ناز عەتا؛ دوو کار یەک ئامانج

Untitled design (6)

“ژنێکی ٦٠ ساڵان، دوای ماوەیەکی زۆر هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەکەی تووشی کێشە ببوو، ئەو ژنە تا ئێستا هیچ شوێنێک لەناو شارەکەدا شارەزانە بوو چونکە هاوسەرەکەی ڕێگری کارکردن و چونەدەرەوەی لێگرتبوو. ئێمە لە ڕێگەی پێدانی ڕێنمایی و کۆرسەکانمان توانیمان یارمەتی بدەین و کێشەکەی چارەسەر بکەین.”

ناز عەتا ماوەی ٢ ساڵە لە ڕێکخراوی یاسمین لە شاری لاهای لە وڵاتی هۆڵندا کە لە ١٩٨٢ بۆ کارکردن لە بواری ژنان و یارمەتی دانیان دامەزراوە. ناز وەک وەڕگێڕی زمانی کوردی و عەرەبی بۆ هۆڵەندی ، و لە شارەوانی وڵاتی هۆڵەندا لە بەشی بەرەنگاربونەوەی هەژاری کار دەکات. کە هەردوو کارەکەی بەکاردەهێنێت بۆ خزمەتکردنی ژنان.

ناز بۆ چاوی خەڵک دوا “کاتێک کەیسێک دێتە لای ئێمە بەتایبەتی ئەو ژنانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە و بەهۆی کێشەی خێزانی دەرکراون لەماڵەکانیان یان خۆیان ماڵیان جێهێشتووە، وەکو ڕێکخراو سەیری کێشەکەی دەکەین پاشان بە پێی ئەو پەیوەندیانەی کە هەمانە لەگەڵ شارەوانی و چەند ڕێکخراوێکی تر کەیسەکە دەخەینە ڕوو تا بزانین پێویستی بەچ یارمەتیەک هەیە  تا بۆی چارەسەربکرێت.”

هەروەها وتی “جگە لە هاوکاریکردنی ژنان، ڕێکخراوی یاسمین بەردەوام چەندین خولی ڕاهێنانی هەیە، وەکو خولی فێربوونی زمان، کۆمپیوتە، خواردن دروست کردن، دورمانی، هەروەها من خولی تایبەتیان دەدەمێ دەربارەی سی ڤی (CV) دروستکردن و دۆزینەوەی کار بۆ ئەوانی دەیانەوێت کار بکەن.”

پاش پێشکەشکردنی هاوکاری و دڵنیابون لە ئەنجامێکی باش، ناز دەڵێت ” دوای ئەوە فێری سی ڤی دروستکردنیان دەکەین قسەیان لەگەڵ دەکەین کە دەیەوێت لە چ بوارێکدا کار بکات و ئێمەش هاوکاری دۆزینەوەی شوێنی کاریان بۆ دەکەین بەشێوەیەک لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن متمانەی بەخۆی هەبێت. پاشان من دوای سێ هەفتە قسەی لەگەڵ دەکەمەوە بزانم چی کردووە  لە کارەکە گەیشتووە بە کوێ.”

“هەموو تەمەن و نەتەوە جیاوازەکان دێنە لای ئێمە و کێشەیان هەیە زۆر بەکەمی هاوڵاتی هۆڵندان، زیاتر ئەوانەن کە لەوڵاتانی ترەوە هاتوون، وە ئەوانەن کە لە لایەن هاوسەر یان خیێزانەوە توشی توندو تیژی بوون هەروەها هەموو تەمەنە جیاوازەکانیشمان لە ٢٠ ساڵ تا ٦٠ ساڵ لایە.”

جگە لەو کەسانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت هاوکاری ئەو کەسانەش دەکرێت کە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن، ناز دەڵێت ” لێرە شوێنێک هەیە وەک شەڵتەر وایە بەس بۆ مانەوەی شەوانە و زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە گیرۆدەی مادەی هۆشبەربوون و ماڵیان نیە یاخود هەر کەسێکی تر بەهۆی هەر هۆیەک بێت لانەو ماڵی لەدەست دابێت. دەتوانێ ڕۆژانە لەو شوێنە ناو بنوسێت و شەوان لەوێ بمێنێتەوە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، کاتێک ژنێک شوێنێکی نەبێت و تووشی کێشە ببوبێت دەتوانین بینێرین بۆ ئەوێ تا کێشەکەی بۆ چارەسەردەکەین، سەرەتا پەیوەندی بە شارەوانیەوە دەکەین کە ئەم ژنە موچەی نیە ماڵی نیە وە قسە لەگەڵ پارێزەرەکەی دەکەین کە بۆی دابین دەکرێت هاوکاری دەکەین تا چارەسەر کێشەکانی بۆ دەکەین.”

“لە شاری لاهای کوردی زۆر زۆر لێیە بەس کەسیمان زۆر لانیە کورد بن، زیاتر کەسانی مسڕی، تونسی، عێراقی، ئیرانی دێن و لە شار وناوچەکانی دەوروبەری کێ پێوستی بە یارمەتی هەبێت بە هانایانەوە دەچین.” ناز دەربارەی ئەو نەتەوانەی ڕوو لە ڕێکخراوەکەیان دەکەن پێی ڕاگەیاندین.

لەکاتی ڕوبەڕوبوونەوەی کەیسێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی ناز وتی “ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی تر نیە، ئەگەر بێتە سەر ئەوەی کاری وڵاتانی تری تێبکەوێت و ژنێک بیەوێت بڕواتەوە وڵاتەکەی خۆی لەو کاتەدا کەیسەکە ڕادەستی شارەوانی دەکەین بۆ ئەوەی ئەوان چارەسەری بۆ بکەن، لێرە شارەوانی بەشێکی هەیە کە ئەو ئیشانە دەکات.”

لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێمەش کارەکانمان کرد بە ئۆنلاین و لەڕێگەی تەلەفۆن و ئیمەیلەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو ژنانە هەبوو کە کەیسیان لامانبوو یان کەیسی تازە کە داوای یارمەتیان دەکرد، من نزیکەی ٢٠ کەسیم لایە، لەکاتی ئاسایییدا دوو هەفتە جارێک من کاتێکم لەگەڵیان دادەنا بۆیەک بینین و قسەکردن بزانم چیان کردووە چۆن چونەتە پێش و بارودۆخیان چۆنە و پێوستی بەچی هەیە، قسەمان لەسەر ئەو بابەتانە دەکرد، ئێستاش بە ئۆنلاین هەربەهەمان شێوە کاردەکەن وە هەر کاتێکیش پێش وەختی چاوپێکەوتن پرسیاری هەبێت دەتوانێ پەیوەندی بکات، سەبارەت بە بەشی خولەکان وەکو خولی فێربوونی زمان وخولەکانی تر بە ئۆنلاین کۆرسەکانیان لە ڕێی سکایپ وەردەگرن و تەواوی دەکەن.”

لەکۆتایدا ناز دەڵێت “ئێمە دوبارە ئەو ژنانە پەروەردە دەکەینەوە کە تەنها چاوەڕێی دەستی پیاو دەکەن، ئەمەش بەهۆی ترس لە خێزان یان ئەو کولتورەی تێیدا گەورە بون و فێرکراوە بڵێت من هیچ نازانم و فێری هیچ نابم.”

ئامانجی ڕێکخراوی یاسمین ئەوەیە بە هەر شێوازێک بێت یارمەتی ژنان بدات لە سفرەوە تا ئەو شوێنەی خۆی دەیەوێت پێی بگات هەرگیز لەسەر قورسی و ترسناکی کەیس واز لەو ژنانە ناهێنین کە دێنە ڕێکخراو و داوای یارمەتی دەکەن و وەک ئەرکی هەموو ڕێکخراوێک مافەکانیان بۆ دەگەڕێنینەوە.”

 

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

 

 

 

 

Leave a comment