
نزیکەی دوانزە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوان لە سەردانێکیان بۆ بینای پارێزگای سلێمانی چاویان بە جێگری پارێزگاری سلێمانی (لەیلا عمر علی) کەوت و یاداشتێکی داواکاریان پێشکەش کرد.
ئامادەکردنی ئەم یاداشتە و پێشکەشکردنی بە پارێزگاری سلێمانی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوە هات کە لە رۆژی ١٢-١-٢٠٢١ لە ڕێگەی پەیجی فەرمی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە سۆشیاڵ میدیاوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و لە برگەی کۆتایی راگەیاندراوەکە هاتووە (لهحاڵهتی دووبارهبونهوهی ههر كارێكی لهو جۆرهو خۆبهپاڵهوانكردن له تۆرهكۆمهڵایهتییهكان، ناچاردهبین ئهو كهسانه ڕوبهڕوی یاساو دادگا بكهینهوه.”)
هانا شوان وەک نوێنەری ڕێکخراوەکان لە کۆبوونەوەکەدا وتی: “ئەو ڕاگەیاندراوەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەسەر کەیسی ئەو ژنە بێلانەیە بڵاویکردەوە دوورە لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و کاری کۆمەڵگەی مەدەنی و کارکردنیان. کە ڕێگریە لەبەردەم کارەکانماندا گەر ئیرادەی خۆمان نەبێت بە دڵنیاییەوە دەبێت واز لە کارکردن بهێنین.”

لەیلا عمر عەلی جێگری پارێزگاری سلێمانی پاڵپشتی دەربڕیی و وتی “خۆم داکۆکیکارێکی سەختی ڕێکخراوەکانم چونکە ئەوان بە پاڵپشت و پشتگیری حکومەت دەزانم، پێموایە کاتێک حکومەت بەهێز دەبێت کە گوێ لە پێشنیار و ڕەخنەی ڕێکخراوەکان بگرێت.”
هەروەها وتی “دیارە لای ئێمە بوونی ڕێکخراوەکان زۆر گرنگن، ساڵانی پێشوو دوای بەدواداچونمان کە لە سوڵتەی تەنفیزی ئیشمان کردووە بۆمان دەردەکەوت زۆربەی زۆری ئەو پڕۆژە جوانانەی کە هەبووەو حکومەت جێبەجێی کردوە زۆریان کاری ڕێکخراوەکانن کە بۆ خزمەتی خەڵک بووە.”


چاوی خەڵک/ تایبەت