کۆرۆنا و دۆخی ژنان

photo_2020-06-30_22-14-21

 سۆلماز دوروودی

چەند مانگێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی داگرتووە و کاریگەرییەکانی لە سەر هەموو لایەنە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی مرۆڤ بە ئاشکرا دیارە. نەخۆشکەوتنی میلیۆنها کەس و مردنی نزیکەی نیو میلیۆن نەفەر، بێکاربوونی میلیۆنها کەس، وەرشکست بوونی هەزاران کۆمپانی و کارگە و … بەرچاوترین ئاسەوارەکانی ئەو پەتایەن بەڵام ئەو پەتایە زۆر لایەنی هەیە کە شاراوەترن و بە ئاسانی بەرچاو ناکەون.

لە هەموو جیهانی پیاوسالاردا ژنان ئەرکێکی گەورەیان لە ماڵەکان و کۆمەڵگادا لە ئەستۆیە بەشێکی گەورەی ئەو ئەرکە بەخێوکردنی منداڵان و ئاگاداری کردنی بەساڵاچووان و نەخۆشەکانە. لەو وڵاتانە کە ئەم کارانە بە شێوەی پرۆفشنڵ دەکرێن، کارهایەک کە زیاتر ژنان دەیانکەن حەقدەستیان کەمتر لەو کارانەیە کە زیاتر پیاوان دەیکەن تەنانەت بۆ کاری یەکسانیش ژنان ڕادەی حەقدەستەکانیان لە چاو ئەو پیاوانێک کە هەمان کار دەکەن کەمترە. لە زۆرێک لە وڵاتان ژنان هەموو ئەو ئەرکانە بە بێ حەقدەست جێبەجێ دەکەن. بۆ نموونە لە کۆمەڵگاکانی وەکوو کوردستان ئەرکی بەخێوکردنی نەخۆش و بەساڵاچووەکانی خانەوادە لەسەر شانی ژنانە و لەم دۆخەدا زیاتر لە جاران ئەم بارە لەسەر شانیان قورسترە و مانەوە لە ماڵەوە و نەبوونی دەرفەتی تەنانەت دیداری کەسانی دیکە ژنانی وەکوو کرێکارانی ئوردووگاکانی کاری زۆرەملی یەخسیر کردووە.

وەکوو لە هەموو مێژووی باڵادەستیی پیاواندا بیندراوە لە کاتی ئەزمە و شەڕ و کارەساتەکاندا مەترسیی گوشار بۆ سەر ژنان زیاتر دەبێ. لە بەر دەسەڵاتی کەمتری ژنان لە سیستمی پیاوسالاردا و ئەو ڕۆڵ و دەورە سوننەتییانەی ئەو کۆمەڵگایە بۆ ژنانی دیاری کردووە مەترسی توندبوونەوەی هەڵاواردن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیاتر دەبێ. کۆرۆناش وەکوو کارەساتەکانی دیکە ئەو کاریگەرییە نێگاتیڤەی لە سەر دۆخی ژنان بووە. بۆ نموونە لەبەر قەرنتینەکرانی خەڵک و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ماڵەوە مەترسیی کەوتنەبەر توندوتیژی لە پەیوەندییە نزیکەکاندا (domestic violence) زیاتر دەبێ. ئەو منداڵە کچانەش کە قوربانیی دەسدرێژیی ناو خێزانن لە کاتی قەرەنتینەدا دۆخەکەیان نالەبارترە.

لە کۆمەڵگا سوننەتییەکاندا کە هاوکات لەباری ئابووریشەوە لە دواوەن و پاش هاتنی پەتای کۆرۆنا ڕێژەی بێکاری و هەژاری زۆر بەرزتر بووەتەوە یەکەمین قوربانییەکانی ئەم هەژاری و باری خراپی ئابوورییە ژنانن. لەو وڵاتانەش کە ژنان لەدەرەوەی ماڵ کاردەکەن لەبەر لە خوارەوەبوونی ئاستی توانای ئابووریی ژنان هەر ئەوانن کە لە ئاکامی هاتنی کۆرۆنادا تووشی خەسار و گرفتی زیاتر دەبن و ئابوورییە لاوازەکەیان بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێ.

هاوکات بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە بەشی تەندوروستیدا کار دەکەن لە ژنان پێکدێن و هاتنی پەتای کۆرۆنا تەندوروستی و ژیانیانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ خستووەتە مەترسییەوە و هیلاکی و ماندوویەتیی گوشاری زۆری کار لە درێژماوەدا کاریگەریی خراپی لە سەر ژیان و سەلامەتییان دەبێ.

هاتنی کۆرۆنا پێداویستیی دەرکرانی بڕیاری تایبەت لە سیاسەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوە گشتی و خوسووسییەکاندا دروست کردووە. لەم دەورەیەدا پێویست بووە یاسای تایبەت دابنرێن، بودجەی تایبەت دیاری بکرێ و بڕیار لەسەر کار و ژیانی خەڵک بە گشتی بدرێ. هاوکات زۆربەی ئەوانەی ئەم بڕیارانە دەردەکەن و دەستیان لە دیاری کردنی بوودجە و یاسای تایبەتدا هەیە پیاوانن(بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کەمتر لە ٢٥ لە سەدی پارلمانتارەکان و کەمتر لەسەدا ١٠ی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵاتان لە ژنان پێکهاتووە و تەنها ٢٩ لەسەدی پۆستە سەرکی و بڕیاردەرەکانی ناو کۆمپانی و شیرکەتە گەورەکان بەدەس ژنانەوەیە). ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ پێداویستی و دۆخی تایبەتی ژنان وەکوو دەخوازێ لە دەرکرانی ئەو بڕیار و یاسا و دیاری کردنی ئەو بودجە تایبەتانەدا لەبەرچاو نەگیراوە. بە وتەیەکی دیکە کەم دەسەڵاتیی ژنان لە سیاسەت و ئابووریدا بووەتە هۆی ئەوەی بڕیارەکان زیاتر بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی پیاوان لەبەرچاو بگرن و ژنان لەم لایەنەشەوە بەشخوراو بن.

بۆ ئەوەی لە ئەمڕۆ و داهاتوودا لە دۆخی ئاسایی و لە کاتی ئەزمە و کارەساتەکاندا ژنان چیدیکە نەبنە قوربانی، پێویستە دەسەڵاتی پیاوسالار جێگەی بە دەسەڵاتێکی مرۆڤ سالار پڕ بکرێتەوە. بەرانبەرکێ لەگەڵ هەموو ئەو دامودەزگا و سیستم و پەروەردە و شێوازی ئابووری و سیاسییەی کە پیاوسالاری پێیان پشت ئەستوورە، ئەرکی ئەمڕۆ و داهاتووی یەکسانیخوازانە.

 

 

#گوڤاری_دواڕۆژ

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment