شۆخان؛ کچێک لە قاوەخانەیەک

122778293_653136682239063_3459660063385275619_n

شۆخان ڕزگار، لە پاش تەواو کردنی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی کاتێک ناوی لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەهاتەوە بێکار نەوەستاو ماوەی پێنج ساڵە قاوەخانەیەک بەڕێوەدەبات.

ئەو سەرکەوتنی تەنها بەخوێندنەوە نەبەستەوە، بڕیاریدا کاربکات و لە پیشەکەیدا کەسێکی شارەزاو لێ‌ هاتوو بێت، ئێستا هاوڕێکانی دوای تەواو کردنی خوێندن دەچن لەوێ شۆخان فێری کارەکەیان بکات.

شۆخان ڕزگار شەریف، کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵی سلێمانییە، کاتێک ئاگاداری کافێکەی بینی کە پێویستیان بە کارمەندە، ویستی لەو بوارەدا کار بکات و ئەزمونی خۆی تاقی بکاتەوە.

شۆخان وتی”  ئەو کاتەی سەردانم کردن خۆشبەختانە زانیم دەتوانم ئەم کارە بکەم وبەڕێوەی ببەم هەستم کرد لەگەڵ کارەکە ئاسودە دەبم، بڕیارمدا لێرەوە دەست  پێبکەم و تا ئێستاش هەر بەردەوامم.”

ماوەی پێنج ساڵ پێش ئێستا ئیشکردنی کچان لە کافێ و شوێنە گشتییەکان دا سەخت بوو، ئەو شوێنەی شۆخانیش کاری لێدەکات دەکەوێتە ناو شەقامی ئۆرزدی لە سلێمانی کە شوێنێکی  گشتییەو ماوەی کارکردنی ١٢ کاتژمێرە، لە ١ ی نیوەڕۆ بۆ ١ شەو.

شۆخان بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک)ی وت” سەرەتا ماڵەوە ڕازی نەبوون، وتیان چۆن دەبێت کچ لە قاوەخانەیەک بێت، چونکە ئەو کاتە کچان کەمتر لەدەرەوە کاریان دەکرد بەتایبەت شەوان، بەڵام بەهۆی متانەیان بە من لایان ئاسایی بۆوە و توانیم دەست پێ بکەم.”

شۆخان کچێکی وردیلەی خوێن گەرمە بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، هەر ئەمەش وای کردووە لە کاتی کارکردندا تووشی هیچ تانە و تەشەرێک نەبێتەوە پەیوەندییەکی هاوڕێیانە لەگەڵ موشتەرییەکاندا دروست بکات ڕێز لە یەکتر دەگرن.

شۆخان وتی”  ئێستا  ئەوەندە ئەم ئیشەمم خۆش دەوێت کە ئارەزوو دەکەم لە داهاتوودا خۆم ببمە خاوەنی قاوەخانەیەک، هەرچەندە ئێرە بۆم جیاوازی نییەو وەکو شوێنی خۆم وایە.”

 

 

چاوی خەڵک – تایبەت

Leave a comment