ڕاستینەی دۆخی ژن لە باشوری کوردستان ‎

 

بە شێوەیەکی گشتی لەباشوری کوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١ وەک چۆن تەواوی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری...ھتد گۆڕانێکی فراوان و ھەمەلایەنی بەخۆیەوە بینی دۆخی ژنیش بێبەش نەبووە لەم گۆڕانە،گۆڕانەکان بە شێوەیەکی گشتی نەرێنی بوون هەربۆیە ژن قوربانی سەرەکی ئەم گۆڕانانەبووە،کە بەهۆی گۆڕانە کولتوری و نەریتی و کۆمەڵایەتیەکانەوە هاتونەتە بوون دۆخی ژن لەبارێکی ناڕون و نادیاردا ماوەتەوە،نەبونی هەوڵێکی کاراو جدی بۆ کارکردن لەسەر پرسی ژن و یەکسانی جێندەری دۆخی گشتی ژن لە باشوی کوردستان گۆرانێکی ڕیشەی و بەرەو پێشەوە چوونی بەخۆوە نەبینیوە جا هەوڵەکان چ لەلایەن دەسەڵات و چ لەلایەن رێکخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەکانەوە بوبێت،نە توانراوە سود لەو کرانەوەیە ببینرێت کە کۆی کۆمەڵگەی گرتوەتەوە بەڵکو ئەم کرانەوەیە بە پێچەوانەوە بە جۆرێکیتر وبە دیوێکی تر توندوتیژی و سوکایەتی و هەڕەشەکانی بۆ سەر ژن بەرهەم هێناوەتەوە و زەقتری کردوەتەوە، تەواوی ئەو بەهاو پرەنسیپانەی کە کۆمەڵگەی کوردی بۆ ژنی داناون و ناویناوە شەرەف ئەخلاق ناموس زۆر بە ئاسانی لە دونیای ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا دەتوانرێت ژن ی پێبکرێتە قوربانی ، بەڵام ئەوانە کێنو چین کە دەبێت ببنە داکۆکیکارو خەمخۆری قوربانیەکان ئاخۆ هەوڵەکان چیبون و جدی بوون توانیویانە ئامانجی خۆیان بپێکن؟؟ ئەگەر هەوڵێکیش هەبووبێت هەوڵی چەند گروپێکی دیاری کراو یاخود تاکە کەسی بوون نە گەشتووەتە ئاستێک کە بتوانن گۆڕانێکی گشتی و فراوان بهێننە ئاراوە،بێگومان بونی ئەو هەمو توندوتیژی و ھەڕەشانەی کە لە ئێستاشدا بە بەردەوامی هەیە بۆ سەر ژن پێمان دەڵێت کە نەخێر هەوڵێکی وەها نەبوە بەلایەنی کەمەوە ببێتە هۆی بەدواداچون و پیشاندانی چ جای بوبێتە هۆی وەستان و کەمتر کردنەوەی حاڵەتەکان،هەربۆیە نەتوانراوە پرسی ژن بکرێتە پرسێکی گشتی و هەنوکەی تاکو لەڕێگەیەوە کار بۆ بەرەنگار بونەوەو هۆشیاری گشتی بکرێت لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگا ،نەبونی ئەم هەوڵانە وای کردوە کە پرسی ژن پرسێکی لاوەکی و بێهێز بێت لە دوونیای ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا دۆخی ئاڵۆزی ژن بە گشتی پرسی ژن نەبوبێتە بابەتێکی هەنوکەیی ،بەشێوەیەکی گشتی ئەوکاتانە پرس و دۆخی ژن دەبێتە ڕۆژەڤ کە ژنێک دەکرێتە قوربانی و ژیانی لێ دەسەندرێتەوە ئەوکاتە دەبێتە بابەت چ لەلای لایەنە حکومی و ناحکومیەکان و تەواوی رێخراوەکانەوە بەڵام هەرزو ئەم بابەتە کپ دەکرێتەوە و تا قوربانیەکی ترو کارەساتێکی تر بۆ ژن بە کپکرای دەمێنێتەوە ،هەڵبەتە دورونزیک چەن ڕێخراو لایەنێک هەن بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە بەڵام لەئاستێکی پێویستدا نەبوون و نین،بەبەڵگەی ئەوەی ساڵ لەدوای ساڵ کێشە و گرفتەکانی ژن و قوربانیدانەکانی ژنان زیاتر دەبن هۆکارەکان زۆر و جۆراو جۆرن کە وایان کردووە ئەم پرسە بەرەو پێشەوە نەچێ وبە بەردەوامی ژن قوربانیەکی گەورەو هەمیشەی هەرجۆرە گۆڕانکارییەک و دۆخێکی نالەباری کۆمەڵایەتی بێت،بەربەستو ڕێگریەکان زۆرن لە بەردەم کارکردن بۆ دەستەبەر کردنی یەکسانی جێندەری بەدیهێنانی لەکۆمەڵگەیەکی تەقلیدی وکولتوری و ئاینی کارێکی ئاسان نیە بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بیانویەک کە بە پاساوی ئەم هۆکارانە ئەم بابەتانە پشتگوێخرێن وئیهمال کرێن لەکاتێکدا بەناوی کارکردن بۆ ئەم بابەتانە چەندەها لایەنی حکومی و ناحکومی و جۆراو جۆر لەسەر ئەم پرسانە بودجەو شوێنو پێگەی بەرزیان پێدراوە لە کاتێکدا کارێکی وەها و هەوڵێکی جدی نەدراوە لە لایەن ئەوانەوە بەڵکو ئەوانە خودی خۆیان بونەتە هۆکارێک بۆ پاشخستن و بەربەست لەبەردەم ئەو لایەنانەش کەخاوەنی تێڕوانینێکی جدی و پلانێکی نوێن بۆ کار کردن لەسەر پرسی یەکسانی جێندەری بە گشتی و ژن بەتایبەتی،نە توانراوە ئەم پرسانە بخرێنە بەرباس و شرۆڤەی زانستیانە و ئەکادیمیانەوە ھەروەھا ئاشنا کردنیان بەشێوەیەکی ڕوون و فراوان لەناو زانکۆکان و دەزگا پەوەردەییەکانی وەک خێزان خوێندنگەو مزگەوت تەواوی ئەو لایەنانەی کەڕۆڵ دەگێڕن لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بەگشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی،هەر بۆیە گۆڕانێکی گشتی نەهاتووەتە ئاراوە کە تەوای پڕۆسە کۆمەڵایەتی و پایەکانی کۆمەڵگا بگرێتەوە کە هۆشیارییەکی گشتی بۆ پرسی ژن بێتە بوون،چەقبەستوی کۆڕو سیمینار وۆرکشۆپەکانی رێخراوەکان بەگشتی و دەزگا حکومیەکان لە ناو هۆڵو شوێنە داخراوەکان وتنەوەی بابەتەکان بێ گۆڕان کاری و بابەتی نوێ تەنها بۆ کۆمەڵێک دەستەو گروپ لەناوخۆی ڕێکخراوە حکومی و زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان لەوە تێناپەڕێت هەربۆیە مانەوەی کارو چالاکیەکان بەم شێوەیە گۆڕانکاری و جوڵەیەکی بە دۆخی گشتی ژن نەبەخشیوە،ئەوەی لەڕێکخراوەکان چاوەڕوان دەکرێت جیاوازە لەوەی کە لە حکومەت و دەزگا حومیەکان کە بۆ بەرەگار بونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کاردەکەن ئەوە ڕونە کە حکومەت بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵێکی پاسیڤی بینیوە جیا لە پرسی ژن بۆ کۆی پرسەجیاوازەکان و لایەنە جیاوازەکان لەپڕۆسەی حکومڕانیدا هەربۆیە بۆ پرسی ژن چاوەڕوانیەکی وای لێناکرێت و ئاسۆیەکی ڕون نابینرێت کە لە هەوڵی ئەوەدا بێت کار بۆ پرسی ژن بکرێت هەر بۆیە ئەوە رێکخراوەکانن دەبێت جیا لە تەواوی پرس و گرفتەکانی کۆمەڵگا زۆر بەجدی و کارا بونەوە کار بۆ ژن و پری یەکسانی جێندەری بکەن ئەوان دەتوانن ئەم پرسانە بێ وەستان بەرەو ئاڕاستەیەکی نوێ ببەن نەک وەک ئێستا زۆرێک لە رێکخراوەکان هەمان ڕۆڵی حکومەت دەسەڵات بەرجەستە دەکەن و بونەتە سێبەری ئەو سیستەمە بەجۆرێک لێک جیا ناکرێنەوە ئەوەی لێرەدا دوبارە دەبێتەوە قوربانی تەنها ژنە،

هەربۆیە ئەو گروپ و دەستەو لایەنانەی بەناوی ئەنجومەن و یەکێتی خانمان و ژنان دامەزراوەن رۆڵێکی پاسیڤی یان هەیەو جدی نەبون لە کارکرن بۆ ژن بەگشتی هێندەی لە هەوڵی ئەوە بون وەک تاک و وەک گروپێکی دیاریکراو سودمەندبن لە ئیمتیازو لە ژێر ناوی ژن و کێشەکانی ژن ببنە خاوەنی پێگەو ناو نازناو ھێندە لە خەمی پرس و کێشەکانی ژن نەبوون کۆی کۆمەڵگا هێندەی ئەم دەموچاوانەی وەک مشەخۆرێک بینیوە کە تەنها ناوێک و کۆمەڵێک کاری ڕەمزی و چالاکی دیاریکرا و زیاتر هیچی تریان نەبووە ئەو چالاکی و کارانەی کە هەیان بووە دانانی بەرپرسو لایەنە حکومیەکان لە ڕیزەکانی پێشەوەی کۆڕو کۆبونەوەکانیان و بەخشینەوەی کۆمەڵێک ڕێزلێنان بە کۆمەڵە کەسانێک کە لە چوار چێوەی ئەوباوەڕو پرەنسیپانەدا کە خۆیان کاری بۆ دەکەن ، هەربۆیە کارکردن بەم جۆرەو بەم ئاڕاستەیە جگە لە زەرەردا لە و پرسە ئاڵۆزو ناڕونەی ئێستای خودی ژن هیچ ئەنجامێکی تری نەبووە بگرە دورکەوتنەوەیە لە تەواوی ئەو پرەنسیپو بنەمایانەی کە بزوتنەوە ڕزگاری خوازەکانی ژن لەتەواوی دونیادا خەباتی بۆ دەکەن ئەم گرووپ و ڕێکخراوانە تەواو بێئاگان لە خەباتی واقیع ژن لە دونیادا کەبەچی گەشتووە و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت ،بۆیە لادانو لابردنی ئەوانەی کە بەسەر پرسی ژنەوە بونەتە مشەخۆر و بارگرانی بۆ خودی پرسەکە کارێکی لە پێشینەیە بۆ هەنگاو نان بەرەوئاڕاستەیەکی روون بۆ کار کردن لەسەرپرسی واقیعی ژن ،چیدی پێویستە ڕێکخراوەکان لە و بازنەیە بێنە دەرەوە کە تەنها بە شوێن کۆکردنەوەی داتاو ژمارەوە بن لە ناو هۆڵە داخراوەکاندا پێویستە روو لە تەواوی کۆمەڵگەو تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی هۆشیاریو پرسی ژن و یەکسانی جێندەری ئەمەش بە هەوڵ و خواستێکی جدیو خواستی بەدیهێنانی ئازادی لە تێڕوانین و دیدی هەرتاکێکدا دەکرێت،بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەگەز و ئاین و ئایدۆلۆژیای کەسەکە تاکو شکۆ لەم هەرێمەدا بۆ خەباتی ئازادی مرۆڤ و ژن بگەڕێنرێتەوە

 

 

 

 

 

 

 

 


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:06:12/12/2018


زۆرترین خوێندراو