
فێستیڤاڵی ناساندن و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوامە. بازاڕەکە لە ٦٥ فرۆشگا پێکهاتووە و کە تێیدا ڕەگەزی مێینە زۆرترینە و زۆرینەی کاڵاکان بەرهەمی ناوخۆن. ئەم فێستیڤاڵەکە هاوکاریی هەموو بەشداربووەکان دەکات وەک پێدانی هەلی کار و ساغکردنەوەی کاڵاکانیان و ناساندنی خۆیان.

ساکار حەمە کەریم, سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی ناساندن و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ (چاوی خەڵک) دوا” لەم دواییانەدا خەڵکێکی زۆر خەریکی کڕینی بەرهەمی خۆماڵین و پێشوازییەکی گەرم لەم جۆرە فێستیڤاڵانە دەکرێت، بۆیە نیازمانە بەردەوامی پێبدەین.”
فێستیڤاڵەکە لە ٢٦-٣٠/٣/٢٠٢١ لە کارگەی کولتوری لە کاتژمێر ی١٠ بەیانی بۆ ٩ی شەو بەردەوامی دەبێت. فێستیڤاڵەکە بۆ ناساندنی بەرهەمی خۆماڵی و ساغکردنەوەی کاڵا ناوخۆییەکان ڕێکخرابوو.
ساکار بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک)ی وت ” ئەم فێستیڤاڵانە هەرچەندە ماوەکەی کەمە بەڵام بۆ ئەو کەسانەی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی ناوخۆین و هیچ شوێنێکیان بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان نییە، هەلێکی گرنگە و بۆ ناساندنیان و دەبێتە سەرچاوەیەکی داراییش بۆیان.”
کاڵا ناوخۆییەکان لە کاری دەستیی، پاککەرەوەی ناوماڵ، جوانکاریی ناوماڵ و خانمان، شیرینی و خواردنە کوردەوارییەکان پێکهاتبوو.

ساری زاهیر خاوەنی یەکێک لە فرۆشگاکانی فێستیڤاڵەکە بە (چاوی خەڵک)ی ڕاگەیاند: “من تەمەنم ١٩ ساڵە و ماوەی دوو ساڵە لە پێشەنگاکاندا بەشداری دەکەم بە کاری دەست یاخود وێنەکردنی ڕوخساری منداڵان، ئەم فێستیڤاڵانە سودێکی زۆریان هەیە و ڕاستەوخۆ دەتوانین کار خزمەتەکانمان پێشکەشی کڕیارەکان بکەین”.

پارە هەموو شتێک نییە، ئەم فێستیڤاڵانە لە ڕووی دەروونییە هەستی سەرکەوتنامن پێدەبەخشێت
ساری زاهیر ڕایگەیاند: “هەرچەند کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە سەرەتای وەرزی بەهاردایە و خەڵکیش ئەم کاتانە زۆر دەچنە گەشت و گوزار، بەڵام هێشتا بازاڕەکە کڕیاری زۆرە و خەڵکێکی زۆر بە تامەزرۆییەوە سەردانمان دەکەن. ئەم بازاڕە جگە لەوەی سەرچاوەیەکی داراییە بۆمان بەڵام پارە هەموو شتێک نییە، ئەم فێستیڤاڵانە لە ڕووی دەروونییە هەستی سەرکەوتنمان پێدەبەخشێت”.
چاوی خەڵک/ تایبەت