کێشەی کچانی دەرچوی میکانیک، لە پێنەدانی کاردا

3_31

بەهۆی پێنەدانی کار لە دوای تەواو کردنی خوێندن، ڕێژەی خوێندکارانی کچان لە کۆڵێژی ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە دوو ساڵی ڕابردوودا کەمی کردوە.

لە٢٠٠٣دا سلێمانی تەنیا چەند کارگەیەک بوونی هەبوو، لە ٢٠٠٧دا یەکەم خولی خوێندکارانی میکانیک بڕوانامەیان وەرگرت و هەموویان دامەزران.

د.سەرکەوت ڕۆستەم پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی میکانیکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی  بە پەپامنێرەکەی (چاوی خەڵک) ی ووت”لە دوای ٢٠٠٧وە ساڵ بەساڵ ڕێژەی دەرچوان لەم بەشەدا زۆر بووە و ئەو شوێنانەی میکانیک دەتوانێت تێیدا کاربکات چەند شوێنێکی کەمن ئەگەر کەرتی تایبەت نەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت و کەرتی گشتیش ناتوانێت ئەو ڕێژەیە دابمەزرێنێت ئەم کێشەیەی لێ دەکەوێتەوە.”

ئەو زانکۆیە لە ٢٠١٤دا لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا لە ژێر ناونیشانی (زانکۆ و بازاڕی کار)، بۆ ئەوەی زوو ئەم بابەتە بگەیەنین بە حکومەت و کەرتی تایبەت و بەڕێوبەری کارگەکان لە سلێمانی بە حکومی و نا حکومی،  بە ئامانجی دروستکردنی لینکێک لەگەڵیاندا.

“پێشنیاری زۆرمان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کردوە، بەتایبەتی پڕۆژەی بەکارخستنی تیمی دەرچوانی کۆلێژەکان وەک ئەندازیاری و زانست لە چەندین کۆمپانیای گەورە و مامناوەند لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوان هەڵبستن بە لێکۆلینەوە بۆ  ئەو پڕۆژەیە. هەروەها بەگەڕ خستنی ئەزمونە نوێیەکان کە خاوەنی چەند زانستی نوێن لە بوارەکانی خۆیاندا.” فەتحی محەمەد عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی بازرگانی پیشەسازی وای وت.

لەوڵاتانی پێشکەوتوودا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە چەند ئەندازیارێک گروپێک وەک نوسینگە یان کۆمپانیایەکی ئەندازیاری پێکدەهێنن و لەم ڕێگەیەوە کاردەکەن بۆ زاڵبون بەسەر ئەو ڕێگری و بیروبۆچونانەی لە کۆمەڵگەدا هەیە و کە بڕوانی نییە ئەندازیاری ژن لەو بوارەدا کار بکات.

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە د.سەرکەوت وتی “بیرۆکەکانمان بەچەند سیمینارێک باس کرد بەناوی کارگەی مامناوەند و بچوک کە دەتوانێت ٥ بۆ ٢٥ کەس لەخۆبگرێت، بینیمان کەرتی تایبەت برەوی بەخۆیدا بەڵام کەرتی گشتی هیچ بەرەوپێشچونێکی بەخۆیەوە نەدی.”

هەموو ساڵێک لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە سێ یەکەمەکەی کۆلێژ دوانیان کچن، و تا ئێستاش لەم بەشەدا ٣ بڕوانامەی ماستەر بەدەست هێنراوە و هەر سێکیان کچ بوون.

د. سەرکەوت ڕۆستەم لەبارەی توانای کچانی بەشەکە بە (چاوی خەڵک)ی وت ” لە ئێستادا ئامێرەکای کۆلێژ پرۆگرام کراون و بەکارهێنانیان ئاسانە،کچەکانیش هەموویان دەیزانن و بیرۆکەکان دادەنێن و جوانترین کاری پێدەدەکەن. یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی ئەو بەشە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوی درووست کردبوو کە بەچەند کوڕێک بۆیان نەدەکرا، تەنانەت لیژنەیەک بۆ مناقەشەیەی ئەم پڕۆژەیە لە هەولێرە و هاتبوون زۆر سەرسام بون کاتێک بینیان کچێک بتوانێت ئەو مەکینەیە بەکار بهێنێت و ئەو ئەنجامە باشە بەدەست بهێنێت.”

هاوکات لە زانکۆی پۆلیتەکنکی سلێمانی بە گشتی ڕێژەی ڕەگەزی مێ لە فەرمانبەران و خوێندکارن زیاترە لە ڕەگەزی نێر.

پ.ی. د.عەتا شێخ کەریم، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری دەڵێت”ئەم حاڵەتە تایبەت نییە بە بەشی میکانیک، بەڵکو هۆکارەکای بۆ زۆربونی ژمارەی زانکۆ و دەرچونی ڕێژەیەکی زۆر لە خوێندکاران دەگرێتەوە بە ڕێژەی لە ٣٨%.”.

“لەهەمان کاتدا خوێندکاری کچیشمان هەیە کە خۆی حەزی لە ئەندازیایی نییە لەوانەکاندا چەندین جار گوێم لێبووە وتویەتی ئەو کاتەی لە پۆلی ١٢ بووم چەندین جار سەدریەی سپیم لەبەر دەکرد، چونکە حەزم لە پزیشکی بوو، بەڵام  ئەونمرەیەم نەهێنا و بە ناچاری هاتمە ئەندازیاری. ” ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری وتی.

کاتێک نور  موحسین لە ٢٠١٧ کۆلێژی ئەندازیاری میکانیک تەواو دەکات، لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری کار دەکات بەڵام ئەو بەشە تایبەت نەبوو بە ئەندازیاری میکانیک، بۆیە واز لەو کارە دەهێنێت.

نور لە بارەی وازهێنانی لەو کۆمپانیایە وتی” من کچە بچوکی خێزانەکەم بووم، نەمدەتوانی بڵیم نابم بە ئەندازیار، چونکە ئەندامانی خێزانەکەم هەموویان پزیشک و ئەندازیارن، بەڵام کە بڕوانامەم تێدا وەرگرت و کارم کرد پێم وتن ئەوەی ئێوە بەدڵتان بوو کردم، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە خۆم دەمەوێت ئەویش وێنە کێشانە.”

ئێستا نور لە ڕێگەی وێنە کێشانەوە توانی ببێت بە خاونی کاری سەربەخۆی خۆی، خاوەنی براندێکە بە ناوی لاریکسا، کەبەشێکی داهاتەکەی بۆ سەوز کردنی کوردستان تەرخان کردووە.

هەرچەندە چاوان ژنێکە و کۆلێژی میکانیکی تەواو نەکردوە بەڵام توانیویەتی لەو بوارەدا لە ڕۆژێکدا ٧ کاتژمێر زیاتر لەگەل ١٥ پیاودا بەبێ بوونی هیچ دوودڵییەک کار بکات.

چاوان هیوا، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵە لە سلێمانی، کلتورە باوەکان دەشکێنێت و وەک میکانیکی ئوتومبێل کاردەکات، بەیانی هەموو ڕۆژێک دەچێتە وەرشەی چاککردنی ئۆتۆمبێلەکان.

چاوان دەڵێت” بانگی هەموو ژنان دەکەم بۆ هەموو جۆرە پیشەیەک، بەبێ گوێدانە داب و نەریەتە کانی کۆمەڵگا، چونکە پێویستە پشت بە خۆت ببەستیت بۆ ئەوەی ژیان نرخێکی گەورەتری هەبێت، لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئابوری قورسدا تێدەپەڕێت.”

کۆلێژی ئەندازیاری لە٢٠٠٣ دا بۆ یەکەمجار بەشی میکانیکی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دامەزراند،  لەوکاتەشدا و لەناوچەکە و دەروبەری ئەندازیاری میکانیک نەبوو واپێویستی دەکرد بەشی ئەندازیاری میکانیک هەبێت چونکە بۆشاییەکی زۆر لەو بوارەدا هەبوو.

Leave a comment