فێستیڤاڵی سەمەنی لە پارکی ئازادی بەڕێوەچوو

Cover

ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ٣ی ٢٠٢١ لە پارکی ئازادی لەلایەن ماڵی دایکم، دایکی پاشا و سەندیکاری کرێکاران-بەشی ژنان، فێستیڤاڵی سەمەنی بەڕێوەچوو لە هەمان کاتیشدا داهاتەکەی بۆ نایبینایان بوو.

خواردنی کوردەواری، سەمەنی

سەمەنی خواردنێکی کوردەوارییە و لە چرۆی گەنم دروست دەکرێت، لە ماوەی١٠ بۆ ١٢ ڕۆژدا دروست دەبێت. گەنمەکە دەشۆردرێتەوە، پاک دەکرێت، دەکرێتە ئاو، دەکرێتە تورەکە و دەکوترێت دواتر حەوت ئاوی لێدەگیرێت، ئاوی یەکەم پێی دەگوترێت “شیر” شەش ئاوەکەی تر ئاردی گەنمی تایبەتی تێدەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگر، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەمەنی ئەوەیە دەبێت بە بەردەوامی تێکیهەڵبدەیت بە بێ دەستلێبەردان.

دایکی پاشا، یەکێک لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی سەمەنی

دایکی پاشا یەکێک لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بۆ (چاوی خەڵک) دوا: من سناپچاتێکم هەیە و لەوێوە کاری خێرخوازی دەکەم، ڕۆژێک چوومە بینای نابینایان، سەختی و خراپی گوزەرانیانم بینی و ئەمەم کردە بانگەوازێک و بۆ هاوڕێکانی سناپچاتم گواستەوە و هەر ئەو کات دەستمان بە ئامادەکاری کرد. ئەم فێستیڤاڵە ئەنجامەکەی بوو.

هەروەها وتی: “چەندین کەسی دڵسۆز بە هانای بانگەوازەکەمەوە هاتن لەوانە، ماڵی دایکم و سەندیکاری کرێکاران-بەشی ژنان، پێکەوە هەماهەنگیمان کرد و بیرمان لە دروستکردنی کارێک کردەوە کە داهاتەکەی بۆ نابینایان بێت.

بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی سەمەنی لە پارکی ئازادی

سەمەنی خواردنێکە ڕەنگێکی قاوەیی مەیلەو زەردی هەیە و بۆنی نزیکە لە بۆنی حەڵواوە و کەمێک شلترە. تامێکی شیرین و تفتی هەیە

نازەنین سەعید خاوەنی پڕۆژەی ماڵی دایکم

نازەنین سەعید خاوەنی پڕۆژەی ماڵی دایکم بۆ خواردنە کوردەوارییەکان بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “کاتێک لە ڕێگەی سناپچاتەوە بانگەوازەکەی دایکی پاشامان بینی لە گوزەرانی خراپی نابیناکان ئاگاداربووینەوە ئێمەش بڕیارماندا بەشداری بکەین.

نازەنین بە پەیامنێرەکەی چاوی خەڵکی وت “فێستیڤاڵەکەمان ناونا سەمەنی لەبەر ئەوەی سەمەنی خواردنێکی کۆنی کوردەوارییەوە و خەریکە لەناو دەچێت، من وەک خاوەنی فرۆشگای ماڵی دایکم خەریکی تازەکردنەوەی ئەو خواردنەوە کوردەوارییانەم کە خەریکە لەناودەچێت.

لە یەکێک لە دەروازەکانی پارکیی ئازادییەوە چوینە ژورەوە و بۆنی یاپراخ و کفتە و حەڵواو سەمەنی دەهات. چەندین ژن بە جلی کوردییەوە بەدیار مەنجەڵ و مێزەکانیانەوە دانیشتوون.

لەیلا کەریم محەمەد، ئەندامی سەندیکاری کرێکارانی کوردستان-بەشی ژنان

لەیلا کەریم محەمەد، ئەندامی سەندیکاری کرێکارانی کوردستان-لقی ژنان و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە وتی: “فێستیڤاڵەکە ٤٠ مێز و ٨٠ کەس تێیدا بەشدارن، مێزەکان لە کەلوپەلی جوانکاریی، خواردنە کوردەوارییەکان، حەڵوا، سەمەنی و کاری دەستی پێکدێت.

لەیلا بە (چاوی خەڵک)ی وت: ” بەشێک لە داهاتی سەرجەم مێزەکان و تەواوی داهاتی سەمەنی حەڵواکە دەگەڕێتەوە بۆ نابیناکان. فێستیڤاڵەکە دوو ڕۆژی خایاند و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژە لە پێشوازی خەڵکداین و خەڵکیش حەز لەم جۆرە کارانە دەکەن. ئەمە یەکەم کارمان نییە و بێگومان کاری دیکەی هاوشێوەش دەکەین.

نازەنین سەعید خاوەنی پڕۆژەی ماڵی دایکم لە کاتی ئامادەکردنی سەمەنیدا

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment