ئازادی وه‌ک بنه‌مایه‌کی مرۆیی

چه‌مکی ئازادی لێکدانه‌وه‌و واتای جیاواز له‌خۆده‌گرێت، هه‌ندێک پێیوایه‌ مرۆڤ مافی خۆیه‌تی له‌هه‌ر کات و شوێنێک یان له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێکدا بێت چی ویست تاکلایه‌نه‌و ئاره‌زومه‌ندانه‌ ئه‌نجامی بدات، هه‌ندێکی تر پێیانوایه‌ ئازادی سنووری هه‌یه‌و پێویست ناکات ببه‌زێنرێت.

به‌گشتی ئازادی تاکه‌که‌سی، به‌ مانای باوه‌ڕبوونی مرۆڤ دێت به‌و ئه‌رک و مافانه‌ی باوه‌ڕی پێیه‌تی و هه‌ڵێنجانی پرۆسه‌یه‌کی عه‌قڵانییه‌ که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌بێته‌ کردارو دواتر ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤدا، واته‌ ده‌بێته‌ ره‌فتارو شێوازی ژیانی مرۆڤه‌کان بێ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رو زیانی بۆ که‌سانی تر هه‌بێت، ئه‌وه‌ش خۆی له‌ هه‌موو خواست و ویست و ئاره‌زوویه‌کی مرۆڤدا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی خواردن و پۆشینی جلوبه‌رگ تا ده‌گاته‌ ئازادی عه‌قڵ و فکرو... هتد.

ئازادی وه‌ک یه‌کێک له‌ به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ کۆمه‌ڵێکدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت که‌ ده‌ستوره‌که‌ی له‌ به‌هاکانی مافی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵابێت، زاڵێتی و باڵاده‌ستی ئاینێک یان ره‌گه‌زێک یاخود ئایدۆلۆجییه‌کی دیاریکراو زاڵ نه‌بێت، که‌لتوورو سیستمی په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای راستگۆیی و راستی و شه‌فافیه‌ت دامه‌زرابێت، تاک وه‌ک خود، خۆی سه‌نته‌ر بێت و سیستمه‌که‌ تاکی ئازاد به‌رهه‌مبێنێت، نه‌ک خێزان یان کۆمه‌ڵ یاخود هۆزو بنه‌ماڵه‌و خێڵ.

به‌گشتی زۆربه‌ی بواره‌ جیاوازه‌کانی وه‌ک، راگه‌یاندن، سیاسی و رۆشنبیری... هتد له‌ کوردستاندا رۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕاوه‌ له‌ تێگه‌یشتن و جێبه‌جێکردن چه‌مکی ئازادی وه‌ک خۆی، به‌ شێوه‌یه‌ک تا‌ بتوانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ بونیادنانی مرۆڤی ئازاد به‌ واتا قووڵ و فراوان و به‌رپرسیارانه‌که‌ی، نه‌ک به‌واتا ته‌سکه‌که‌ی و کورتکردنه‌وه‌ی ته‌نها له‌ مه‌سه‌له‌ی ژنان و په‌یوه‌ست به‌ خۆشی و حه‌زو ئاره‌زووه‌کانی تاک که‌ هه‌ڵقوڵاوی شاردنه‌وه‌ بووه‌.

بۆیه‌ ده‌رئه‌نجام ره‌فتاری زۆرێک له‌و که‌سایه‌تییه‌ سیاسی و رۆشنبیرو. هتد بووه‌ که‌ وایکردووه‌ خودی چه‌مکی ئازادی له‌ کوردستاندا ره‌تکردنه‌وه‌و کاردانه‌وه‌ی زۆری لێبکه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ که‌ پێیانوایه‌ باسکردن له‌ ئازادی وشه‌یه‌کی ره‌هایه‌و به‌ واتای به‌ڕه‌ڵایی و لادانی مرۆڤه‌کان دێت که‌ بێگومان ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ڕاستی و گرنگی و واتای وشه‌که‌ وه‌ک ناوه‌ڕۆک و بیروباوه‌ڕ.

به‌گشتی له‌ کۆمه‌ڵی رۆژهه‌ڵاتدا، ئه‌و دیدو تێڕوانینه‌یه‌ وایکردووه‌ تێگه‌یشتن له‌ ئازادی ته‌نها له‌ دروشمدا خۆی ببینێته‌وه‌‌و به‌شێوه‌یه‌ک نه‌بۆته‌ شێوازی ژیانی زوربه‌ی مرۆڤه‌کان.

وێڕای ئه‌وه‌ی ئازادی نه‌ ئه‌سه‌ندرێت و نه‌ ئه‌درێت، به‌ڵکو خودی ئازادی، هه‌ڵقوڵاوی هزرو ناخی مرۆڤه‌کانه‌و تێگه‌یشتنی خودی تاکه‌کانه‌و پێویسته‌ مرۆڤ هه‌وڵی دۆزێنه‌وه‌ی بدات له‌ ناخی خۆیداو وه‌ڵامی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئازادی بۆ گرنگه‌و که‌ی وچۆن به‌کاریده‌هێنێت؟

راسته‌ هۆکار زۆرن له‌ به‌رده‌م تێنگه‌یشتن و به‌رجه‌سته‌نه‌بوونی ئازادییه‌کان، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ مرۆڤه‌کانن پێش هه‌موو شتێک پێویسته‌ بزانن ده‌یانه‌وێت ئازاد بن یان نا؟ به‌ ئازادانه‌ ره‌فتار ده‌که‌ن یان ناتوانن؟

بێگومان گه‌یشتن به‌ لوتکه‌ی ئازادی وه‌ک بنه‌مایه‌کی مرۆیی، بێ قوربانی نایه‌ته‌ بوون و بێ بوونی تاکی ئازادیش کۆمه‌ڵ ئازادی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت و گه‌شه‌ ناکات، ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی ئازادی مرۆڤێک له‌وێدا ته‌واو ده‌بێت که‌ ئازادیی ئه‌و‌ی تر ده‌ستپێده‌کات.


كنێر عه‌بدوڵڵا

ئه‌م بابه‌ته 233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:05:35:22/01/2017


زۆرترین خوێندراو