دیدى فیمینستى وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ژن له‌میدیا


دۆخى ژن له‌میدیاى كوردى، ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌هه‌موو سالێك ته‌نها دووجار، له‌دوو بۆنه‌ى جیهانی گه‌وره‌دا زۆرترین قسه‌وباسى له‌سه‌ر ده‌كرێت ( 8ى مارس، 25 نۆفه‌مبه‌ر).. ڕوونتر، رۆژى جیهانى ژنان ورۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ژنان به‌ڵام، له‌ئه‌رزى واقیع، له‌ڕووانگه‌ى ئه‌و دۆخه‌ى كه‌به‌رۆكى به‌ژنانى میدیاكارو رۆژنامه‌نووس گرتووه‌ كێشه‌كان هه‌ر هه‌مان كێشه‌ن كه‌ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ریش ته‌نها له‌چوارچێوه‌ى كۆرو سیمیناره‌كاندا كاریگه‌رییه‌كى ڕووكه‌شیان ده‌بێت، وله‌ئه‌گه‌رى گه‌شتنیشیان به‌ناوه‌نده‌ باڵاكانى بریاردان كارى جدیان له‌سه‌ر ناكرێت چونكه‌ ئه‌وانه‌ش له‌پێگه‌ باڵاكانى بریارداندان هه‌ر خودى پیاوان خۆیانن، وبه‌دیدى پیاوانه‌ش خوێندنه‌وه‌ بۆ خواست ودنیابینینى ژنان ده‌كه‌ن.. ده‌خوازێت ئێمه‌ى ژنانیش به‌دیدێكى ته‌واو ژنانه‌وه‌ په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر گرفت ونه‌هامه‌تییه‌كان، شێوازه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیشیان له‌ڕووانگه‌ى دنیابینینى خۆمانه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو.

ئاشكرایه‌ كاركردنى ژنان له‌فه‌زایى كارى میدیایى له‌هه‌رێمى كوردستان، له‌ژینگه‌یه‌ك كه‌پراوپڕه‌ له‌ململانى وهاوكێشه‌ى ئالۆزى سیاسى، كۆمه‌لایه‌تى، كه‌لتوورى وهه‌روه‌ها له‌سه‌رۆى هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ بوونى ململانێى وگه‌شه‌دان به‌سه‌پاندنى لۆژیكى ده‌سه‌ڵات له‌نێو میدیاكان خۆیانه‌وه‌ كاریگه‌ریى نه‌رێنى زۆر مه‌ترسیداریان له‌سه‌ر تواناو ئه‌داى ژن دروستكردووه‌ له‌ناوه‌ندى زۆرێك له‌ده‌زگا میدیاییه‌كانداو هاوكات، خه‌باتى ژنانى رۆژنامه‌نووس ومیدیاكاریشیان ڕووبه‌رووى كۆمه‌لێك ئاسته‌نگى وگرفتى گه‌وره‌ كردۆته‌وه‌ كه‌سه‌رجه‌مى ئه‌وانه‌ش پێویستییان به‌پلانێكى درێژخایه‌نه‌ بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌و پاراستنى زۆرێك له‌و ژنانه‌ى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و فه‌زایه‌دا ساڵانێكى زۆره‌ خه‌بات ده‌كه‌ن، له‌پاى ئه‌و خه‌بات وماندووبوونه‌شیان ته‌نها به‌نه‌هامه‌تى وگرفتى زیاتر پاداشت كراونه‌ته‌وه‌ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ى نه‌بوونى ستراتیژێك كه‌ماف و ده‌نگ وپێگه‌یان له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كاندا به‌ئاراسته‌یه‌كى باشتردا زامن بكات.

له‌هه‌رێمى كوردستان سه‌رجه‌مى گرفته‌كانى ژنانى میدیاكار كه‌ساڵانێكى زۆره‌ له‌هه‌مان چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌ به‌بێ گه‌شتن به‌چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى یه‌كلاكره‌وه‌ بۆ كۆتاهێنان به‌نه‌هامه‌تییه‌كانیان ئه‌گه‌ر به‌ووردى شیكردنه‌وه‌ى بۆ بكه‌ین زۆر به‌ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رجه‌میان له‌ئه‌نجامى نه‌بوونى هاوسه‌نگى جینده‌رى، باڵاده‌ستى پیاوانه‌ له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كان به‌شێوازێك كه‌به‌شى هه‌ره‌زۆرى جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانى میدیا له‌ژووره‌كانى هه‌واڵ، بریاردان وهیكه‌لییه‌تى ئیداریى له‌ژێر كۆنترۆڵى پیاوانن، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هیچ بوارێكى فیعلى بۆ پێگه‌و ده‌نگى راسته‌قینه‌ى ژن بوونى نه‌بێت یاخوود ئه‌گه‌ر هه‌شبێت شێوازێكى ڕووكه‌شی بێت، له‌بنه‌ره‌تیشدا به‌شى هه‌ره‌ زۆرى میدیاكان به‌ستراتیژو تێروانینى پیاوانه‌ دارێژراون وخودى ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى ته‌واوى هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر زۆرێك میدیاكان ( بینراو، بیستراو ومیدیایى ئه‌لكترونی )، له‌ڕووى چۆنییه‌تى تێگه‌شتن ورۆماڵكردنیان بۆ پرسه‌كانى ژنان به‌گشتى وهه‌روه‌ها چۆنییه‌تى هه‌نگاونانیش بۆ پێگه‌یاندنى زیاترى ژنانى میدیاكار ورۆژنامه‌نووس له‌ڕووى ئه‌داو توانا وبه‌شداری پێكردنیان له‌پایه‌ باڵاكانى بریارى میدیایى به‌ئاراسته‌ى هاتنه‌كایه‌وه‌ى میدیایه‌ك كه‌ستراتیژى ژن تێدا ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت .. بیگومان لێره‌شه‌وه‌ كه‌باس دێته‌ سه‌ر باڵاده‌ستى پیاوان ناكرێت به‌شێوازێكى ڕه‌ها قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین به‌ڵكو، مه‌به‌ست لێره‌دا زۆرینه‌یه‌ كه‌دروسته‌ بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ راستى ئه‌م بۆچوونه‌، ئیدى ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ ناهاوسه‌نگ ونالۆژیكیه‌ش خۆى له‌خۆیدا بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌یان كێشه‌و گرفتى ئاڵۆز له‌به‌رده‌م پێشخستن وده‌ركه‌وتنى زیاترى ئایدیاو دنیابینى ژن له‌دنیاى كارى میدیاییدا هه‌ر له‌به‌كه‌م سه‌یركردنى ئه‌داو تواناى ژنان تاوه‌كو ده‌گاته‌ ڕاده‌ى ته‌شهیر، سووكایه‌تیپێكردن، توانج لێدان وجۆره‌ها گێچه‌ڵى جۆراوجۆریش به‌بێ بوونى هیچ جۆره‌ لێپیچینه‌وه‌و سزادانێك كه‌ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتایپێهێنانى زۆرێك له‌و نه‌هامه‌تییانه‌.. بۆیه‌ جیگاى خۆیه‌تى دووباره‌ بپرسین كه‌ى، كێن ئه‌وانه‌ى ده‌توانن دۆخى ژن له‌م هاوكێشه‌ ئالۆزه‌دا به‌ئاراسته‌یه‌كى باشتردا ببه‌ن، ببنه‌ چه‌قى گۆرانكارییه‌ ریشه‌ییه‌كان بۆ به‌هێزبوونى زیاترى ده‌نگ و پێگه‌ى ژن له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كاندا ؟.

ئه‌مرۆ ئه‌وه‌ى پێویسته‌ ژنانى میدیاكار كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌نگاوه‌كانیشیان له‌چوارچێوه‌یدا چڕتر بكه‌نه‌وه‌ بوونى دیدێكى فیمینزمیانه‌ى راسته‌قینه‌و كاریگه‌ره‌ به‌ئاراسته‌ى هه‌ڵكیشانى ره‌گى بیرى پیاوسالارى وئه‌و ئایدیا پیاوانانه‌ى تواناكانى ژنان له‌چوارچێوه‌ داخراوه‌كاندا قه‌تیس ده‌كه‌ن به‌لێ، قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسى ژن، باشتركردنى دۆخى ژن له‌ڕووى كارى میدییاییه‌و، هه‌روه‌ها چۆنییه‌تى ره‌نگدانه‌وه‌ى زیاترى دیدى ژنان له‌ناو كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان  پێویسته‌ بدرێته‌وه‌ ده‌ستى ژنان خۆیان، هاوكات زۆریش پێویسته‌ چاكسازی له‌م بواره‌دا پێش هه‌ر لایه‌نیكى تر له‌ناو خودى ده‌زگا میدییاكانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن كه‌پڕاوپڕن له‌پیاوانێك هێشتا تێگه‌شتنیان بۆ مه‌سه‌له‌ى ژن تێگه‌شتنێكى دروست و بونیاتنراو نییه‌ له‌سه‌ر قه‌ناعه‌تى ته‌واو به‌زه‌روورییه‌تى بوونى ده‌نگى ژن له‌گۆرینى هاوكێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى، فه‌رهه‌نگى وكه‌لتووى وته‌نانه‌ت هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانیش كه‌هه‌موو ئه‌وه‌ش له‌راستیدا جگه‌ له‌كاره‌سات ناكرێت له‌ژێر هیچ ناونیشانێكى تردا پێناسه‌یان بكه‌ین.. كاره‌سات بۆ میدیا، پێگه‌ى ژن له‌میدیا وهه‌روه‌ها بۆ سه‌ر خێزان وكۆمه‌ڵگاش.. به‌ڵى، ئیدى كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ژنانیش خاوه‌ن فۆرم وناسنامه‌و ده‌نگى راسته‌قینه‌ى خۆیان بن له‌دنیاى كارى رۆژنامه‌گه‌رییدا وببنه‌ سه‌رمه‌شق بۆ ئه‌و گۆرانكارییانه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانى پیشه‌یى خۆیان.. میدیایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى كاریگه‌ر ناكرێت ده‌نگ وجێده‌ستى فیعلى ژن تێدا ره‌نگدانه‌وه‌ى نه‌بێت، وهاوكات هه‌رگیز ناشتوانێت ببێه‌ته‌ سه‌رمه‌شق بۆهاتنه‌كایه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگایه‌كى ژن دۆست ئه‌و ده‌مه‌ى به‌
ستراتیژو تێروانینى پیاوانه‌ زاخاو بدرێت بۆیه‌، هه‌ڵگیرسانێكى شۆرشێكى فیمینزمانه‌ى ژنانه‌ له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كاندا وه‌كو هه‌نگاوى یه‌كه‌م، له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا چاره‌سه‌رێكى زۆر پێویسته‌ بۆ كۆتایهێنان به‌زۆرێك له‌و گێچه‌ڵ ونه‌هامه‌تی وئاسته‌نگیانه‌ى ژنانى رۆژنامه‌نووس ومیدیاكارى كردۆته‌ ئامانج .


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:04:22/03/2019


زۆرترین خوێندراو