د.نبراس مه‌عمورى؛ هه‌ندێك له‌پارته‌ سیاسیه‌كان ستراتیژییەكى میدیایى توندڕه‌و به‌رامبه‌ر به‌دۆسییه‌كانى ژنان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن

84568695_1223498231373756_2620637204040384512_n

دواى نزیكه‌ى 17 ساڵ به‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئازادى عێراق و ڕوخاندنى رژێمى به‌عس، هێشتا میدیا له‌عێراق نه‌بۆته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ به‌دیهاتنى گۆرانكارى ڕیشه‌یى له ‌گه‌یاندنى ده‌نگ و داخوازییه‌كانى ژنانى میدیاكار، باڵاده‌ستى میدیای به‌شێك له‌پارته‌ سیاسیه‌ توندڕه‌وه‌كان بۆته‌ هۆكارێك بۆ له ‌ده‌ستدانى بنه‌ماكانى بێ لایه‌نى له ‌چۆنییه‌تى گه‌یاندنى په‌یامه‌كان و  ڕوماڵكردنى پرسه‌ هه‌ستیاره‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌نێوانیشیاندا پرسى ژنان له ‌ڕوانگه‌ى كارى میدیاییه‌وه‌.

د.نبراس مه‌عمورى، دامه‌زرێنه‌رى رێكخراوى كۆڕبه‌ندى ژنانى میدیاكار له‌عێراق، له‌دیمانه‌یه‌كى ماڵپه‌رى “چاوى خه‌ڵك”، ده‌ڵێت” گرفتى سه‌ره‌كى ئێمه‌ ئه‌مرۆ له‌وڵاتێكى وه‌كو عێراق بریتییه‌ له‌ نه‌بوونى میدیای بێ لایه‌ن كه ‌بتوانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ كار له‌سه‌ر گه‌یاندنى كۆى پرسه‌ هه‌نۆكه‌ییه‌كانى كۆمه‌ڵگا بكات”

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كات” میدیای پارته‌ سیاسییه‌كان ‌هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك ئایدۆلۆژیاى سیاسى دیاریكراون و تێروانییان بۆ دۆسییه‌كانى ژنان به‌گشتى هه‌ندێكجار تێروانێكى بنیاتنراوه‌ له‌سه‌ر لایه‌نى توندڕه‌وى، ئه‌وه‌ش تاراده‌یه‌كى زۆر گرفتى بۆ دروست كردووین”.

 

چاوى خه‌ڵك: دۆخى ئێستاى ژنانى میدیاكار له‌نێو دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى عیراق چۆن ده‌بینیت ؟

نبراس؛ سه‌باره‌ت به‌دۆخ و ڕاده‌ى ئاماده‌بوونى ژنانى میدیاكار ده‌توانم بڵێم ژنان ئاماده‌بوونێكى به‌رچاویان له‌بواره‌كه‌دا تۆمار كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ گرفتى ئێمه‌ له‌ڕووى چه‌ندێتیه‌ نه‌وه‌كو چۆنییه‌تى به‌تایبه‌ت له‌دواى ساڵى 2003 وه‌، وبوونى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ژنانى میدیاكاریش كاریگه‌رى ته‌واوى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر په‌راوێزخستن و شاردنه‌وه‌ى به‌شێك له‌كه‌موكورتییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ڕووى چۆنییه‌تییه‌وه‌.. وهه‌روه‌ها نه‌بوونى خولى میدیایى ودیدى كۆمه‌لایه‌تیش بۆ ژنانى میدیاكار كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌خشینى وێنایه‌كى ته‌م ومژاوى به‌روڵ وبه‌شدارى ژنان له‌بوارى كارى میدیاییدا.. بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م گرفتانه‌ش، له‌ڕاستیدا پێویستیمان به‌توێژینه‌وه‌یه‌كى فراوانتره‌ بۆ باشتربوونى دۆخى ژنانى میدیاكار، وگۆرینى ئه‌و دۆخه‌ش به‌ئاڕاسته‌یه‌كى باشتربوون په‌یوه‌ندى به‌گۆرانكارى بنه‌ڕه‌تى له‌ژینگه‌ی كۆمه‌لایه‌تى وهاتنه‌كایه‌وه‌ى یاساو ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌رۆلى سه‌ره‌كى بگێرێت له‌دووباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ى دیده‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌م پرسه‌و هه‌روه‌ها دۆسییه‌كانى ترى ژنانیش به‌شێوه‌یه‌كى كشتى.

ده‌ركه‌وتنى ژنانى میدیاكار له‌عێراق به‌م رێژه‌یه‌ى ‌ئێستا تێبینى ده‌كرێت، چ جۆره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت؟ ئایا ئه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاستی ژیانى كه‌سى و مافه‌كانیه‌تى یاخوود ئاڵه‌نگارییه‌كى ترى ژنانه‌یه‌ به‌ئاڕاسته‌ى شكاندنى به‌ربه‌سته‌كانى كۆمه‌ڵگاى پیاوسالار و به‌ده‌ستهێنانى فۆرمێكى نوێى ژنانه‌ له‌بواره‌كه‌دا ؟

نبراس؛ دامه‌زراندنى كۆڕبه‌ندى ژنانى میدیاكار له‌عێراق، وه‌كو یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ى میدیایى تایبه‌ت به‌ژنان هه‌نگاوێكى سه‌ره‌كى بوو‌ كارمان له‌سه‌ر كرد به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى گۆرانكارى ته‌واو له‌ دیده‌ ته‌قلیدییه‌كانى كۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به‌دۆسیه‌كانى ژنان به‌گشتى و خودى ژنانى میدیاكاریش به‌تایبه‌ت. به‌ڵام، گرفتى سه‌ره‌كى ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌وڵاتێكى وه‌كو عێراق بریتییه‌ له‌نه‌بوونى میدیای بێ لایه‌ن كه‌بتوانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ كار له‌سه‌ر گه‌یاندنى كۆى پرسه‌ هه‌نۆكه‌ییه‌كانى كۆمه‌ڵگا بكات، و دامه‌زراندنى میدیای پارته‌ سیاسییه‌كانه‌ كه‌هه‌ڵگرى كۆمه‌لێك ئایدۆلۆژیاى سیاسى دیاریكراون و تێروانیشیان بۆ دۆسییه‌كانى ژنان به‌گشتى هه‌ندێك جار تێروانێكى به‌نیاتنراوه‌ له‌سه‌ر لایه‌نى توندڕه‌وى، ‌ئه‌وه‌ش تاراده‌یه‌كى زۆر گرفتى بۆ دروست كردووین. هه‌ڵبه‌ته‌ دامه‌زراندنى گۆڤارى “صوتها”ش له‌لایه‌ن رێكخراوى كۆڕبه‌ندى ژنانى میدیاكاره‌وه‌ هه‌نگاوێكى ترى كاركردنمان بوو به‌ئاراسته‌ى كاڵكردنه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌ نه‌رینییه‌كانى هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ى ئاماژه‌م پێكرد. هه‌روه‌ها چالاكییه‌كى زۆر گرنگیشمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ده‌بێته‌ سوپرازێك له‌ئاینده‌دا و په‌یوه‌سته‌ به‌بونیاتنانى ستراتێژیى میدیایى تایبه‌ت به‌ژنانى میدیاكار له‌عیراق.

هیچ جۆره‌ خالێكى هاوبه‌ش، یاخوود خاڵى جیاوازیش به‌دى ده‌كه‌یت له‌نێوان ژنه‌ میدیاكارانى ئێستاى عێراق، و ئه‌و ژنانه‌ش ‌له‌سه‌ردامانێكى زۆر پێشووتردا جێده‌ستى خۆیان له‌كایه‌ى میدیایى عێراقدا نه‌خشاندبوو ؟

نبراس؛ جیاوازییه‌كان زۆرن چ له‌ڕووى ئاڕاسته‌، دیدو بۆچوون، و چۆنییه‌تى گرنگى پێدانیش. هه‌رچه‌نده‌ ده‌رچووى به‌شى ڕاگه‌یاندن نیم، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ى له‌بوارى میدیادا ده‌ستبه‌كاربووم به‌كۆمه‌ڵێك تاقیكردنه‌وه‌ و تێکستى زۆر تایبه‌تدا تێپه‌رێم و له‌رێگاى كۆمه‌ڵێك دەورەوە‌ فێریانكردین چۆن جیاواى له‌نێوان هه‌واڵ وراپۆرتدا بكه‌ین. یاخوود چیرۆكى رۆژنامه‌وانى چییه‌ و به‌دواداچوونى میدیایى و رۆژنامه‌وانى چۆن ئه‌نجام ده‌درێت هه‌موو ئه‌مانه‌ى ئاماژه‌م پێكرد به‌ئه‌لف و بێى كارى میدیایى هه‌ژمار ده‌كرێن. به‌ڵام له‌مڕۆدا پەراوێزخراون و بوونیان نییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك.. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ى بونیات نانى تواناكانى ژنانى رۆژنامه‌نووس ومیدیاكار به‌شێوه‌یه‌كى دروست وونه‌ وكارى جدى له‌سه‌ر ناكرێت .

لێره‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نه‌وه‌یەكى میدیاكارى به‌توانا به‌رهه‌م بهێنین ده‌بێت به‌زنجیره‌یه‌ك پرۆسه‌ى راهێنان وبونیاتنانى تواناكاندا تێپه‌رێن هه‌ڵبه‌ته‌ زۆر به‌تایبه‌ت بۆ ژنانى میدیاكار، وخودى ته‌كنه‌لۆژیا ودنیاى ئه‌نته‌رنێتیش بوارێكى زۆر فراوانى بۆ ژنانى میدیاكار هێنایه‌ ئاراوه‌ وچۆنییه‌تى به‌ده‌ستهێنانى زانیارێشى كارێكى ته‌واو ئاسان كرد كه‌خوازیارم نه‌وه‌ى ئێستاى كارى میدیایى بتوانن زۆرترین سوود له‌و ئاسانكارییانه‌ ببینن .

زۆرجار ناوه‌ڕۆك وپه‌یامى میدیایى، ناوه‌رۆكێكى بونیاتنراوه‌  له‌سه‌ر ڕاده‌ى رۆشنبیرى كشتى كۆمه‌ڵگاكان.. واتا به‌ئاڕاسته‌یه‌ك كار له‌سه‌ر گه‌یاندنى په‌یامى خۆى ده‌كات، كه‌له‌ڕووى كۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌ هاوتا و په‌سه‌ندكراو بێت به‌تایبه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵێك بوارو لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ستیار وه‌كو دۆسییه‌كانى ژنان بۆ نموونه‌،  ئه‌م سیاسه‌ته‌ میدیاییه‌ چ جۆره‌ كاریگه‌ری و ئاسه‌وارێكى به‌جێهێشتووه‌ بۆسه‌ر ده‌نگى ژنانى میدیاكار له‌نێو میدیاى عیراقیدا ؟

نبراس؛ به‌بۆچوونى من بابه‌تى رۆشنبیرى كۆمه‌ڵایه‌تى بابه‌تێكى ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ژنانى میدیاكار به‌ڵكو، كۆى ژنان گرفتیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نه‌، چاره‌سه‌رى شیاویش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گۆرانكارییه‌ له‌دامه‌زراوه‌ خێزانی وپه‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر گۆرێنى دیدو پێوه‌ره‌كان بكات به‌ئاراسته‌ى بونیاتنانى تاك وكۆمه‌ڵگاى هۆشیار.. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشى به‌ده‌ستورى وڵات وئه‌و رێككه‌وتتنامانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ده‌وڵه‌تى عیراق پابه‌نده‌ پێوه‌ى به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌هۆى ئه‌و گیره‌شێوینییه‌كى ڕووى له‌عیراق كردووه‌ ڕه‌نگه‌ هێنده‌ى تر كارى له‌سه‌ر ئالۆزكردنى زیاترى كارى دامه‌زراوه‌كان كردبێت به‌شێوه‌یكى گشتى.

تاچه‌ند دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى عێراق پیشه‌ییانه‌ كاریان له‌سه‌ر پرسەکانی ژنان کردوە، به‌تایبه‌ت ئێستا ژماره‌ى كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان زیاتر بوون ؟

نبراس؛ سه‌ره‌تا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌م بوونى میدیا، وسوشیال میدیا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى فاكته‌رێكى زۆر گرنگه‌ به‌ئاراسته‌ى چۆشدانى ڕاى گشتى به‌رامبه‌ر به‌كۆمه‌لێك پرس وبابه‌تى هه‌ستیار، زۆریش به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌دۆسییه‌كانى ژنانه‌وه‌ به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ له‌دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى عێراقدا تاوه‌كو ئێَستاش به‌شێك له‌میدیاكان نه‌یتوانیوه‌ لایه‌نى پیشه‌یى بوون له‌به‌رچاو بگرن به‌تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ژنانه‌وه‌، لێره‌شدا پێویستمان به‌كادرى میدیایى به‌تواناو هه‌روه‌ها میدیایى جیاواز ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى دروستبوونى لێکتێگه‌شتن وشیكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست به‌رامبه‌ر به‌پرسه‌كانى ژنان.

كۆڕبه‌ندى ژنانى میدیاكار له‌عێراق”، كه‌رێكخراوێكى تایبه‌ت به‌ژنانى میدیاكاره‌.. چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌یت، وخودى ئه‌م رێكخراوه‌كه‌ش تاچه‌ند رۆلى هه‌بووه‌ له‌ده‌رخستن وكاراكردنى زیاترى پێوه‌ره‌كانى كارى میدیایى بۆ ژنانى میدیاكار؟

نبراس؛ كۆربه‌ندى ژنانى میدیاكار له‌عێراق ساڵى 2011 دامه‌زراوه‌، یه‌كه‌م رێكخراوى میدیایی تایبه‌ت به‌ژنانیشه‌ له‌مێژووى نوێى عیراقدا كه‌به‌نده‌ كارى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى كرد، ئه‌وه‌ش وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچى و ئاله‌نگارییانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ژنانى میدیاكار ده‌بنه‌وه‌ له‌په‌راوێزخستن و جیاكارى و هه‌ژماركردنى ژنانى میدیاكار هاوشێوه‌ى بەند له‌نێو ده‌زگا میدیاییه‌كاندا.

سه‌باره‌ت به‌شێوازى كاركردنیشمان، له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكى هه‌ستیار كارده‌كه‌ین وه‌كو تۆماركردنى هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ژنانى میدیاكار ده‌بنه‌وه‌ ، وخستنه‌ڕوویان له‌راپۆرتێكى ساڵانه‌دا بۆ ڕاى گشتى ولایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌رۆژى جیهانى رۆژنامه‌گه‌ریدا.. هه‌روه‌ها به‌پێویستى ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ وڵاتى عیراق ته‌نها وڵاته‌ له‌ناوچه‌ى عه‌ره‌بیدا پێناسه‌ كراوه‌ به‌وه‌ى كار له‌سه‌ر تۆماركردنى سه‌رپێچه‌كان ده‌كات دژ به‌ژنانى میدیاكار به‌تایبه‌ت.

یه‌كێكى تر له‌ته‌وه‌ره‌كانى كاركردنمان پێكهاتووه‌ له‌بونیاتنانى نه‌وه‌یه‌كى جیاواز وبه‌توانا له‌ژنانى میدیاكار ئه‌وه‌ش له‌رێگاى ئه‌نجامدانى جۆره‌ها خولى تایبه‌ت به‌پێگه‌یاندن له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عیراق، هه‌رێمى كوردستان و له‌وڵاتانى عه‌ره‌بى وجیهانیش له‌ڕووى چۆنییه‌تى پێگه‌یاندن و چۆنییه‌تى جێگیربوونى مافه‌ یاساییه‌كانى كچانى میدیاكارو رۆژنامه‌نووس له‌گرێبه‌سته‌كانى كاركردندا. جگه‌ له‌و ته‌وه‌رانه‌ش ئاماژه‌م پێكرد رێكخراوى كۆربه‌ندى ژنانى میدیاكار له‌عێراق له‌رێگاى چه‌ندین كه‌مپین و هه‌ڵمه‌تى میدیایى تایبه‌تیشه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌دۆسییه‌ جیاوازه‌كانى ژنان كردووه‌ و به‌شداریمان له‌چه‌ندین كۆنفرانسى جیهانی وعه‌ره‌بیش كردووه‌ كه‌شه‌ره‌فى وتارى ده‌ستپێك وكردنه‌وه‌یان به‌عێراق به‌خشراوه‌. دواین ئه‌و كۆنفرانسانه‌ش له‌وڵاتى نه‌مسا بوو، و به‌دیاریكراوى له‌ڤێناى پایته‌خت به‌سه‌رپه‌رشتى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وسندوقى ژنان بۆ ئاشتى وكارى مرۆیى كه‌ له‌لایه‌ن به‌نده‌وه‌ وبه‌نوێنه‌رایه‌تى 70 وڵاتى جیهانى وتارى ده‌ستپێكم پێشكه‌ش كرد هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكى ئێجگار گه‌وره‌ بوو نه‌وه‌كو ته‌نها بۆ رێكخراوه‌كه‌مان به‌ڵكو، بۆ ژنانى میدیاكار له‌عێراق به‌گشتى.

وه‌كو ژنه‌ میدیاكارێك ‌ئه‌زموونى كاركردنت له‌بواره‌كه‌ بۆ ساڵانێكى زۆر ده‌گه‌رێته‌وه‌، چین گرنگترین پێوه‌ره‌كانى بونیاتنانى میدیاكارێكى سه‌ركه‌وتوو؟ و ژنه‌ میدیاكارانى عێراق تاچه‌ند توانیویانه‌ كه‌سایه‌تى و تواناكانى خۆیان له‌بواره‌كه‌دا به‌شێوازێك بونیات بنێن كه‌كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌بێت بۆسه‌ر شێوازى بیركردنه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌پرسه‌كانى ژنان به‌گشتی؟

نبراس؛ پڕچه‌ك كردن به‌رۆشنبیرى وزانیارى فاكته‌رێكى ئێجگار گرنگه‌ بۆ پێگه‌یاندنى ژنانى میدیاكار به‌شێوازێكى ته‌واو كاریگه‌رو دروست.. هه‌روه‌ها له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ ژنانى میدیاكار به‌رده‌وام بن له‌گه‌ڕان به‌دواى شێوازه‌ نوێیه‌كانى فێربووندا، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش په‌یامێكى زۆر تایبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌رده‌وام بن وكاریگه‌رى زیاتریشیان هه‌بێت ، وهاوكات زۆر گرنگى به‌وه‌ نه‌ده‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتندا ئیدى ئه‌وان له‌ژێر ناوى میدیاكارى پرۆفیشنال ناسراون یاخوود ده‌ناسرێن به‌ڵكۆ گرنگیدان به‌كه‌سایه‌تى ومتمانه‌ به‌خۆبوون وهه‌روه‌ها لایه‌نى كه‌ش كه‌ئاماژه‌م پێكرد ئه‌وانه‌ پێوه‌رى راسته‌قینه‌ى به‌رده‌وام بوون وسه‌ركه‌وتنن كه‌ده‌ره‌نجامه‌كه‌شى به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ئێمه‌ ده‌یخوازین وبریتییه‌ له‌بونیاتنانى ژنه‌ میدیاكارێكى به‌توانا وكاریگه‌ر بۆ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ى تاك وكۆمه‌ڵگا.. ژنه‌ میدیاكارێك كه‌ته‌واو جیاوازبێت له‌ڕووى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى پێشكه‌شى كۆمه‌ڵگاكه‌ى ده‌كات وته‌نها ڕاده‌ى توانا ولێهاتووى پێوه‌ر بێت بۆ ناساندنى.

 

پرۆفایل:

ـ نبراس المعمورى ـ 1973

ـ به‌كالۆریۆسى زانسته‌ سیاسیه‌كان/ زانكۆى به‌غدا ـ 1995

ـ دبلۆم له‌زانسته‌ سیاسیه‌كان ـ قاهیره‌ 2011

ـ ماسته‌ر له‌زانسته‌ سیاسیه‌كان / قاهیره‌ 2013

ـ له‌كاتى ئێستادا/ خوێندكارى دكتۆرا له‌زانسته‌ سیاسییه‌كان ـ لوبنان

ـ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنى له‌بوارى كارى میدیایى بۆ ساڵى 1992 ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌رۆژنامه‌ى ” الجمهوریه‌”ى عیراقى.

 

 

 

 

 

چاوپێكه‌وتن: ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د

چاوى خه‌ڵك/ تایبه‌ت

 

 

 

 

Leave a comment