی کراوە کە وەک کاڵا سەیر دەکرین، دوو هێندە کار لەسەر پرسەکانی ژن و کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا نەکراوە، هەروەها لە بەشێک لە دەزگاکان و دامەزراوە راگەیاندنەکان خانمان لە لایەن رەگەزی بەرامبەر بە شێوەیەکی گشتی بە وشەی ناشیاو و كاردانەوەیەكی جەستەيی، سێکسی ڕووبەروی توندوتیژی دەبنەوە تا ئاستی سووکایەتیکردن بە ژن و ناوزڕاندنی ژنان بە ئامانجی ناوبەدکردن و بێدەنگکردنیان، بەرەو تەحەڕوش و جیاکاری جێندەری دەبنەوە، کە وەک وەهمێکی ترسناک دێتە پێش‌ چاوی ژنانی راگەیاندنکار و رۆژنامەنوسان و زیان بە دەروونیان دەگەیەنن، کە رووبەرووی زۆرترین بێزاری سێکسی دەبنەوە، لەجیاتی ئەوەی گڕنگی بە کار و بەرهەم و تواناکانیان بدرێت بێ بایەخ دەکرێن، ئینجا بە بێدەنگی رووبەروی توندوتیژی شاراوەی دەبنەوە.

ئەمەش هوکارێکە بۆ دوورکەوتنەوەی خانمان و سڵمینەوەی ژن لەناو بوارەکەدا، پێویستە سنورێک بۆ ئەو رەفتار و هەلسوکەوتانە دابنرێت کە دوورە لە ئێتێکی رۆژنامەگەری. هەروەها میدیا بەشێكە لەگەیاندن و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا، بەڵام کاتێک خۆی لەناوە ویرانکەر بێت و پەنجە بۆ شەرفی رەگەزی ژنێک ببات و سەرقاڵی خانمانی مۆدێل بێت لەچوارچێوەی نمایش کردنیان نەک قسەکردن لەسەر گرنگیدان بە کار و چالاکی و داهێنانی ژن، گورینی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەستبەرکردنی مافەکان وپرسی ژنان، نەبوبێتە دەنگ وفەلسەفەو دنیابینینی ژن لەناو میدیا، کە زاڵبوونی باڵادەستی پیاوان بۆ سەر جومگە سەرەكییەكانی كار ودامەزراوە میدیاییەكان لەزۆر حاڵەتدا کە رۆلی نەرێنی گێراوە، ئەوە چۆن دەتوانێت کار لەسەر ئەم ئاراستەیە بکات، یان تاک و کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ژینگەیکی لەبار بەرهەم بهێنێت، پێویستە سەرەتا کار لەسەر خۆدی خۆی بکات و بەباشی ئامرازکان و بونیەتی خۆی بنیاد بنێت، ئینجا دەتوانێت هەنگاو بنێت، گەر ناتوانێت وەک دەزگایەکی راگەیاندن لەخزمەتی تاکی کۆمەڵگا و هاوکاربیت بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و چارەسەر کردنی کێشەکان و سەیرکردنی خانمان وەک مرۆڤ ئەوە داخستنی باشترە.

لە رووی رەخساندنی هەڵی کار بۆ ژنانی میدیاکار، لە ئەمڕۆدا بەربەستێکی زۆری بۆ ژنان دروستکردووە، یەکەمجار سەیری جسم و لاری دەکرێت ئینجا کاری پێدەدرێت، یان خۆد لەکاتی کار کردن لە لایەن بەرێوەبەری ئەو شوێنە ئیستغلال دەکرێت وگێچەڵی سیکسی بەرامبەر دەکرێت، بەداخەوە ئێستا و لەم سەردەمەدا لە نێو کۆمەڵگا ناوگەل حوکم دەکات، کە میدیاکانیشی گرتوتەوە.

Leave a comment