گۆڕینی وێنای ژن له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌

له‌ئێستادا ئه‌گه‌ر گوزه‌ر به‌ناو بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌کاندا بکه‌ین و له‌ وێنه‌ و وێنای ژن بکۆڵینه‌وه‌ و بگه‌ڕێین به‌دوای ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژن له‌گه‌ڵ به‌ هه‌ندوه‌رگرتنی وڵاتی جیاواز و ئایدیا و کولتووره‌ جیاوازه‌کان، وێنه‌یه‌کی شێوێنراو و ناڕاستی ژن ده‌بینین.

بۆچی وێنه‌ی ژن له‌ راگه‌یاندندا ئاوێنه‌ی راستی ژیانی ژن نه‌بێت له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا،
چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ژن له‌ راگه‌یاندندا دووربێت له‌ خه‌یاڵاتی سێکسی و وێنه‌ی رووت، چی ده‌بێت وێنه‌ی ژن به‌ ساده‌یی و له‌خۆبوورده‌یی و ئازایه‌تی ژیانی راستی خۆی بێت؟

له‌ راگه‌یاندنی ئه‌مڕۆدا وێنه‌ی ژن وێنای راستی ئه‌و ناکات، هه‌روه‌ها که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست و گه‌وره‌ی تیادا دروستناکات و ناشیکات به‌ نموونه‌یه‌کی باڵا بۆ منداڵێکی کچی بچوک تا له‌ داهاتوویدا چاوی لێبکات.

بۆ نموونه‌ ژن وه‌ک که‌ره‌سته‌ پیشان ده‌درێت بۆ پڕ فرۆشی کاڵاکان یان وه‌ک ژنێکی زۆرزان و یان وه‌ک ژنێک که‌ هه‌میشه‌ راوی پیاو بکات و زۆر نموونه‌ی ناشیرینی تر که‌ ئازاری ژن ده‌دات و وای لێدێت ببێت به‌ خه‌می واقعی ژیانی له‌ئه‌نجامی زۆر دووباره‌بوونه‌وه‌ی وێناکان.

یان ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیریی نه‌کات ده‌بێت به‌ کۆسپ به‌سه‌ر خێزان و کۆمه‌ڵگه‌وه‌ یان ته‌نیا کاری له‌ چێشتخانه‌یه‌. هه‌موو ئه‌م تێڕوانینانه‌ هه‌ڵه‌ن و دوورن له‌ ڕاستی، هه‌روه‌ک ژنیش بێ هیوا و بریندار ده‌کات وه‌کو مرۆڤ.

به‌بێ گومان له‌ راگه‌یاندنی جیهانی به‌ گشتی و راگه‌یاندنی کوردی به‌تایبه‌تی پێویستی به‌ رێکخستنه‌وه‌ و راستکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ژنه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌رده‌وام وێنه‌ راستییه‌کانی پیشان بدرێت که‌ ژن مرۆڤه‌ و سه‌رکه‌وتووه‌ و زیره‌که‌ و به‌توانایه‌ و به‌هره‌مه‌نده‌ و له‌هه‌مانکاتدا لێبوورده‌ و که‌سێکی ده‌روون ناسکه‌.

ژنان کایه‌یه‌کی زۆر گرنگی کۆمه‌ڵگه‌ن، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ شان به‌شانی پیاوان بوون، بگره‌ زیاتریش به‌رده‌وام له‌ خه‌بات و هه‌ڵگری ئێش و ئازاری ژیان بوون، زه‌حمه‌تی چێشتووه‌ بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ژیاندا.

راگه‌یاندن یه‌کێکه‌ له‌ ئامڕازه‌ گرنگه‌کانی گه‌یاندنی زانیاری و کاریگه‌ریی دروستکردن له‌سه‌ر وه‌رگر، بۆیه‌ گرنگه‌ گفتوگۆی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌ بکرێت نه‌ک به‌شێوه‌ی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باسی توندوتیژییه‌کانی ده‌رهه‌ق به‌ ژنان ده‌کرێت.

وێنه‌ نه‌شیاو و نه‌رێنییه‌کانی ده‌رهه‌ق به‌ ژنان پیشان بدرێت تاوای لێدێت ببێت به‌کارێکی ئاسایی و له‌ئه‌نجامی دووباره‌بوونه‌وه‌وه‌ به‌های له‌ده‌ستبدات و کاریگه‌ریی نه‌مێنێت و به‌دیوێکی تریشدا ببێت به‌ کولتوورێکی چه‌سپاو و نرخی نه‌مێنێت.

پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆگرامێکی پلان بۆ دانراو و ئه‌کادیمی که‌ پشت به‌ توێژینه‌وه‌کان ببه‌ستێت، لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کرابێت و له‌ هه‌مانکاتدا کاره‌کانی ژنان له‌به‌رچاو بگرێت، هه‌روه‌ها کاره‌ گرنگه‌کانی ژنان زیاتر له‌به‌رچاو بگیرێت.

ژنانی چالاک به‌رده‌وام باس بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ نموونه‌یه‌کی جوان و وێنای ژن وه‌ک که‌سایه‌تی سه‌رکه‌وتوو و له‌خۆبردوو بناسرێت نه‌ک چه‌وساوه‌ و وه‌لاوه‌نراو له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌. له‌ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه‌ مرۆڤه‌کان به‌رده‌وام حه‌ز به‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ و لاساییکردنه‌وه‌ی که‌سانی تر ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت که‌سانی ناسراو و ده‌سته‌بژێر. له‌ڕێگه‌ی ده‌رخستنی نموونه‌ جوانه‌کانه‌وه‌ بابه‌ته‌ جوان و ته‌ندروسته‌کان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌وه‌ش مافی ژن و یه‌کسانی باشتر به‌ده‌ست دێت.
 
 
 پاڤێ جه‌میل
 

ئه‌م بابه‌ته 3009 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:08:51:01/02/2017


زۆرترین خوێندراو