كێ كه‌رامه‌تى ژنانى رۆژنامه‌نووس ده‌پارێزێت ؟

ئه‌مرۆ 22/4/2019 (121) ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونى یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى كوردى تێده‌په‌رێت.. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ چیدى ناكرێت له‌چوارچێوه‌ى یادكردنه‌وه‌كاندا بێت به‌ڵكو، پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ودوا چه‌قى قسه‌و شیكردنه‌وه‌كان، هه‌روه‌ها ناوه‌رۆكى كۆرو سیمیناره‌كانیشمان تایبه‌ت بكه‌ین به‌دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بنه‌ره‌تى بۆ زۆرێك له‌و گرفتانه‌ى ساڵانێكى زۆره‌ به‌رۆكى زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسانى ئه‌م هه‌رێمه‌یان گرتۆته‌وه‌و به‌تایبه‌تیش ژنانى رۆژنامه‌نووس كه‌ده‌توانم بلێم زۆرترین پشكیان له‌نه‌هامه‌تی وپێشیلكارى روبه‌رووبۆته‌وه‌ چ له‌ناو ده‌زگا رۆژنامه‌وانیكاندا وهه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ى شوێنه‌كانى كاركرندنیشدا به‌بێ بوونى هیچ چاودێرى ولێپێچینه‌وه‌یه‌كى پێویست كه‌بتوانێت ماف وكه‌رامه‌تیان له‌چوارچێوه‌ى یاساكاندا بپارێزێت.

هه‌ڵبه‌ته‌ هیچ كاروانێك به‌بێ بوونى ژن وجێده‌ستى ژن به‌رده‌وام نابێت وناگاته‌ ئامانج، له‌بووارى كارى رۆژنامه‌نووسیش هه‌روایه‌ به‌وپێیه‌ى دیدى ژن له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م فه‌زایه‌دا پێویستییه‌كى هه‌نوكه‌ییه‌ بۆ هاتنه‌كایه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌زۆرێك له‌بوواره‌كانى ژیانى رۆژانه‌دا ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بووارى ته‌واویان بۆ بڕه‌خسێنرێت بۆ به‌گرخستنى ته‌واوى تواناكانیان دوور له‌هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێك به‌ئاراسته‌ى شكاندنى خامه‌و كه‌سایه‌تییان له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ڕاى جیاواز وئازادى راده‌ربڕین كه‌هه‌ریه‌ك له‌و دوو ده‌سته‌واژه‌یه‌ زۆرترین رۆڵیان گێراوه‌ له‌دوورخستنه‌وه‌ى زۆرێك له‌و ژنانه‌ى ساڵانێكى زۆر له‌م بوواره‌دا خاوه‌نى ووشه‌و خامه‌ى به‌هێزى خۆیان بوون به‌ڵام، وون بوون ونه‌یانتوانى به‌رده‌وامى به‌بوون وپێگه‌ى خۆیان بده‌ن چونكه‌، كه‌سایه‌تى وخامه‌ى به‌هێزى ئه‌وان له‌دواجاردا زه‌نگێكى مه‌ترسیدار بوو، بۆ سه‌رپێگه‌و ده‌سه‌ڵاتى زۆرێك له‌كه‌سانى ده‌ست رۆشتووى نێو ده‌زگا رۆژنامه‌وانى ومیدیاییه‌كان كه‌ته‌نها ئامانجیان خزمه‌تكردنه به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆیان له‌ژێر ناونیشانى كارو پیشه‌ى رۆژنامه‌نووسى... بێگومان ده‌ستخستنه‌ سه‌ر ئازاره‌كانى ژنانى رۆژنامه‌نووس به‌لاى هه‌ندێك ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ى قه‌وانێك وابێت كه‌جارو بار دووباره‌ لێدانه‌وه‌ى پێویسته بۆ پاراستنى له‌ ته‌له‌ف وتێكچوون به‌ڵام، به‌لاى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌له‌ناخى ئه‌و ئازارانه‌دا ژیاون وده‌ژێن ده‌شێت ئه‌و بابه‌ته‌ بێت كه‌بخوازێت هه‌موو كات هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و لایه‌ن وده‌زگایانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌پاراستنى مافه‌كانى رۆژنامه‌نووسان چونكه‌ له‌دواجاردا ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌كه‌سایه‌تى وشكۆ وهه‌روه‌ها كه‌رامه‌تى مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ وهه‌ر ده‌ستبردنێكیش بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كرێت ته‌واوى بنه‌ما وپره‌نسیپه‌كانى كارى رۆژنامه‌نووسى بخاته‌ ژێر گومانه‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌ى باس دێته‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقییه‌كانى كارى رۆژنامه نووسى، لێره‌شه‌وه‌ جێگاى خۆیه‌تى بپرسین كێ كه‌رامه‌تى ژنانى رۆژنامه‌نووس ده‌پارێزێت له‌هه‌موو ئه‌و پێشیلكارانه‌ى روبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌ له‌ناو ده‌زگا رۆژنامه‌نووسى ومیدیاییه‌كان، له‌سه‌ر ده‌ستى به‌شێك له‌پیاوانى به‌ڕوواله‌ت ژن دۆست ورۆشن فكر؟.

زۆرن ئه‌و ژنه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ى ساڵانێكى زۆره‌ هاوار ده‌كه‌ن وهاواره‌كانیان نابیسترێت.. به‌ڵى، نابیسترێت چۆنكه‌ له‌نێوان هاوارى ئه‌وان وهاتنه‌كایه‌وه‌ى عه‌داله‌تدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌دواجاردا بریارده‌رن.. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه نه‌عاتیفه‌یه‌كى زیاد له‌پێویستى له‌خۆده‌گرێت، ونه‌ش لادانه‌ به‌ئاراسته‌ى شێواندنى راستییه‌كان به‌ڵكو، ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌زه‌قى له‌ ئێستادا، له‌ناو زۆرێك له‌ده‌زگا میدیاى ورۆژنامه‌نووسیكاندا هه‌ستى پێده‌كرێت وئاسه‌واره‌ نه‌رینییه‌كانیشى بۆ سه‌ر لایه‌نى ده‌روونى وكه‌سایه‌تى ژنان له‌به‌رچاونه‌گیراوه‌ به‌پێ پێویست به‌شێوازێك كه‌ببێته‌ دووباره‌ گه‌راندنه‌وه‌ى متمانه‌ به‌خوود وهه‌روه‌ها به‌زه‌رووره‌تى بره‌وادن وبه‌رده‌وام بوون به‌پیشه‌و كارى رۆژنامه‌وانى بۆ زۆرێك له‌و ژنانه‌ى رۆژانێك به‌ركه‌وتووى ئاسه‌ۆَاره‌كانى ئه‌و پێشیلكاریانه‌ بوون... بۆیه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ساڵ رۆژى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى ئه‌و ده‌مه‌ پێرۆزتر وكاریگه‌رتر ده‌بێت كه‌هه‌مووان له‌سایه‌ی دا ماف وكه‌رامه‌تیان پارێزراو بێت، یاسا رۆژنامه‌وانییه‌كانیش له‌ئاستى هه‌موو ئه‌و پیشلكارییانه‌ هاوشێوه‌ى تیرى دووجه‌مسه‌ر وابن بۆ به‌سزا گه‌یاندنى بزنسمانه‌كانى نێو زۆرێك له‌ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌كان.

ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:06:48:29/04/2019


زۆرترین خوێندراو