کاتێک چووە بۆ سەیری گەرماوەکە تا ئیشی لێبکات، ووتویەتی یەک ڕۆژیش لێرە ئیدارە ناکەم، بەڵام وا زیاتر لە سێ دەیەیە ئەو شوێنە دەباتبەڕێوە و لە ڕوخان دەیپارێزێت. لای ئامینە خان، گەرماوی موفتی واتا شارێک، واتا سلێمانی.
ئامینە محەمەد جگە لە بەڕێوەبردنی گەرماوی موفتی، کە دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەران لە ناوجەرگەی سلێمانی، ١٤ساڵە تونچییە و خۆی ڕۆژانە حەمامەکە گەرمدەکات. هەرچەندە پێشتر ئەو کارە هەر پیاوان کردویانە، بەڵام سەرەڕای سەختی ئیشەکە، لەبەر بژێوی ژیان، خۆی دەیکات.
ئامینە محەمەد ئەحمەد لە ساڵی ١٩٦٩ لە ناحیەی سەنگەسەر لەدایک بووە؛ لە ١٩٨٩دا هاوسەرگیری دەکات و لە سلێمانی نیشتەجێدەبێت. ئەو نەیدەزانی هاوسەرەکەی گەرماوی موفتی هەیە و ئیشکردن لە شوێنکی وادا چۆنە و لە سەرەتادا کە شوێنەکە دەبینێت زۆر لای سەیر دەبێت.
وەک پەیامنێری (چاوی خەڵک) سەرەتا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئامینەدا قسەمکرد؛ باسی ئەزمونی کارەکەی بۆ کردم ، پێش ئەوەی بیبینم ئەو هەستەم لا دروست بوو بۆلای ژنێکی بەتەمەن دەڕۆم. کاتێک گەیشتمە حەمامی موفتی تێڕوانینەکەم زۆر پێچەوانە بۆوە؛ ژنێکی نزیکەی ٥٠ ساڵ، دەمووچاوێکی میهرەبان و دوو چاوی کاڵ، بە دەستەکانیدا دیار بوو، کاری زۆر سەختی کردووە. بەڵام لەگەڵ وتنی هەر وشەیەکیدا دەمبینی، ئامینەی خاوەن پێنج کچ چەند دایکێکی میهرەبان و چەند و بەرپرسیارێتییەکی گەرورەی لەسەر شانە.
ئامینە پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکات لە گوندەکەی خۆیان کوشتوکاڵی کردووە و لەهەمان کاتیشدا خوێندکار بووە. هەرچەندە لەو کاتەدا و لەناوچەی پشتدەر ئەستەم بووە کچان بخوێنن ئەوباوک و براکەی ڕێگر نەبوون لێی و تا دووی ناوەندی لە خویندن بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆکارێک واز لە خوێندن دەهێنێت و دواتر هاوسەرگیری دەکات. چیرۆکی سەرکەوتنی ئامینە خان لێرەوە دەستپێدەکات.
سەرەتای گەشتەکەی ئامینە
“ئەوکاتەی هاوسەرگیرم کرد مێردەکەم لێرە (گەرماوی موفتی) حەمامچی بوو و بەشی پیاوانی بەڕێوەبردووە؛ هاوسەری پێشووی کە پێش ئەوەی من بهێنێت کۆچی دوایی کردبوو، ئەویش بەشی ژنانی بەڕێوەبردووە. جارێکیان من لەگەڵ کچی هاوسەرەکەم هاتم بۆ حەمامەکە تا بزانم ئیشکردن لێرە چۆنە، وتم “یەک ڕۆژ لێرە ئیدارە ناکەم”.
حەمامی موفتی یەکێکە لەو گەرماوە دەگمەنانەی تائێستاش ژنان بۆی دەچن، مێژوویەکی کۆنی هەیەو دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەران، لەلایەن بنەماڵەی بابانەکانەوە لە ساڵی ١٧٨٨بنیاتنراوە. دیوارەکانیشی بە بەردی مەڵەندی و ناوەوەی حەمامەکەش هەمووی لە قسڵ و قوڕ و خشتی سوور دروستکراوە، جگە لە حەمامی موفتی سێ حەمامی کۆنی تر لە سلێمانی هەن ئەوانیش، سورەت، سلێمان و شێخ مارفن.
هاوسەرەکەی ئامینە داوای لێدەکات چەند ڕۆژێک لەگەڵ شاگردی حەمامەکە، باجی ڕەعنا، کە ژنێکی بەتەمەن بووە دابنیشێت و بزانێت چۆن پارە و کەلوپەلەکان لە مشتەرییەکان وەردەگرێت و چۆن لە کاتی هاتنە دەرەوەیاندا پیرۆزباییان لێدەکات. لەدوای ئەوەوە، ئامینە کارەکەی لا خۆشەویست دەبێت و لەماوەی سێ ڕۆژدا فێردەبێت و بڕیاردەدات بەشی ژنان بەڕێوە ببات.
“ئیتر هەر ئەو ڕاهاتنە بوو، وا ٣٢ ساڵە ئیشی تیادادەکەم و ٦ منداڵم لەم حەمامەدا گەورە کردوە؛ ڕۆژ تا ئێوارە لە باوەشمدا بوون و لە تەنیشت خۆمەوە دامناوون. لەبەرئەوەی ماڵەکەشمان نزیک بوو جار جار ئەمبردنەوە ماڵەوە، ئەگینا هەر لای خۆمبوون تا گەورە دەبون و کاتی خوێندنیان دەهات، من بەم شێوەیە ژیانم بردۆتە سەر.”
کاتێک ئامینە دەست بە کارەکە دەکات، بەووتەی خۆی، رۆژانە ٣٠ مشتەری ژن سەردانی حەمامەکە دەکەن، بەڵام ئێستا بەوشێوەیە نییە و لە باشترین کاتتدا، ڕۆژانە ١٠ کەس بۆ خۆشتن دەچن و ڕۆژی واشە کەس ناچێت.
کاری حەمامچێتی بۆ ژنان سەخت نییە، بەڵام تونچێتی،کردنەوەی ئاگری کورە، گازتێکرن، بۆری پاککردنەوە و کورەتەکاندن تائێستا ئیشی پیاوان بووە. جگە لەو چەرمەسەریانەش، ئەو کاتانەی کورەکە تێکدەچێت ئامینە قوڕی لە چەمچەماڵەوە بۆ دەهێنێت و پاشان لە بازاڕ خشتی تایبەت بەخۆی هەیە کە بۆی دەکڕێت؛ دواتر کەسێک بەکرێدەگرێت تا کورەکەی بۆ دابنێت.
“من دووکوڕم هەیە، ماوەیەک یەکێکیانم دەبرد بۆ کاری تونچێتیەکە، لەبەرچاوی خۆم لەناویدا سوتا، بەهەزار دەردەسەری دوای پێنج مانگ چاکبوەوە. لەوکاتەوە، ناهێڵم کەسیان بێن و خۆم ئاگرەکە دەکەمەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر شتێکیش بێت ئەوان سەلامەت بن و بەسەر خۆمدا بێت.”
حەمامی موفتی و هاوسەرگیری
ساڵانی رابردوو، لە کاتی بۆنە گشتی و تایبەتەکاندا خەڵکێکی زۆر سەردانی حەمامی دەرەوەیان دەکرد. موفتی هەر بەتەنیا شوێنی خۆشتن نەبووە، بەڵکو شوێنی ئامادەکاریی بۆ بۆنەی کۆمەڵایەتی و هاوبەشیکردنی خۆشییەکانیش بووە.
خەڵک لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە لەوانە، عەربەت، بازیان و چەمچەماڵ سەردانیان کردووە کرد و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکی ناوچەکاندا دروستبووە، خۆشی و ناخۆشیان لەگەڵ یەکتر بەشکردووە.
ئامینە دەڵێت، “ساڵانیی نەوەدەکان بەیانیان تا منداڵەکانم دەپێچایەوە و دەگەیشتمە ئێرە، دەمبینی نزیکەی ٣٠ ژن لە هەیوانی حەمامەکە وەستاون و باجی ڕەعناش دەرگاکەی لێ دەگرتن، چونکە ٥ تا ٨ ی بەیانی بۆ پیاوان بوو، بەڵام ژنان لە ٧ ی بەیانییەوە دەهاتن بۆ ئەوەی شوێنێکی باش بگرن.”
لە حەمامی موفتی تاقی تایبەت هەیە بۆ بوک و ژنی زەیستان. جاران کاتێک کچێک هاوسەرگیری دەکرد، ماڵی بوک و خەسوەکەش دەهاتن و سینییەک مۆم و پاقلەوە و میوەیان لەگەڵ خۆیان دەهێناو دەیان گێڕا، هەر لێرەشەوە بوکەکە دەبرا بۆ ساڵۆن و حەفلە.
زۆر جاریش، دایکان منداڵە تازە لەدایکبوەکانیان دەهێنا و چلەیان لێ دەردەکرد و شیرینی منداڵەکەیان دابەش دەکرد.
ئەو یادەوەرییانە هەر لە خاتوو ئامینە ماون و بەداخیشە کە چیتر کەس بۆنەی لەوشێوەیە رێکناخات، “ئەم کلتورەی حەمام زۆر خۆش بوو بەڵام ئێستە نەماوە”.
ئامینە، پایەی پاراستنی حەمامەکە لە ڕمان
هەموو کاتێک رووداوەکان بە قازانجی خواستی ئامینە ناکەونەوە. رۆژێک وەکیلی خاوەنی گەرماوەکە سەردانی موفتی دەکات تابزانێت چۆنە و چەند دەکات.
ئامینە دەڵێت،” جارێک کوڕی وەکیلی حەمامەکە هات و هەندێک وێنەی گرت؛ هەستمکرد بە نیازن تێکیبدەن؛ منیش لەبەر پاراستنی لە ڕوخاندن بەڕێوبەرایەتی شوێنەوارم لێ ئاگادارکردەوە.”
“کاک کەمال بەڕێوەبەری ئاساری کۆن هات و ئاگاداری کردنەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن ئەم حەمامە تێکبچێت”، ئامینە وایووت.
فرۆشتنی گەرماوەکە کاری نەکردەیە، تەنانەت ئامینە سەری لەوە دەرناچێت بۆ ئەوەندە موفتی خۆش دەوێت، ” لای من ئەم حەمامە ئەوەندە گەورەیە کاتێک دەڵێم حەمامی موفتی واتا سلێمانی، نازانم هی ئەوەیە ٣٢ ساڵە لێرە ئیش دەکەم و ژیانم لێرە بردۆتە سەرو خۆشەویستە لام یان هی چییە نازانم.”
ئامینە ئەو وانەیەی فێری هەمووان کرد کە کاتێک ژنێک دەڵێت ئەو کارە دەکەم، بە کردار دەیکات، “بەو پەڕی شانازییەوە ئەو کارەم هەڵبژاردووە ساڵانێکە بەردەوامم و ماڵ و منداڵەکەمم پێ بەخێوکردووە.”
چاوی خەڵک/ تایبەت