سوریا ماده‌یه‌كى یاسایى تایبه‌ت به‌كوشتنى ژنان له‌ژێرناوى” شه‌ره‌ف پارێزى” هەڵوەشاندەوە

PAKISTAN

ئه‌نجوومه‌نى گه‌لى سوریا، له‌تازه‌ترین بڕیاریدا، جه‌ختى له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ماده‌ى ٥٤٨ى یاساى سزادان كرده‌وه‌، وئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد” بۆ له‌مه‌ودوا تاوانه‌كانى كوشتنى ژنان له‌ژێر ناوى شه‌ره‌ف پارێزى، هاوشێوه‌ى تاوانه‌ گه‌وره‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، وهیچ پاساوێكیش بۆ به‌سزاگه‌یاندنى ڕووكه‌شى بكوژان بوونى نامێنێت”.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌جده‌ت ئه‌نزور جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى گه‌ل له‌سوریا، بڕیاره‌كه‌ى به‌هه‌نگاوێكى كاریگه‌ر به‌ئاڕاسته‌ى هێنانه‌ كایه‌وه‌ى دادپه‌روه‌رى بۆ ژنان وه‌سف كرد، ڕوونیكرده‌وه‌ ” هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ماده‌ى٥٤٨ى یاساى سزادان  یه‌كێك بوو له‌و هه‌نگاوانه‌ى ده‌بوو به‌جدى كارى له‌سه‌ر بكه‌ین. كاراكردنى زیاترى بڕیاره‌كه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌تاچه‌ند جێبه‌جێكردنى ناوه‌رۆكى یاسا نوێیه‌كانى تایبه‌ت به‌دۆسییه‌كانى كوشتنى ژنان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانى ترى په‌یوه‌ندار به ‌بابه‌ته‌كه‌وه‌”.

لاى خۆشیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د مه‌رعى ئه‌ندام له‌لیژنه‌ى كاروبارى ده‌ستورى له‌ئه‌نجوومه‌نى گه‌لى سوریا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ى، به‌كارێكى گرنگ وپێویست هه‌ژمار كرد، وتى” بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى گه‌ل هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ى ساڵى ١٩٧٩ كه‌وڵاتى سوریا پابه‌ندبوونى خۆى پێوه‌ ڕاگه‌یاندووه‌و تایبه‌ته‌ به‌نه‌هێشتنى هه‌موو جۆره‌ جیاكارییه‌ك دژ به‌ژنان.. وزۆرێك له‌وڵاتانیش پێش هه‌نگاوه‌كه‌ى ئێمه‌ كاریان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ كردووه‌. ئه‌وه‌ش به‌ئامانجى رێگرتن له‌هه‌رجۆره‌ پاساوێك كه‌رێگا بۆ كوشتنى ژنان له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌وه‌ فه‌راهام بكات ودواتریش هه‌ر خودى ئه‌و پاساوانه‌ ببنه‌ هۆكارى ده‌ربازبوونى بكوژان یاخوود سزادانیان به‌كۆمه‌لێك یاساى ڕووكه‌ “.

ماده‌ى ٥٤٨ی یاساى سزادان له‌سوریا، تایبه‌ته‌ به‌جۆرى ئه‌و سزایانه‌ى په‌یڕه‌و ده‌كرێن به‌رامبه‌ر به‌تاوانه‌كانى كوشتنى ژنان  له‌ژێرناوى” شه‌ره‌ف پارێزى”، خۆیان له‌چه‌ند جۆرێك له‌سزاى ڕووكه‌شى كورت مه‌ودا ده‌بێننه‌وه‌. دوابه‌دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ش، چیتر ڕووداوه‌كانى كوشتنى ژنان كۆمه‌ڵه‌ تاوانێكى ئاسایى نابن به‌ڵكو، هاوشێوه‌ى تاوانى گه‌وره‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنى هیچ جۆره‌ بیانوو، وهانده‌رێك بۆ ئه‌نجامدانى تاوانه‌كه‌.

 

 

 

ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د

سه‌رچاوه‌/ ئاژانسه‌كان

 

Leave a comment