چۆن سۆز بووە ڕاهێنەری لەشجوانی؟

Chawww

سۆز چۆن بووە ڕاهێنەر؟

ئامادەکردن/ داستان مارف

سۆز کچە کوردێکە، چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی کێشی زۆرەوە دەیناڵاند، دواتر بڕیاردەدات دەست بە وەرزش بکات و لەگەڵیدا بەرنامەی خۆراکی بۆ خۆی دابنێت، ئەم پرۆسەیە بەردەوامی هەبوو، پاش ماوەیەک کێشی دابەزی ئەمە ورەی زیاتری پێبەخشی و بەردەوامبوو، بەشێوەیەک کە بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەر جەستەیدا هات و پێی نایە ژیانێکی نوێوە.

سۆز بۆ چاوی خەڵک دوا “لە سەرەتادا لە ڕێگەی ئەکاوتنی ئینستاگرامەوە و باسکردنی چیرۆکی ژیانی خۆم و دانانی چەند وێنەیەک لە پێشتردا و دواتریش وێنە تازەکانم، بووە هۆی وروژاندنی ئەو پرسیارە لای هاوڕێکانم. ئایا چۆن توانیت؟.

بۆ ئەوەی هاوڕێکانم بگەن بە لەشێک کە دڵخوازی خۆیانە، هاوکارییان دەکەم و بەرنامەی خۆراکییان بۆ دادەنێم و ڕێگەی گەیشتن بە لەشێکی تەندروستیان فێردەکەم.

ژەمە خواردنێکی تەندروست بۆ بەیانیان لە لایەن سۆزەوە ئامادەکراوە.

یەکێک لە کۆمێنتدا بۆی نوسیوە: “ئەگەر لە سلێمانی بژیامایە، هەموو ڕۆژێک گوڵێکم بۆ دەهێنایت”

هاوڕێ و هەوادارەکانی ڕوو لە زیادبوون دەکەن و لە هەمانکاتدا ئەو پرسیارانەش لێی دەکرێت بە هەمان شێوە. ئەو دەڵێت “لە ئەکاونتەکەمەوە بێ بەرامبەر ڕێنمایی بۆ هەوادارەکانم دادەنێم و زۆربەیان سودی لێوەردەگرن، لەم کارەم مەبەستمە زیاتر خزمەتی خانمان بکەم.”

پاشان وتی “جگە لەوەی لە وەرزشکردن و بەرنامە خۆراکییەکان بەردەوامبووم، بڕیارمدا بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی وەربگرم و ئامانجەکەم هێنایە دی و بومە ڕاهێنەری لەشجوانی. جگە لەوەش من نمونەیەک لە باش بەکارهێنانێکی سۆشیال میدیا نیشان دەدەم و دەمەوێت سەرنجی گەنجەکان لەسەر جوانکاری و جلکڕینی زۆر هەڵبگرم و ژیانێکی تەندروستیان پێببەخشم.”

لە ئێستادا شارەزایی تەواوی لە بەرنامە خۆراکییەکاندا هەیە و هەر بە هۆی ئەزمونییەوە زۆرێک لە هەوادارانی سودیان لێبینیوە. خۆیشی دەڵێت “ئامانجی من ئەوەیە بێبەرامبەر هاوکاری زۆرترین خەڵک بکەم و نمونەیەکی سەرکەوتوی ئەو کەسانە بم کە پێیان وایە ناتوانن کێشیان دابەزێنن.”

ژەمە خواردنێکی تەندروست، لەلایەن سۆزەوە ئامدەکراوە

لە کۆمێنتێکی دیکەدا بۆی نوسراوە: “لە ٧٨ کیلۆوە بومە ٥٤ کیلۆ، ئەمە لە سایەی تۆوە بوو، زۆر سوپاس”

لە درێژەی قسەکانیدا وتی “لە منداڵییەوە کێشم زیاد بوو، خەڵک نازانێت چۆن مامەڵەت لەگەڵدا بکات، تەنانەت هەندێکجار ڕوبەڕووی تانە لێدان دەبیتەوە و ئەمەش ئازارت دەدات. بۆیە دەبوو سەرەتا خۆم لەشی خۆم قبوڵ بکەم و ئیتر قسەی هیچ کەسێکیش کاریگەری لەسەرم نەبێت، بۆیە هەموو قسەکانم پشتگوێخست و لە ماوەی ساڵێکدا ٣٠ کیلۆ لە کێشی خۆمم داگرت و باوەڕ بە خۆبوونم بۆ گەڕایەوە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووم بەو کێشەی کە ئامانجی منە.”

سۆز لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە  sozylifestyle ماوەی دوو ساڵە لە ڕێنماییە وەرزشییەکان بەردەوامە، لە ١/١ ی هەردوو ساڵەکەدا لە ژێر چاودێری خۆیدا پێشبڕکێی کێش دابەزاندنی بۆ هاوڕێ و هەوادارەکانی ڕێکخستووە “وەک هاندانێک” و خەڵاتی کەسی براوەی دەکرد.

ژەمە خواردنێکی تەندروست لەلایەن سۆزەوە ئامادەکراوە.

لە کۆمێنتێکی دیکەدا خانمێک دوو وێنەی خۆیی داناوە، وەک بەراودێک لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا کە جیاوازییەکانیان شەش مانگە و لەسەری نوسیوە: “هەر گرامێک لە کێشم کەمی کردبێت بەهۆی تۆوە بووە، سوپاس”

لەم کاتەشدا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هۆڵەکانی لەشجوانی داخراون، خەریکی وەرزش و ئامادەکردنی خواردنە تەندروستەکانە و لە ئەکاونتەکەشی بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و هۆشارییە بۆ ئەوانەی تەندروستییەکی باشیان دەوێت یاخود کێشیان زۆرە.

دوا وتەکانی سۆز بۆ چاوی خەڵک “دەمەوێت بەو کەسانە بڵێم کە کێشیان زۆرە یاخود قەڵەون، قەڵەوی توشی چەندین نەخۆشیت دەکات، مەرج نییە لە ئێستادا کە تەمەنت کەمە نەخۆشییەکانت لێ دەربکەوێت. کاتێک کێشت زۆرە بڕوابەخۆبونت کەم دەبێتەوە، کاتێک بڕیار دەدەیت ژیانی خۆت بگۆڕیت، هەموو شتێکی دیکەش دەگۆڕێت، دەمەوێت پێتان بڵێم هەر لە ئێستاوە ئامانجێک دیاری بکە و دەستپێبکە، بە گۆڕینی ژیانت و بە لەشێکی تەندروست و جوان.

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment