” یەکەم فۆتۆ وەک فۆتۆگرافەرێک گرتم وێنەی دیلانی کوڕم بوو، کاتێک دوکاندارێک ویستی وێنەی جلەکانی دوکانەکەی لەبەری کوڕەکەی مندا بگرێت بۆ وێبسایتەکەی خۆی، بە خۆشحاڵەوە دیلان بوو بە مۆدێل و منیش فۆتۆکانم گرت.”
تارا عطا محەمەد، لەساڵی ١٩٨٩ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە تەمەنی ٦ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو لە وڵاتی هۆڵندا دەکات، تاکو ئێستاش هەر لەوێ دەژی، هەر لەو وڵاتە هەموو قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات، پاشان بڕوانامە لە کۆلێژی یاسا بەدەست دەهێنێت.
پاشان بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە نوسینگەیەکی پارێزەری کاردەکات، هەروەها بۆ ماوەی ٣ ساڵی تر وەک ڕێنامییکەری ڕاوێژکەر کاری کردووە، بەڵام ماوەی چوار ساڵە خاوەنی کاری خۆیەتی و وەک فۆتۆگرافەر کاردەکات.
” بەردەوام وێنەی کوڕەکەمم بڵاو دەکردەوە، هەر بەم هۆیەوە لە (ئینستاگرام) داواکاری وێنەگرتنی منداڵانم لە لایەن خەڵکەوە زۆر بۆ دەهات ”
تارا دەڵێت” من لە منداڵیدا فۆتۆی زۆرم دەگرت وەکو حەز و ئارەزوو بۆ خۆشی خۆم وێنەکانم دەگرت، بەڵام لەدوای لەدایک بوونی دیلانی کوڕە گەورەم زیاتر ئەو هەستەم لا درووست بوو کە کاری فۆتۆگرافی بکەم، بەردەوام وێنەی کوڕەکەمم بڵاو دەکردەوە هەر بەم هۆیەوە لە (ئینستاگرام) داواکاری وێنەگرتنی منداڵانم لە لایەن خەڵکەوە زۆر بۆ دەهات، پاشان لەڕێگەی فۆتۆگرافەرێکەوە خولێکی ڕاهێنانی فۆتۆم خوێند کە تایبەت بوو بە وێنە گرتنی ژنانی دوگیان و منداڵانی تازە لەدایک بوو، بۆیە ئەو دوو لایەنەشم هەڵبژارد چونکە زۆر جوانن بەلامەوە ”
هەروەها کاری فۆتۆگرافی زۆر لەگەڵ من دەگونجێت، چونکە هەرکارێک خۆشەویستیت بۆی هەبێت بێگومان تێیدا سەرکەوتوو دەبیت، منیش تێبینیم کرد وەکو حەزو خولیا زیاتر ئارەزووی کاری فۆتۆ دەکەم وەک لە پیشەی پارێزەری کە تێدا خوێندومەو بڕوانەمەشم تێیدا بەدەست هێناوە، بۆیە لەمانگی ١ ی ئەمساڵەوە بڕیارمدا تەنیا کاری فۆتۆگرافی بکەم و بەتەواوی خۆمی بۆ تەرخان بکەم.
” من وەک و ژنێک و وەکو دایکێک قورسی لەم کارمدا نابینم، چونکە زۆرم خۆشدەوێت و چێژی لێوەردەگرم، لەگەڵ ئەوەی من لە کلتورێکی جیاواز دەژیم و کاردەکەم ”
تارا تایبەت بۆ چوای خەڵک دوا ” لە کارەکەمدا تایبەتمەندیم کردووە، سەرنجم خۆستۆتە سەر وێنە گرتنی ژنی دوگیان و منداڵی تازە لەدایک بوو، بۆیە ئەمەشم کردووە چونکە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمدا بە دوو منداڵەوە ئەم شتانە زۆر دوبارە دەنەوە، هەروەها خۆشیەکی تایبەتی هەیە چونکە ئەو ساتانە یەک جار ڕوودەدەن و دوبارە نابنەوە، بەڵام لە ڕیگەی وێنەکانەوە یادگاریەکان لە یادماندا دەمێننەوە.
من وەک و ژنێک و وەکو دایکێک قورسی لەم کارمدا نابینم، چونکە زۆرم خۆشدەوێت و چێژی لێوەردەگرم، لەگەڵ ئەوەی من لە کلتورێکی جیاواز دەژیم و کاردەکەم بۆ من ئەوە کێشەی درووست نەکردووە، چونکە ئەو کەسانەی دەیانەوێت من فۆتۆیان بگرم وێنەکان و ستایلی کارکردنی منیان بەدڵەو هەست بە کراوەیی من لە کارەکەدا دەکەن.
”یەکەم فۆتۆ وەک فۆتۆگرافەرێک گرتم وێنەی دیلانی کوڕم بوو، دیلان بوو بە مۆدێل و منیش فۆتۆکانم گرت”
لە کۆتاییدا تارا دەڵێت ” پلانی داهاتووم بۆ کارەکەم ئەوەیە کە بتوانم منداڵەکان بچنە خوێندنگە هەموو کاتەکانم خەریکی تارا فۆتۆگرافی بم، هەروەها زۆر حەزدەکەم بتوانم بێمەوە بۆ کوردستان ۆرک شۆپێک بکەمەوە بۆ ئەوەی ئەو تەکنیکانەی لێرە بەکار دێن بۆ کاری فۆتۆ وە ئەو کەسانەی وەک من کاری فۆتۆ گرتن حەزو ئاروزویانە بتوانم زانیاریان پێبدم و فێریان بکەم”
چاوی خەڵک/ تایبەت