تابلۆ حەسەن؛ ئامانجمانە ئاژەڵدۆستی بکەینە کولتوور

99010815_1340276986183490_2751026810509590528_n

دکتۆرە تابلۆ حەسەن وتی “ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقامن و دەیهێنن بۆلامان لەسەر ئەرکی خۆم بێ بەرامبەر ڤاکسینیان بۆ دەکەم، هەتا ئەوانەی دواتردەیان بەخشین بۆ ئەوەی ئاژەڵدۆستی بکەین بە کولتور.”

تابلۆ حەسەن عبدالقادر، ژنێکی شاری هەڵەبجەیە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، ماوەی ٥ ساڵە کۆلێژی ڤێتەرنەری تەواو کردووەو بڕوانامەی لەوبوارە بەدەست هێناوە، ماوەی ساڵێک دەبێت خاوەنی کاری خۆیەتی و وەک پزیشکی ڤێتەرنەری کاردەکات.

پێش ئەوەی  ئەم کلینکی ڤێتەرنەریە بکاتەوە لای پزیشکی تر کاری دەکرد، بەڵام کە بە تەواوی شارەزا بووە لەکارەکە و زانیویەتی لەتوانایدا هەیە خۆی کارەکە بکات، بڕیار دەدات شوێنێک تایبەت بە ئاژەڵان دابنێت.

“پێش ئەوەی ئەم کلینکە دابنێم زۆر دەچومە دەرەوە، یارمەتی سەگ و پشیلەی سەرشەقامەکانم دەدا و دەمبینی پێویستیان بە یارمەتی هەیە و چارەسەرم دەکردن”

د. تابلۆ بۆ چاوی خەڵک دوا ” پێش ئەوەی ئەم کلینکە دابنێم زۆر دەچومە دەرەوە، یارمەتی سەگ و پشیلەی سەرشەقامەکانم دەدا و دەمبینی پێویستیان بە یارمەتی هەیە و چارەسەرم دەکردن، هەر بەم هۆیەوە هاوڵاتیان منیان ناسی و دەهاتن بۆ لام سەبارەت بەوەی لەسەر ئاژەڵەکانیان زانیاری وەربگرن.

بۆیە بڕیارمدا  باشترە ئیشێکی خۆمم هەبێت، ئەم کلینکەمان دانا کە هەموو پێداویستیەکی ئاژەڵانی تێدایە لە چارەسەر وەرگرتن، خواردن، بەشی دەرمان و هەروەها بەشی چاککردنی تووکی سەگ و حەمام کردنیشمان هەیە، لە داهاتوشدا بە نیازین بەشێک وەکو ئوتێل دابنێین بۆئەو سەگ و پشیلانەی خاوەنەکانیان دەچن بۆ سەفەر بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە لای ئێمە  لە ئوتێلەکە بمێننەوە.

“ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقامن و نەخۆشن، هاوڵاتیان بۆئێمەیان دەهێنن ئێمە بێبەرامبەر چارەسەریان دەکەین و یارمەتییان دەدەین تاکو خاوەنێکی باشیان بۆ دەدۆزینەوەو بۆیە ئەم کارەش دەکەین تاکو جارێکیتر لەسە شەقامەکان نەکەونەوە”

تابلۆ وتی ” ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقامن و نەخۆشن هاوڵاتیان بۆ ئێمەیان دەهێنن ئێمە بێبەرامبەر چارەسەریان دەکەین، بەڵام وەکو گرتنە خۆ ناتوانین بەیەکجاری هەموویان بگرینە خۆمان، چونکە نە شوێنەکەمان جێگەی ئەوەی تێدا نابێتەوە، بەڵام یارمەتییان دەدەین تاکو خاوەنێکی باشیان بۆدەدۆزینەوە.  ئەم کارەش دەکەین تاکو جارێکیتر لەسەر شەقامەکان نەکەونەوە.

لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆشدا ئاژەڵانم پشت گوێ نەخست لەو کاتەدا بەردەوام دەڕۆشتمە دەرەوە بۆ ئەوەی گرنگیان پێ بدەم.

لەم ماوەیەشدا کە ئەم شوێنەمان داناوە بەخۆشحاڵییەوە هاوڵاتیان زۆر دێنە لامان، چونکە خۆمان لەو بوارەدا پسپۆرو شارەزایی زۆرمان هەیە و دەمێکیشە سەگ بەخێودەکەین.

کاتێک هاوڵاتیان دێن زانیاریمان لێ وەردەگرن سەبارەت بە چۆنێتی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان، متمانەیان بە زانیاریەکانی ئێمە هەیە و سوودی زۆری لێوەردەگرن و سەردانمان دەکەنەوە.

“گرنگە سەگ و پشیلەی کوردیش بەخێو بکرێت”

هەروەها دەڵیت ” ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم شوێنە لایەنێکی تری ئەوەیە ئاژەڵدۆستی  وەک کولتوورێک لێبکەین و بڵاوی بکەینەوە، چونکە ئەوە بەس نییە کە سەگ و پشیلەی زینە بەخێوبکەی، گرنگە سەگ و پشیلەی کوردیش بەخێو بکرێت.

ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقامن و دەیهێن بۆلامان  لەسەر ئەرکی خۆم بێبەرامبەر چارەسەریان دەکەم، تا دەیانبەخشین ڤاکسن و هەموو شتێکیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ئاژەڵدۆستی بکەین بە کولتوور و هەموان و گرنگی پێبدەن.

ئێمە سێ پەیجمان هەیە  تایبەت بەم کارە، کاتێک یەکێک سەگ یان پشیلەیەکی سەرشەقام دەبینن پێویستیان بە چارەسەرە بۆ ئێمەی دەهێنن و چارەسەری دەکەین. دوای چارەسەرکردنی لە پەیجەکانمان وێنەی دادەنێین تا خاوەنێکی بۆ دەدۆزینەوە. دواتریش هەر ئاگاداری دەبین تابزانین تەندروستی باشەو جوان بەخێو دەکرێت.

هاوڵاتیان وادەزانن کە سەگ و پشیلەی کوردی پیسە، بۆیە بەخێویان ناکەن. بەڵام کاتێک ڤاکسینیان بۆ دەکرێت و دەشۆردرێن  بەلایانەو ئاساییە وهەست بەدڵنیایی دەکەن و حەز بە بەخێوکردنیان دەکەن.

 “تۆ ژنیت، باشتر نییە لەماڵەوە دابنیشیت وەک لەوەی خەریکی سەگ و پشیلە بیت!”

د. تابلۆ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی ” هەرچەندە کارەکەم کارێکی قورسە و لە خۆ بووردەیی زۆری دەوێت، بەڵام چونکە زۆرم حەزلە بەخێوکردنی ئاژەڵە گرنگی بە قورساییەکەی نادەم، من لە بەیانییەوە تا شەو بە هۆی ئەم کارەوە لەدەرەوەم، هاوسەرەکەم زۆر هاوکاری کردم لە کردنەوەی کلینکەکەدا.”

هەندێک کەس گاڵتەی بە کارەکەم دێت و دەڵێت تۆ ژنێکی لەماڵەوە دابنیشیت باشترنیە لەوەی خەریکی سەگ و پشیلە بیت، بۆیە دەمەوێت لەڕێگەی کارەکەمەوە ئەم بیرۆکە هەڵانە لە بیرو بۆچونی خەڵکی نەهێڵم و هەموو کەس بە ئاژەڵان ئاشنا بکەم.

لەکۆتاییدا د.تابلۆ داوا لە هاوڵاتیان دەکات” کاتێک سەگ و پشیلە یان ئاژەڵێکیان بینی بریندارە یان نەخۆشە داوایان لێ دەکەم تەنها بیگەیەننە لای ئێمە سوپاسیان دەکەین، من لەسەر ئەرکی خۆم چی پێویست بێت بۆیان دەکەم تەنها یارمەتیان بدەن و بیانهیێنن تاوەکو لەو دۆخە ڕزگاریان بکەین.”

چاوی خەڵک/تایبەت

Leave a comment