لەمانگی ئازاری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٨ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون

105427256_701492680634828_857715156237697110_n

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٨ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، هەروەها ئاماژەیان بەوەکردووە، کە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان زیادی کردووە.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی شەش مانگیی خۆی ئەنجامدا و لە ڕاپۆرتێکدا دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی ئاشکراکرد، و تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی ژنان لە باشوری کوردستان و عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تەنها لەهەرێمی كوردستان، لە مانگی ئازارە وە هەتا ئەمرۆ، ٢٨ ژن کوژراوە، ئەمە جگەلە دەستدرێژی و بەرێوە چوونی جۆرەكانی دیکەی توندوتیژیی، لەهەمانكاتدا پێنج پیاویش خۆیان کوشتووە، هەروەها دەستدرێژیی لەسەر منداڵان لەزیادبووندایە بەتایبەت منداڵی مێینە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەشدا ڕژاک ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ڕێژەی توندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاترە، دەشڵێت: لە شاری كەركوك و خانەقین و خورماتوو بەهۆی جێگیرنەبوونی ڕەوشی سیاسی و ململانێ و ناكۆكی نێوان هێزی سیاسی و قوڵكردنەوەی نەتەوەپەرستی و سەرهەڵدانەوەی داعش جارێكی تر ژنان دەبنە قوربانی.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی سەرەڕای هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر ژنانیشی گرتووەتەوە و ئەوەش هەڕەشەیەکە کە لەئایندەدا بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت.

ڕژاک، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەشدا هۆکاری کێشەکانی ژنانی بۆ خۆپەروەردە نەکردنی کۆمەڵگا و ژنان گەڕاندووەتەوە و داوای کردووە، کە ژنان هۆشیاریی خۆیان زیادبکەن و بۆ مافەکانیان تێبکۆشن.

لەکۆتایدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕایانگەیاندووە، کە سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستی و کەرەنتینە، ئەوان بەردەوام بوون لە کار و چالاکی و داکۆکی کردن لە ژنان و توانیویانە لەو ماوەیەدا کەیسی ١٣ ژن چارەسەر بکەن، هەروەها چەندین چالاکییان بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان و هۆشیارکردنەوەی ژنان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبن لە چالاکی.

 

 

Leave a comment