ژیانی هونەرمەند، ژیانێکی دوبارە نییە

photo_2020-06-27_14-40-18

 

موزیک دونیایەکی جیاوازی پێبەخشیم، ئەوانەی کاری موزیک دەکەن و لەگەڵ ئەو دونیایەدا تێکەڵن بێگومان ژیانێکی جیاوازیشیان هەیە، موزیک وات لێدەکات هەموو ڕۆژەکانت دوبارە نەبن، ئەمە ژیانی کەسێکی ئاسایی لەگەڵ ژیانی هونەرمەندێکدا لێک جیادەکاتەوە.

لە منداڵییمەوە خەونم ئەوە بوو ببمە موزیسییەن لە زۆر کار و چالاکی قوتابخانەکەماندا بەشداریم دەکرد، تا ئەو کاتەی دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە سلێمانی، لە ڕاستیدا خوێندن لە بواری موزیکدا هەمیشە یەکێک بووە لە خەونەکانم، هەرچەندە من موزیکم خۆشدەویست بەڵام بڕوانامەش لەو بوارەدا گرنگی تایبەتی هەبوو، دەمویست موزیسییەنێکی ئەکادیمی بم.

لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانیش بەشداری زۆر چالاکی هونەریم کردوە و  لە زۆر گروپدا کارمکردووە، وەک گروپی کیژانی سلێمانی و گروپی عودی کوردستان و گروپی موزیکی لوڕ.

هەمیشە هەستم دەکرد ئامێرەکەم وەک منداڵی من وایە، هەستێکی دایکانەم بۆی هەبوو، کاتێکیش لە ڕاستیدا خۆم بومە دایک زیاتر لەو هەستە تێگەیشتم، وەک چۆن ئامێری “عود”ەکەمم لە سەرما و لە گەرما دەپاراست دەبوو بە هەمان شێوە منداڵەکەشم بپارێزم. وەک چۆن دەبوو بە میهرەبانییەوە گرنگی بە ئامێرەکەم بدەم، بە هەمان شێوە بە منداڵەکەشمم دەدا.

ئێستا لەو بڕوایەدام دوو پیرۆزترین ئەرکم لەسەر شانە، یەکێکیان ئەرکی دایکایەتی و پەروەردەی منداڵەکەمان، دووەمیان ئەرکی مامۆستایەتی و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار لە بواری کۆمەڵایەتی و هونەریشدا. بۆیە دایکایەتی و مامۆستایەتی پیرۆزن.

لە مێژە خەونی ئەوەم هەبوو کە بتوانم چەند بەرهەمێکی ژەندنی تایبەت بە خۆم دروستبکەم و زۆرم هەوڵدا، خۆشبەختانە ئێستا سەرقاڵی خۆئامادەکردنم بۆ ئەو خەونەم و بەدیهێنانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت.

 

 

 

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment